ترەمپ، بە فەرمی بەربژێری جێگری سەرۆکیشی دەستنیشان کرد

ليست هناك تعليقات


لە یەکەم رۆژی کۆنگرەی نیشتمانیی کۆمارییەکاندا، دۆناڵد ترەمپ، بە فەرمی و بە زۆرینەی دەنگ بووە بەربژێری ئەو پارتە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و دواتریش ترەمپ سیناتۆری ویلایەتی ئۆهایۆ، جەیمس ڤانس-ی وەکو جێگری داهاتووتی خۆی دیاریکرد.

بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، ترەمپ ئەو 1215 دەنگەی نوێنەرانی ویلایەتەکانی ئەمریکای بەدەست هێنا، کە پێویست بوو بۆ بوون بە بەربژێری پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا؛ بڕیارە لە 5ی نۆڤێمبەری ئەم ساڵ هەڵبژاردنەکە بەڕێوەبچێت.

دواتر ترەمپ، جەیمس ڤانس، سیناتۆری ئۆهایۆی تەمەن 39 ساڵی وەکو بەربژێری جێگری خۆی دەستنیشانکرد.

ئەو سیناتۆرە لە رابردوودا، بە یەکێک لە نەیارە سەرسەختەکانی ترەمپ ناسرابوو، بەڵام ئێستا بە یەکێک لە کەسە نزیکەکانی دەناسرێت.

میدیای ئەمریکا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، دەستنیشانکردنی ڤانس دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نوێنەری ویلایەتی ئۆهایۆیە، ئەو ویلایەتەش بە یەكێک لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکان دادەنرێت و جەیمس ڤانسیش لایەنگرێکی زۆری لەو ویلایەتە هەیە.

بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، راوێژکارەکانی ترەمپ داوایان لێکردووە کەسێکی رەشپێست، یانیش ژنێک هەڵبژێرێت بۆ ئەو پۆستە، بەڵام ترەمپ بڕیاریداوە ڤانس دیاری بکات.

ڤانس بە کەسێکی تووند بەرامبەر بە دیموکراتەکان ناسراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زۆربەی کات هێرش دەکاتە سەر سیاسەتەکانی ئیدارەی بایدن.

لەدوای هەوڵی کوشتنی ترەمپ لە 13ی ئەم مانگە، ڤانس لە ئێکسێکدا رایگەیاند، "بایدن راستەوخۆ بەرپرسیارە لە هێرشکردنە سەر سەرۆک ترەمپ، بەهۆی ئەو ‌هێرش و تۆمەتانەی ئاراستەی بەربژێری کۆمارییەکانیان کردووە."

ڤانس لە بنەماڵەیەکی هەژار دا لە باشووری ویلایەتی ئۆهایۆ لەدایکبووە و گەورە بووە. لە ساڵی 2016 ناوبانگی دەرکرد، دوای ئەوەی کتێبێکی لەسەر ژیانی خۆی نووسی و باس لە نەهامەتییەکانی ژیانی ناوچە دوورەدەستەکانی ئەمریکا دەکات، کە چۆن پشتگوێ خراوە و ئەم دۆخە خراپەش وایکردووە هەمووان پشتگریی ترەمپ بکەن.

لەسەرەتادا ڤانس رەخنەگرێکی گەورەی ترەمپ بووە و لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016، ڤانس ترەمپی بە "گەمژە" و "هیتلەری ئەمریکا" ناوبردووە.

بەڵام لەگەڵ چوونە ناو سیاسەت و بوونە سیناتۆری کۆمارییەکان، بۆچوونی ڤانس دەگۆڕدرێت و دەبێتە یەکێکە لە کەسە نزیکەکانی ترەمپ.

ڤانس، ماوەیەکیش لە سوپای ئەمریکا خزمەتی کردووە و دواتر بە زەمالە لە زانکۆی یەڵ بەشی یاسای تەواو کردووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif