فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، بەشێوەیەکی فەرمی ئەمڕۆ چوارشەممە بڕیاری کردنەوەی کەمپێکی راهێنانی بۆ هەڵبژاردەی عێراق لە شاری دەوحە دا، وەک ئامادەکارییەک بۆ یارییەکانی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026.
راهێنانەکانی هەڵبژاردەی عێراق لە شاری دەوحە رۆژی 25ـی ئەم مانگە دەستپێدەکەن و چاوەڕواندەکرێت مانگێک بخایەنێن، سەرجەم ئەستێرەکانی ناوخۆی عێراق و پیشەگەرەکان بانگهێشتی راهێنانەکان دەکرێن و ئامانجی سەرەکی خیسۆس کاساسی راهێنەری هەڵبژاردەکە بەهێزکردنی ریزەکانی تیپەکەیە.
غالب زاملی، ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، رایگەیاند "ئامانجی سەرەکیمان لەو کەمپەدا ئامادەکارییەکی چڕوپڕی هەڵبژاردەکەمانە بەپێی ئەو پلانەی کاساس پێشکەشی کردووین، لە شاری دەوحە چەند یارییەکی دۆستانەی ئامادەکاریش ئەنجامدەدەین".
هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026ـدا کۆمەڵەی دووەمی قۆناخی کۆتاییدا یاری لەگەڵ هەڵبژاردەکانی کوێت، عومان، کۆریای باشوور، ئوردن لەگەڵ فەڵەستین دەکات، خاوەن پلەی یەکەم و دووەمی کۆمەڵەکان راستەوخۆ دەگەنە مۆندیال.
ئەوەی جێگای دڵخۆشییە بۆ هەڵبژاردەی عێراق و هاندەرانی یاریکردنی تیپەکەیە لەنێو یاریگەی خۆیدا، یارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق لەنێو یاریگەی بەسرەی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچن، ئەو یاریگەیەی هەڵبژاردەکە نازناوی جامی کەنداوی 25ـی تێدا بەرزکردەوە و لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالیش هیچ یارییەکی تێدا نەدۆڕاندووە.
زاملی زیاتر روونیکردەوە "دەمانەوێت ئاست و ئەنجامێکی دڵخۆشکەرمان هەبێت و بتوانین خەونی لەمێژینەی هاندەرانمان بە گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیال بکەینە راستی".
هەڵبژاردەی عێراق لە یەکەم یارییدا لە قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 رۆژی 5ـی مانگی نۆی ئەمساڵ میوانداری هەڵبژاردەی عوممان دەکات.
خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، هێشتا دوایین پێکهاتەی یاریزانانی تیپەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام چاوەڕواندەکرێت هەریەک لە یوسف ئەمین، ئوسامە رەشید، ئاکام هاشم لەگەڵ بڵند ئازاد ئەستێرە کوردەکانی ریزی هەڵبژاردەی عێراق بن.
هەڵبژاردەی عێراق لە مێژووی خۆیدا تەنیا یەکجار بەشداری یارییەکانی مۆندیالی کردووە، کە لە 1986 بوو لە مەکسیک، عێراق تاکە گۆڵێکی لە یارییەکانی مۆندیال هەیە، کە لە لایەن ئەحمەد رازی ئەفسانەی کۆچکردووی عێراق تۆمارکراوە.
لەلایەکی دیکەوە وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق، بەشێوەیەکی فەرمی داوای بەرنامە و پلانێکی تۆکمەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی عێراقی کردووە، کە راستەوخۆ بەپاڵپشتییەکی بەهێزی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق