تورکیا و سووریا خەریکی شکاندنی بەستەڵەکەکانی نێوانیانن

ليست هناك تعليقات



تورکیا و سووریا خەریکی شکاندنی بەستەڵەکەکانی نێوانیانن؛ بەستەڵەکێک کە ساڵانێکە بەردەوام گەورە دەبێت و پێناچێت بە سانایی و بێ بەربەست بشکێت. ئۆپۆزسیۆنی سووریای هاوپەیمانیی ئەنقەرە، یەکێکە لە گرێکوێرەکانی نێوانیان.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێ "دەمەوێ ئەوە بڵێم ئێمە هەڵوێستمان بێ هۆکار بەرامبەر هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ناگۆڕین. لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و پەکەکەدا لە عەفرین، تەل ئەبیەز، رەئسولعەین چەندین ساڵ پێکەوە شان بەشان دژی تیرۆر و داگیرکاران جەنگاین. ئەوان ئازادن لەگەڵ رژێمی سووریا چۆن و چ بڕیارێک دەدەن و چۆن دانوستاندن دەکەن. ئەوە بابەتێکە پەیوەندیی بەخۆیانەوە هەیە، ئێمەش رۆڵێکی ئەرێنی دەگێڕین. دووپاتی دەکەمەوە ئێمە لە نیوەی رێگەدا بەتەنیا جێیان ناهێڵین و فیداکارییەکانیشیان لەیاد ناکەین."

دوای زیاتر لە 13 ساڵ پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان، لە مانگی رابردووەوە پرسی گرێدانەوەی پەیوەندییەکانیان گەرم بووەتەوە و، کاردانەوەی تووندی لە ناوچەکانی ئۆپۆزسیۆن لە باکووری سووریای لێکەوتووەتەوە.

ژمارەیەک لە خەڵکی تووڕەی حەلەبی ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، لە سەرەتای ئەم مانگەدا (2-7-2024)، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەون کاتێک تەرمی خۆپیشاندەرێک بە خاك دەسپێرن، کە رۆژێک بەر لەوە، لە خۆپیشاندانێكی ناوچەی سنووریی دژ بە سوپای تورکیا، بە گولـلەی ئەو سوپایە کوژرا.

ئەوان بەشێکن لە نزیکەی 5 ملیۆن دانیشتووی ئەو ناوچانەی دژی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشقن و بە دەستپێکی گەڕانەوەی سوپای سووریا و دەسەڵاتی ئەسەد بۆ ناوچەکانیانی دەبینن، کە نزیکەی 8 ساڵە بە هاوکاریی سوپای تورکیا، لە ژێر کۆنترۆڵیاندان.

ئەحمەد حەلاق، هاووڵاتی سووریا دەڵێ "رووبەڕووبوونەوەکان لە دوای لێدوانی وەزیری دەرەوەی تورکیا روویاندا کە تێیدا باسی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ رژێمی ئەسەد و کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانی کرد."

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەگەری کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆکی تورکیا و سووریا؛ لە 11ـی ئەم مانگەدا ئەردۆغان گوتی بە ئەسەدی راگەیاندووە سەردانی تورکیا بکات، یان لە وڵاتی سێیەم کۆببنەوە؛ بەڵام بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا بۆچوونێكی دیکەی هەیە.

ئەسەد لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان دەپرسێت "بنەمای ئەو چاوپێکەوتنە چییە؟ئایا کۆتاییهێنانە بە هۆکاری کێشەکە؟ کۆبوونەوەکان بۆ کۆتاییهێنان دەبێت بە پشتگیریکردنی تیرۆر و کشانەوەی سوپایان لە خاکی سووریا، ئەوە کرۆکی کێشەکەیە، ئەگەر کۆبوونەوەکان ئەو بابەتەیان تێدا نەبێت، کۆبوونەوە بۆ چییە؟"

نزیکەی 25٪ـی رووبەری سووریا لەژێر دەستی رێڤەبەریی خۆسەرە و نزیکبوونەوەی دیمەشق و ئەنقەرە بە قووڵترکردنی قەیرانەکە دەبینن.

فەرید عەتێ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی دیموکراتی گەلان/ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەڵێ "بەڵێ ئەو نزیکبوونەوەیە کاریگەری لەسەر چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا دەبێت، چونکە تەنیا بە سوودی هەردوو دەسەڵاتی سووریا و تورکیایە، کێشەی سووریا تەنیا لە لایەن خودی سوورییەکانەوە چارەسەر دەکرێت، بەبێ دەستوەردانی دەرەکی، تورکیا هەوڵدەدات کێشە ناوخۆییەکانی هەناردەی سووریا بکات."

جگە لە تورکیا، وڵاتانی ئەمریکا، رووسیا و ئێران بە چڕی تێکەڵ بە هاوکێشەی سووریا بوون و بەرژەوەندییەکانیان هێندە لە یەکەوە دوورن، کە وا دەکات ئەگەری لێکترازان لە نزیکبوونەوە زیاتر بێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif