ماکس لوکس: ئەندامی پەرلەمانم و نەمدیوە لە پەرلەمانەکەماندا هیچ یاسایەك شاراوەیی دەربچێت

ليست هناك تعليقات



ماکس لوکس، ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئامانجی سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە "رێگە نادەین هاوپەیمانەکانمان لەم هەرێمەدا تەنیا بن، لەگەڵ ئەم هەرێمە و حکومەتەکەی و کۆمەڵگەکەیدا پێکەوە بەردەوام دەبین لە کارکردن." هەروەها گوتی، "دەمانەوێت هەندێک جووڵەش لە حکومەتی ئێرەوە ببینین، وەکو بەهێزکردنی میدیا و ئازادیی رۆژنامەڤانی، بۆ باشتربوونی دۆخی مافەکانی مرۆڤ."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا رۆژی 13ی تەممووزی 2024 لە هەڤپەیڤینێکدا لە هەولێر لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەدایە پەرلەمانی ئەڵمانیا ماوەی مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە هەرێمی کوردستان و عێراق درێژ بکاتەوە.

ماکس لوکس دەڵێت، ئەو دژی ناردنەوەی پەناخوازانی کوردی ئێزدییە لە ئەڵمانیاوە و هەوڵ دەدەن یاسایەکی تایبەت بۆ پەناخوازانی کوردی ئێزدی دەربکەن، "ئەوە بەرپرسیارێتیی وەزیری ناوخۆمانە؛ بەرپرسیارێتیی نانسی فەیزەری ئەندامی حیزبی سۆسیال دیموکراتە. دەبێت بەڕاستی هەنگاو بۆ راگرتنی ئەمە بنێت."

لوکس کە سەرۆکی گرووپی پەرلەمانی ئەڵمانیا – تورکیایە دەڵێت، کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەر نەکراوە و دەبێت ئاشتی لە تورکیا بەدی بهێندرێت و دیموکراسی بەهێز بکرێت، "بڕوام وایە دیموکراسیی تورکیا پێویستی بە دەستپێکێکی نوێی پڕۆسەی ئاشتییە. بەبێ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسی کورد و بەبێ دەستکردنەوە بە پرۆسەی ئاشتی، ئاشتی لە تورکیا و ناوچەکەیشدا بەدی نایەت."

رووداو: ماکس بە خێربێیت. خۆشحاڵم کە دیسانەوە گفتوگۆ دەکەین.

ماکس لوکس: سوپاس. خۆشحاڵم جارێکی دیکە دەتبینمەوە.

رووداو: منیش خۆشحاڵم بە بینینت. وەک پێم گوتیت، تۆ گەنجتر دەردەکەویت.

ماکس لوکس: سوپاس.

رووداو: تۆ بەشێکیت لە شاندەکە. دەمەوێت بزانم ئامانجی شاندەکە چییە؟

ماکس لوکس: ئامانجی شاندەکە ئەوەیە پیشانی بدەین کە ئێمە رێگە نادەین هاوپەیمانەکانمان لەم هەرێمەدا تەنیابن و لەگەڵ ئەم هەرێمە و حکومەتەکەی و کۆمەڵگەکەیدا پێکەوە بەردەوام دەبین لە کارکردن. بایەخی زۆریش بەو بابەتە تایبەتانە دەدەین کە لە دڵمانەوە نزیکن، وەک ئەوەی کە 10 ساڵ دوای جینۆسایدی ئێزدییەکان ئێمە داکۆکییان لێدەکەین.

رووداو: تائێستا چەند رۆژە لێرەیت؟ پێم وابێت دوو رۆژە.

ماکس لوکس: دوێنێ گەیشتین.

رووداو: ئەها، دوێنێ گەیشتن. کەواتە ئەمڕۆ دووەم رۆژە و دیداری زۆرتان هەبوو. بۆیە دەمەوێت بزانم تاوەکو ئێستا ئەنجامەکەی چۆن بووە؟

ماکس لوکس: ئەنجامەکەی ئەوەیە کە هەمووان دەیانەوێت پەیوەندیی ئەڵمانیا بەردەوام بێت. ئێمەیش دەمانەوێت پەیوەندییەکەمان لە چەند بوارێکدا بەردەوام بێت. بە لای خۆمەوە زۆر گرنگە کە ئێمە بە هەبوونی سەربازییەوە لێرە لە هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکەمان بەردەوام بین. گرنگە پشتیوانیی هاوپەیمانەکانمان بکەین و پێشمەرگە فێربکەین و پاڵنەری چاکسازیی هێزەکانی پێشمەرگە بین. بەڵام ئێمە دەمانەوێت هەندێک جووڵەش لە حکومەتی ئێرەوە ببینین، وەک بەهێزکردنی میدیاکان و ئازادیی رۆژنامەڤانی، بۆ باشتربوونی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لەم هەرێمەدا و هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ شنگال تاوەکو خەڵکی ئێزدی بتوانن بگەڕێنەوە.

رووداو: باسی مافەکانی مرۆڤت کرد و دەزانم ئەمە یەکێکە لەو بابەتانەی ئەم شاندە سەرنجی دەخاتە سەر. هەڵسەنگاندنی تۆ چییە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دیدارانەی کە ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ حیزبە جیاوازەکاندا کردووتانن و رەنگە سبەینێیش چاوتان بە میدیا و رێکخراوە ناحکومییەکان بکەوێت؟ دۆخی مافەکانی مرۆڤ چۆن دەبینیت؟

ماکس لوکس: سەرەتا، دەمەوێت بڵێم ئێمە لە چاو تەواوی عێراق لەم هەرێمەدا دۆخێکی باشتری مافەکانی مرۆڤ دەبینین. ئەوەش نیشانەیەکی باشە. بەڵام دەمانەوێت ببینین کە رۆژنامەڤانانیش بتوانن ئازادانە کاربکەن و دەمانەوێت هەڵبژاردنی ئازادانە ببینین. ئینجا مافی مرۆڤ دەستڕاگەیشتن بە ژێرخانی ئابووری لەخۆدەگرێت، وەک تەندروستی و کار. دەمانەوێت دەرفەتەکان ببینین، بەتایبەتی بۆ گەنجانی ئەم هەرێمە تاوەکو ژیانێکی باش و شکۆمەندانەیان هەبێت.

رووداو: ئێوە سەردانەکانتان تەنیا لەناو هەرێمی کوردستان دەبێت یان پلانی شوێنی دیکەتان هەیە کە بۆی بچن؟

ماکس لوکس: لە نێوەڕاستی عێراق سەردانی هەندێک ناوچەی دیکە دەکەین.

رووداو: لە نێوەڕاستی عێراق! کەواتە سەرنجەکە تەنیا لەسەر هەرێمی کوردستان نییە؟

ماکس لوکس: سەرنجی کەسیی خۆم ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بۆ من زۆر گرنگە کە لێرەبم و پیشانی هەرێمەکەی بدەم کە ئێمە بە تەنیا جێتان ناهێڵین، بەڵام ئەگەر دەتەوێت لە شەڕی دژی داعش و ئازایەتیی شەڕ دژی داعش تێبگەیت کە پێشمەرگە کردی، ئەوا دەبێت بچیت بۆ ناوچەکانی نێوەڕاستی عێراق، چونکە زۆر لەو شەڕانە لەوێ روویان داوە.

رووداو: وایە. پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا بە جێگیری ماوەتەوە یان گەشەسەندنی نوێ لەم پەیوەندییەدا هەیە؟

ماکس لوکس: پەیوەندیی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان بەڕاستی پەیوەندییەکە لە دڵەوە. ئێمە لە ئەڵمانیا گەورەترین رەوەندی ئێزدیمان لە سەرانسەری جیهان دا هەیە. هەروەها یەکێک لە گەورەترین رەوەندە کوردییەکانمان لە جیهان دا هەیە. گەلێک پەیوەندیی کەسیمان هەیە. زۆر سیاسی هەن لێرە لە هەولێر کە لە ئەڵمانیا خوێندوویانە و هەوڵدەدەن لێرە سیاسەت بکەن و ببنە یاسادانەر. بۆیە زۆر لەم پەیوەندییانەمان هەن کە پەیوەندییەکەمان بەهێز دەکەن. هەروەها لە باسی بەرژەوەندییە مرۆییەکاندا دەبینین کە زۆر کەس لەم هەرێمەدا هەمان بەهاکانی ئێمەیان هەیە.

رووداو: ئێستا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەر بە پارتی سەوزە، پارتەکەی تۆ، دەمەوێت بزانم چیتان کردووە وەکو پارتی سەوز بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەرلین بدەن؟

ماکس لوکس: ئێمە لەم هەرێمەدا زۆر پەیوەندیی کۆنکرێتیمان هەن. لە هەموو بوارەکاندا پێکەوە کار دەکەین، وەک پەروەردە لە زانکۆی دهۆک کە لەوێ بۆ دەروونناسان پەروەردەیەکی باشمان هەیە. زۆر پڕۆژەمان هەن و پێکەوە کاردەکەین بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانی کەشوهەوا و دروستکردنی کاری نوێ. زۆر پڕۆژەمان هەن کە کۆمەڵگەی شارستانی لە خۆ دەگرن. هەروەها پڕۆژەمان هەن بۆ قوربانیانی دەستی داعش تاوەکو دیدگەیەکیان بدەینێ، وەک پڕۆژەی (گەڕانەوە بۆ ژیان). لە دهۆک زۆر کەمپی ئاوارە ناوخۆییەکانمان هەن.

رووداو: باسی ئێزدییەکانت کرد. پەرلەمانی ئەڵمانیا هێرشی ساڵی 2014ی بۆ سەر ئێزدییەکان بە جینۆساید ناساند و تۆ وەک خۆت رۆڵێکی زۆر گرنگت لە دەرکردنی ئەو یاسایەدا هەبوو. ئەڵمانیا چی دەکات بۆ ئێزدییەکان لە ئەڵمانیا و لە هەرێمی کوردستان؟

ماکس لوکس: لە ئەڵمانیا هەوڵدەدەین یارمەتیان بدەین بە گوێرەی فەرهەنگ و ئایینەکەیان بە شکۆ و ئازادییەوە بژین. هەروەها لە ئەڵمانیا هەوڵدەدەین یارمەتی گەنجانی ئێزدی بدەین بە جۆرێک لە جۆرەکان چاکسازی لە ئایینەکەیاندا بکەن کە ئافرەت بتوانێت ئازادبێت و ئازادانە هەڵبژێرن کە دەیانەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ کێ دا بکەن یان نا. لێرەیش لەم هەرێمەدا دەمانەوێت داکۆکی لە ئێزدییەکان بکەین، چونکە دەبینین کە زۆر لایەن و سیاسەتڤان لە هەرێمەکەدا ئێزدییەکان بۆ مەبەستی سیاسیی خۆیان و وەک ئامرازی یاری بەکاردەهێنن.. ئێمە گەورەترین رەوەندی ئێزدیشمان هەیە کە هاووڵاتی ئەڵمانیان، بۆیە ئەوە بابەتێکی نیشتمانییە بۆ ئێمە کە ئەوان پارێزراوبن و لەم هەرێمەدا داهاتوویان هەبێت. هەروەها دەمانەوێت لە ئەڵمانیاش داهاتوویان بۆ دابین بکەین. هەر بۆیە من بە تووندی دژی ناردنەوەیان دەوەستمەوە کە لەلایەن وەزیری ناوخۆمانەوە سەردەگرێت، نانسی فەیزەری، کە لە پارتی سۆشیال دیموکراتە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت داهاتووی راستەقینەی خەڵكی ئێزدی لێرە لە شنگال و لە هەر کوێیەک بن، ببینین. ئەوە بۆیە ئێمە بەرامبەر بە هەموو کەسێک داکۆکییان لێدەکەین کە دەبێت پابەندێتییەکانیان بەرامبەر بە رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکەن و دەبێت ئەوەی دەتوانن بیکەن و ئەوەی لە دەسەڵاتیاندایە بۆ هێنانە ئارای ئاشتی بیکەن.

رووداو: شنگال چۆن دەبینیت؟

ماکس لوکس: چۆن دەیبینم؟

رووداو: چۆنی دەبینیت؟ بە دڵنیاییەوە دەزانم کە ئاگاداری دۆخی شنگالیت و لە نزیکەوە چاودێریی دەکەیت.

ماکس لوکس: لە ئاستی کەسیی خۆم دا، دڵتەنگم کە دەبینم شنگال پارێزراو نییە و شنگال ئاوەدان نەکراوەتەوە و زۆر ئێزدی ناتوانن بگەڕێنەوە شنگال چونکە ژێرخان نییە و ئاسایش و ئاشتی نییە، تەنانەت هیچ ئاسۆیەک بۆ دۆزینەوەی کار و گوزەران نییە. مایەی دڵتەنگییە کە دەبینم ئێزدییەکان وەک قوربانیی ئەم جینۆسایدە کارەساتبارەی داعش بەسەریدا هێناون، هێشتا لە کەمپەکانی ئاوارە ناوخۆییەکاندا دەژین کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە چاودێری دەکرێن. ئەوە دەمهێنێتەوە سەر روانگە سیاسییەکەم کە نازانم چۆن حکومەتی عێراق دەتوانێت لەلایەکەوە رایبگەیێنێت کە دەیانەوێت کەمپی ئاوارە ناوخۆییەکان دابخەن لە کاتێکدا لەلایەکی دیکەوە پابەندییەکانیان بە رێککەوتننامەی شنگالەوە جێبەجێنەکردووە. دەمەوێت هەنگاوی راستەقینە ببینم بۆ ئەوەی رۆژێک بتوانین کەمپی ئاوارە ناوخۆییەکان دابخەین، بەڵام بە تێڕوانینێکەوە بۆ رزگاربووە ئێزدییەکان.

رووداو: لەبارەی رێککەوتننامەی شنگال و شکستی جێبەجێکردنیدا لەسەر زەوی، سەرکۆنەی کێ دەکەیت؟

ماکس لوکس: سەرکۆنەی کەس ناکەم، چونکە پێم وانییە سەرکۆنەکردن کەڵکی هەبێت، بەڵام دەزانم کێ بەرپرسیارێتی زۆری هەیە و کێ بەرپرسیارێتیی زۆری نییە. ئینجا زۆربەی بەرپرسیارێتیی ئەم رێککەوتنە لەسەر حکومەتی ناوەندیی عیراق و بەغدایە. هەندێک بەرپرسیارێتییش لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە. بێگومانیش ئاشتی لە شنگال نابێت تاوەکو ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا بەردەوام بێت لە دروستکردنی دۆخێکی ناجێگیر.

رووداو: باسی ئێزدییەکانت کرد کە لەلایەن حیزبەکانی عێراقەوە بەکاردەهێنرێن. ئەو نیگەرانییە لە عێراق و تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیش زۆر بڵاوە. ئایا تۆیش وەک ئەندامێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا کە سەرنجت لەسەر ئێزدییەکانە، لە ئەڵمانیا ئەو نیگەرانییەتان هەیە؟

ماکس لوکس: من ئەم نیگەرانییەم نییە، چونکە لە 2021ـەوە ئەندامی پەرلەمانم و نەمدیوە لە پەرلەمانەکەماندا هیچ یاسایەک بە نەناسراوی و شاراوەیی دەربچێت، بەڵکو داننان بە جینۆسایدی ئێزیدییەکاندا بە ئاشکرا لە پەرلەمانی ئەڵمانیا دەرچوو.

رووداو: من باسی عێراق دەکەم.

ماکس لوکس: بڕوا ناکەم ئەمە لە وڵاتی ئێمەدا یاریی حیزبەکان بێت.

رووداو: نا، نا، من باسی وڵاتی ئێوە ناکەم. باسی عێراق دەکەم کە ئێزدییەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان لەلایەن حیزبەکانەوە بەکارهێنراون. ئەم نیگەرانییە لە عێراق دا بڵاوە و زۆر کەس باسی دەکەن کە کۆمەڵگەی ئێزدی بەکارهێنراوە و بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆ ئامانجی سیاسی حیزبەکان یان کۆمەڵە نەژادییەکان سوودی لێ وەرگیردراوە. ئایا ئێوەش ئەو نیگەرانییەتان هەیە؟

ماکس لوکس: منیش ئەو نیگەرانییەم هەیە.

رووداو: هەر لە بارەی ئێزدییەکانەوە، وەک دەزانیت، زۆر عێراقی هەن کە نزیکەی 30 هەزار کەسن و پەناخوازن و لەلایەن دادگە جیاوازەکانی ئەڵمانیاوە داوای پەنابەرێتییان رەتکراوەتەوە و بەشێک لەو ژمارەیە ئیزدین، ئەوە چۆن دەبینیت؟

ماکس لوکس: کاتێک ئێمە بڕیاری داننانمان بە جینۆسایدی ئێزدییەکان دەرکرد، ئەوەمان روونکردووەتەوە کە ئێزدییەکان دەبێت رێگەیەکیان هەبێت بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی لە ئەڵمانیا. ئیستا کە دەبینین هەندێکیان بەڕاستی نێردراونەتەوە، ئەوە مشتومڕێکی سیاسی نییە. باسی منداڵی ئێزدی دەکەین کە لە ئەڵمانیا گەورە بووە و تەنیا زمانی ئەڵمانی دەزانێت، کەچی نێردراونەتەوە بۆ گوندێک و بۆ دۆخێک کە نایناسن و شوێنێکە کە باوانیان جینۆسایدیان تێدا بیردێتەوە. هەر لەبەر ئەوەیە کە من بە تەواوی دژی ناردنەوەی ئێزدییەکانم. ئەمە بەرپرسیارێتی وەزیری ناوخۆمانە، بەرپرسیارێتی نانسی فەیزەری ئەندامی حیزبی سۆشیال دیموکراتە. دەبێت بەڕاستی هەنگاو بۆ راگرتنی ئەمە بنێت. ئەو دەیەوێت ژمارەی نێردراوەکان زۆر و زۆرتر بکات، بەڵام لەکاتێکدا هەوڵدەدات ژمارەکە زۆرتر و زۆرتر بکات، ئەوە بەڕاستی بەر ئەو کەسانە دەکەوێت کە زۆر پێویستیان بەوەیە بیانپارێزین. ئینجا ئەمە بە لای منەوە مایەی قبووڵکردن نییە.

رووداو: لە ئەڵمانیا قسەمان لەگەڵ زۆر ئێزدی کردووە، ئەوان داوا لە حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا دەکەن لەبارەی کەیسەکەیانەوە دانوستاندن بکەن. ئێوە دەتوانن چییان بۆ بکەن؟

ماکس لوکس: هەوڵی ئێمە ئەوەیە کە حکومەتە فیدراڵییەکەمان و حکومەتە خۆجێیەکانمان قایل بکەین ئەو ناردنەوەیە بوەستێنن. ئەوە شتێکە دەبێت بیکەین، بەڵام شتی دیکەیش هەیە کە دەتوانین وەک ئەندامی پەرلەمان بیکەین. ئینجا ئەوەی لە کارکردن وەکو سیاسەتڤان فێری بووم ئەوەیە کە سیاسیبوون هەر ئەوە نییە پەنجە بۆ خەڵکی دیکە رابکێشین، شتی دیکە هەن کە دەتوانین وەک پەرلەمان بیکەین. ئێمە دەتوانین یاسای تایبەت بۆ ئەو ئێزدییانە دەربکەین کە لە ئەڵمانیا پەناخوازن و خەریکین هەوڵی ئەوە دەدەین و هیوادارین هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانییەکەماندا وەکو پارتی سۆشیال دیموکرات و پارتی لیبراڵ لە پەرلەمان دا بەوە قایل ببن.

رووداو: بەم زووانە و لە تشرینی یەکەمی داهاتوودا ئەو رێگەپێدانەی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەریکردووە بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت. ئایا ئێوە و فراکسیۆنی حیزبەکەتان لە پەرلەمان، سەوزەکان، پاڵپشتی درێژکردنەوەی ئەو رێگەپێدانە بۆ هێزەکانی ئەڵمانیا دەکەن؟

ماکس لوکس: با راشکاو بم. ئێمە بە تەواوی حەز دەکەین خۆمان و سەربازەکانمان لێرە لە کارەکەمان بەردەوام بین و بەڕاستییش دەمانەوێت لە کارەکە بەردەوام بین، چونکە کارەکەمان لێرە هەر زۆر واتادارە. ئێمە سەقامگیری بۆ ئەم هەرێمە دابین دەکەین. ئێمە دەتوانین پێکەوە کاربکەین و پێشمەرگە فێربکەین. وێڕای ئەوەیش، ئێمە وەک تەواوی جیهان دەبێت سوپاسگوزاری پێشمەرگە بین کە داعشیان بۆ هەموومان تێکشکاند. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا دەتوانین لێرە لە کارەکەمان بەردەوام بین؟ ئەوە تەنیا بە دەست ئێمە نییە، ئێمە پێویستیمان بە رێگەیەکە بۆ بەردەوامبوون لە کارەکەمان. هیوادارام بتوانین لێرە بە ئامادەیی سەربازییەوە لە کارەکەمان بەردەوام بین هەر وەک ئێستا، بەڵام هێشتا نازانین ئایا دەکرێت یان نا، بەهۆی دانوستاندنی نێوان بەغدا و ئەمریکا.

رووداو: ئێستا دانوستاندان لەنێوان بەغدا و ئەمریکادا هەیە لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق. ئەڵمانیا بەشێکی گرنگ و سەرەکیی ئەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەیە. ئایا ئەڵمانیا ئاگاداری نێوەڕۆکی ئەو دانوستاندنەیە؟

ماکس لوکس: ئەڵمانیا زۆر ئاگای لە گرنگیی ئەو دانوستاندنەیە، بەڵام ئاگای لە هەموو نێوەڕۆکەکەی نییە، چونکە ئەمە دانوستاندنێکە لەنێوان بەغدا و ئەمریکادا. بەڵام ئەڵمانیا زۆر ئاگای لەوەیە کە داوامان لە حکومەتی ناوەندیی عێراق کردووە کە بیکەن. داوامان لەم حکومەتە کردووە کە بەڕاستی بڕیارێک بدات لە بەرژەوەندی خۆیاندابێت تاوەکو ئەم ناوچەیە سەقامگیربێت، تاوەکو سەروەری بۆ ئەم ناوچەیە و هەموو وڵاتەکە دابین بکات و لەگەڵ هێزە سەربازییەکانماندا لێرە و لەنێو هاوپەیمانییەکەدا بەردەوام بێت.

رووداو: با پرسیارەکە بەم جۆرە بکەم: کەواتە مانەوەی ئێوە بەندە بە ئەنجامی ئەو دانوستاندنەی نێوان ئەمریکا و عێراقەوە کە ئایا هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق دەمێننەوە یان نا؟

ماکس لوکس: ئەوە بەندە بە یاسای نێودەوڵەتییەوە. جا لە روانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، ئێمە پێویستیمان بە بانگهێشتنامەی بەغدایە بۆ ئەوەی لێرە بین.

رووداو: ئەی هەڵسەنگاندنی خۆتان لەبارەی دۆخی عێراقەوە چی دەڵێت؟ ئایا پێتوایە دۆخی عێراق و ناوچەکە بۆ هەنگاوێکی وا بۆ کۆتاییهێنان بە رۆڵی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی گونجاو بێت؟

ماکس لوکس: بەڕاستی داوا لە حکومەتی ناوەندیی عێراق دەکەم کە نابێت کارەکانمان لێرە بوەستێنین، چونکە کارەکەمان بۆ شکستپێهێنانی داعش هەر زۆر گرنگە. ئاشکرایە کە باڵادەستیی هێزی سەربازیی داعش نەماوە، بەڵام هێشتا داعش مەترسییە بۆ سەر سەقامگیری لێرە لە ناوچەکە و هەرێمی کوردستان و تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەواوی عێراق. هەر بۆیە هەبوونی سەربازیی ئێمە بۆ عێراق و بۆ هەرێمی کوردستانیش زۆر گرنگە. دەزانم کە زۆر کەس لەم هەرێمەدا سوپاسگوزاری ئەوەن کە ئێمە پێشمەرگە فێردەکەین و پێکەوە کاردەکەین و پاڵنەری چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگەین. ئەوان دەیانەوێت ببینن کە ئێمە لێرە لە کارەکەمان بەردەوامین. منیش دەمەوێت سەربازەکانمان لێرە لە کارە مەزنەکەیان بەردەوام بن. سەربازەکانیش ئەوەیان دەوێت، چونکە دەمانەوێت پیشانی خەڵکی کورد بدەین کە دوای ئەوەی لە 2014 و 2015دا روویدا ناهێڵین تەنیابن. ئینجا دوای ئەوەی لە چەند دەیەی رابردوودا روویدا، تۆ بیر لە جینۆسایدی هەڵەبجە بکەوە، ئێمە بەڕاستی دەبێت شانبەشانی هاوپەیمانە کوردەکانمان بوەستین. من ئەوە لەم هەرێمەدا دەبینم. هەر بۆیە هیوادارم چارەسەرێک بدۆزینەوە کە یاسای نێودەوڵەتی و مانەوەمان لێرە یەکبخات.

رووداو: ئەڵمانیا بەشێکە لە پلانی پێشمەرگە و چاکسازیی پێشمەرگە و هێزەکانتان لێرە لەم بارەیەوە کارێکی گەورە دەکەن و زۆر کۆشش دەکەن، بەڵام ئایا ئێوە ئاسوودەن بە ئەنجامەکان؟ چونکە ئەم پلانەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و کردنیان بە هێزێکی نیشتمانیی دوور لە دەستێوەردانی سیاسی، راستییەکەی هێشتا ئەوە نابینین. ئایا هیچ نیگەرانییەکتان هەیە کە جێبەجێکردنی ئەم پلانە و دروستکردنی ئەم هێزە یەکگرتووەی پێشمەرگە زۆر دەخایێنێت؟

ماکس لوکس: دەزانیت، ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کاتێک دوو ساڵ لەمەوبەر لە عێراق بووم، هەمووان پێیان دەگوتم کە دەبێت پێشمەرگە یەکبخرێت و هەمووان 100٪ دڵنیاییان دەدا پێشمەرگە یەکدەخرێتەوە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین ئەوەیە پێشمەرگە یەکنەخراوەتەوە. ئەوە باشە کە هەموو ئەکتەرە سیاسییە سەرەکییەکان دەیانەوێت پێشمەرگە یەکبخرێت، بەڵام ئێمە بەڕاستی دەمانەوێت ئەنجام ببینین. دەمانەوێت بەڕاستی پێشمەرگەیەکی یەکگرتوو ببینین.

رووداو: کە هێشتا نایبینن؟

ماکس لوکس: بەڵێ، هێشتا نایبینین.

رووداو: لە بۆندستاگ (پەرلەمانی ئەڵمانیا) تۆ رۆڵت هەیە لەبارەی چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا. مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا چۆن دەبینیت؟

ماکس لوکس: من تەنیا ئەرکی چاودێریی مافەکانی مرۆڤم لە تورکیا نییە، بەڵکو من سەرۆکی کۆمەڵەی پەرلەمانیی ئەڵمانی-تورکیم. کە ئەوەیش شانازییەکەی گەورەیە بۆ من، بەتایبەتی لەم تەمەنەی من دا کە نوێ بیت لە پەرلەمان دا، چونکە ئێمە دەڵێین ئەوە دوای کۆمەڵەی پەرلەمانیی ئەمریکا دووەم گرنگترین کۆمەڵەی کاری پەرلەمانییە. لەبەرئەوە وادەڵێین، چونکە زۆر پەیوەندیی کەسیمان هەیە لەنێوان ئەڵمانیا و تورکیا. لە بازنەی دەنگدانی من دا لە شاری بووخۆم، رەنگە تورکی دووەم گەورەترین زمانی دایکی خەڵکەکەمان و منداڵە تازە لەدایکبووەکان بێت، ئەوەیش زۆر باشە. هەر بۆیە دەتوانم تۆزێک لە تورکی تێبگەم، چونکە لەوێ گەورەبووم و کاتێک بیر لە تورکیا دەکەمەوە و قسەی لەبارەوە دەکەم، تەنیا حکومەت و ئەکتەرە سیاسییەکان نابینم، زۆر خەڵک دەبینم، کۆمەڵگەیەکی ئازا و گەلێک گەنج دەبینم کە هەوڵدەدەن دیموکراسییەکی باش بونیاد بنێنەوە و رۆڵێکی بەهێزی یاسا دروست بکەن. مایەی دڵتەنگییە کە دەبینم ئەو رۆڵەی یاسا هێرشی دەکرێتە سەر، بۆ نموونە جێبەجێنەکردنی ئەو بڕیارانەی لەلایەن دادگەی ئەورووپاوە بۆ مافەکانی مرۆڤ دەردەکرێن. مایەی دڵتەنگییە کە دەبینم هێزی تورکیا لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکانیاندا لە سووریا و عێراق هەندێک جار یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکات. ئەوە یەکێکە لە زۆر شتی دیکە کە دەبێت لەگەڵ تورکیادا گفتوگۆی لەسەر بکەین.

رووداو: دۆخی کورد لە تورکیا چۆن دەبینیت؟

ماکس لوکس: ئێمە دۆخی کورد لە تورکیا وادەبینین کە کورد بەشێکە لە تورکیا. ئەوان هاووڵاتی تورکیان. ئیستەنبووڵ یەکێکە لە گەورەترین شارە کوردییەکان لە جیهان دا. زۆر کورد لەوێن. هیچ کەسێک نکۆڵی لەوە ناکات کە ئیستەنبووڵ شارێکی کوردییە. کە ئەمە دەڵێم، بڕوام وایە دیموکراسییەک بەهێزترە کاتێک ئەو دیموکراسییە بەباشی مامەڵە لەگەڵ کەمینەکانی دا دەکات. کوردیش لە تورکیا کەمینەیە و لە هەموو لایەنێکەوە زۆر بە باشی مامەڵەی لەگەڵ دا ناکرێت. بیری لێ بکەوە، ئەو سەرکوتکارییە سیاسییەی دژی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەکرێت کە دەنگێکە بۆ پرسی کورد لە تورکیا. دەبینم لە خوێندن دا بەپێی پێویست دەستگەیشتن بە وانەی کوردی و پەروەردە نییە و رێکاری فەرمی بە زمانی دایک، کوردی نییە. پێموایە ئەمانە چەند هەنگاوێکن کە دەبێت تورکیا بیاننێت. بڕوام وایە کە دیموکراسی تورکیا بەڕاستی پێویستی بە دەستپێکێکی نوێی پرۆسەی ئاشتی یە لەبارەی پرسی کورد. بەبێ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسی کورد و بەبێ دەستکردنەوە بە پرۆسەی ئاشتی، لە ناوچەکەدا و لە تورکیادا ئاشتی نابێت. پێموایە بەڕاستی دەبێت ئەوە بکەن و دەتوانن سوود لەوە ببینین وەکو تەواوی وڵات و، وەکو وڵاتێک کە یەکگرتووە و هەمەڕەنگە.

رووداو: بەڵام حکومەتی ئێستای تورکیا دەڵێت کە ئەوان کێشەی کوردیان لە تورکیا چارەسەر کردووە و ئیدی هیچ شتێک نییە بە ناوی کێشەی کوردەوە. ئەمە ئەوەیە کە سەرۆکی تورکیا ئەردۆغان ساڵی رابردوو لە قسەکانیدا دووبارەی دەکردەوە. بۆچوونی تۆ لەوبارەیەوە چییە؟

ماکس لوکس: بڕوام وایە کێشەی کوردیان چارەسەر نەکردووە، چونکە کێشەی کورد یەکێکە لەو هۆیانەی کە سەڵاحەدین دەمیرتاش وەک سیاسییەکی ئۆپۆزیسیۆن هێشتا لە گرتووخانەدایە و، کێشەی کورد چارەسەر نابێت تاوەکو ململانێی سەربازی لەنێوان هێزەکانی یەپەگە و سوپای تورکیادا هەبێت لە باکووری سووریا. ئەم ململانێیە هەموو رۆژێک هەیە. تاوەکو ئەم ململانێیە بەردەوام بێت، کێشەکە و پرسەکە چارەسەر نابێت، بەڵام دەبێت چارەسەر ببێت. دەبێت بە گفتوگۆ وەکو ئەمەی من و تۆ و بە گفتوگۆ لەسەر مێز چارەسەر ببێت، نەک لە گۆڕەپانی شەڕدا و بە چەک.

رووداو: ئێستا شەڕی نێوانی سوپای تورکیا و پەکەکە لە هەرێمی کوردستانی عێراقە لەنێو سنووری نێودەوڵەتی عێراق دا. تورکیا ئەندامی ناتۆیە، ئەڵمانیایش ئەندامی ناتۆیە، ئەم ئۆپەراسیۆنە چۆن دەبینیت؟

ماکس لوکس: سیاسییەکانمان لە پارتی سەوز و وەزیری دەرەوە کە لە پارتەکەی منە وەکو خۆت گوتت، بینیم کە تەنیا یەک وەزیری دەرەوە لەنێو هەموو وڵاتانی ناتۆدا کە بە دەنگی بڵند و روون لە تورکیا و لە ئیستەنبووڵ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیادا گوتی کە ئەو رێگەیەی سوپای تورکیا لە سووریا و عێراق گرتوویەتییەبەر بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی رێگەپێدراو نییە و، ئەوە قسەیەکی زۆر بەهێز بوو و ئەوە هەڵوێستی ئێمەیە. ئێمە دژی شەڕی دژ بە تیرۆریستان نین، بەڵام ئێمە دژی ئۆپەراسیۆنی سەربازیین کە هەڕەشە بێت لەسەر خەڵکی سیڤیل و کەسانی سیڤیل بکوژێت و تەواوی ناوچەکە و زێدی ئێزدییەکان ناسەقامگیر بکات.

رووداو: تۆ چاودێری ئێرانیش دەکەیت.

ماکس لوکس: بەڵێ. ئەوەیان بۆ کۆمەڵەی پەرلەمانیی ئەنجوومەنی ئەورووپایە.

رووداو: ئێران سەرۆکێکی نوێی هەیە، مەسعوود پزیشکیان. پێتوایە هیچ گۆڕانێک لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران دا ببینین؟

ماکس لوکس: نەخێر. بڕوا بەوە ناکەم. متمانەم بەو حکومەتە نییە. بڕوام بەو هەڵبژاردنانە نییە کە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە رێگەیان پێدراوە. پێموایە ئەم رژێمە لە ئێران پشتیوانی زۆرینەی خەڵکەکەی نییە و ئەم رژێمەی ئێران ویستێکی باشی لە ناوچەکەدا نییە. تەماشای دۆخی خراپی خەڵکی غەززە بکە. خەڵک لە غەززە رۆژانە دەناڵێنن، پیاو، ژن، منداڵی بێتاوان دەکوژرێن، کەچی ئەو سوود لەو ئازارانە دەبینیت، رژێمی ئێران سوود لە ئازاری ئەوان وەردەگرێت، لە کاتێکیشدا ئێستا زۆر کەس ئاوەڕیان لێ ناداتەوە. هەر بۆیە ئەوان ئەو مەینەتییەیان پارەدارکرد. ئەم رژێمەی ئێران هیچ شتێکی لە ناوچەکەدا ناوێت جگە لە پارە و دەسەڵات بۆ خۆیان. ئەوەش کێشەیەکی مەزنە و هەر بۆیە ئێمە دەبێت پشتیوانیی خەڵکی ئێران و هەروەها خەڵکی کوردی ئێران بکەین.

رووداو: ئەمە گوتەیەکی زەقە لە تۆوە.

ماکس لوکس: مەگەر خەڵکی ئێران و کوردی ئێران پێکەوە دژی ئەم رژێمە کۆنەبوونەوە و نەچوونە سەر شەقامەکان؟

رووداو: ئایا پێشبینی دەکەیت ئێران یان ئەم حکومەتەی ئێستا لەبارەی پرسی کوردەوە هیچ هەنگاوێک بنێت؟ بە لایەنی کەمەوە لە چەند ساڵی داهاتوودا؟

ماکس لوکس: بە راشکاوی پێشبینی هیچ هەنگاوێکی باش لەم رژێمە بۆ مرۆڤایەتی ناکەم.

رووداو: باشە. ئەگەر ئەمە هەڵوێستی تۆیە، ئەی هەڵسەنگاندنت چییە بۆ ئەو وڵاتە ئەورواپاییانەی کە دەیانەوێت لەگەڵ ئێران دا دەست بە دانوستاندن و بە جۆرێک لە جۆرەکان ئێران وەک بەشێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەسەند دەکەن و پێیان وایە باشترین رێگە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران دا و چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆیی و هەرێمییەکان لەگەڵ ئێران دا دانوستاندنە وەک هەر دەوڵەتێکی دیکە؟

ماکس لوکس: ئەمە یەکێکە لە گرنگترین پرسیارەکان، چونکە لە راپۆرتەکەمدا بۆ کۆمەڵەی پەرلەمانیی ئەنجوومەنیئەورووپا لەبارەی دۆخی ئێرانەوە ئاماژەم پێدابوو. ئەوەی دەیبینم و بەڕاستی دەمترسێنێت ئەوەیە کە ستراتیژی یەکێتی ئەورووپا و ناتۆ بەرامبەر بە ئێران بەپێی پێویست نییە. ئێمە رێگە بە رژێمی ئێران دەدەین یاریمان لەگەڵ بکات. تەنیا سەیری ئەو بارمتانە بکە کە ئەم رژێمە گرتوونی. ئەورووپا ستراتیژێکی هاوبەشی نییە لەبارەی هاونیشتمانییە جیاوازەکانی دەوڵەتەکانمانەوە. هەر بۆیە پێویستە ستراتیژێکی هاوبەش بدۆزینەوە. رێگەیەکی هاوبەش کە بتوانین داکۆکی لەو هاووڵاتیانەمان بکەین کە وەک بارمتە گیراون کە لە رێیەوە بتوانین دژی ئەم رژێمە بجووڵێینەوە، وەک ئەو عەقڵییەتەی زۆرینەی خەڵکی ئازای ئێران.

رووداو: لەبارەی رۆژئاوای کوردستان، باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، ئەو ناوچانەی کوردیان تێدایە، دۆخی ئەوێ چۆن دەبینیت، بەتایبەتی دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە پەیەدە بەڕێوەی دەبات؟

ماکس لوکس: دۆخی مافی مرۆڤ لەوێ بێ کەموکوڕی نییە و رەنگە زۆر لە باشەوە دووربێت. بە سەیرکردنی راپۆرتی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ بۆ رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، بۆ نموونە دەبینیت منداڵان بە زۆر خزمەتی سەربازییان پێدەکرێت. ئەمە لە هیچ روانگەیەکی مافی مرۆڤەوە قبووڵکراو نییە، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەبێت مافەکانی مرۆڤ لەم ناوچەیەدا بەراورد بکەیت بە ناوچەکانی دیکەی سووریا کە لەژێر دەسەڵاتی ئەسەد یان لەژێر دەسەڵاتی هاوپەیمانەکانی سوپای تورکیادان کە کۆمەڵە ئیسلامییەکانن، ئەوا دۆخی مافی مرۆڤ لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کورد لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا باشترە.

رووداو: بە بۆچوونی تۆ، دەبێت ئەڵمانیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چی بکەن بۆ پاراستنی مافەکانی کورد لە داهاتووی سووریادا؟

ماکس لوکس: سەرەتا دەبێت رێگەیەکی هاوبەش بۆ سووریا بدۆزینەوە. ئێمە پێشەوایەتی رێگەیەکی هاوبەشی ئەورووپایی بۆ سووریا دەکەین، چونکە ئەگەر ئێستا سەیری سووریا بکەین و ئەوەی لەوێ کردوومانە، ئەوا لە گەیشتن بە ئامانجەکانمان شکستمان هێنا، چونکە دەبێت یەکێک لە ئامانجەکانمان پاراستنی کوردی سووریابێت و پێموایە کلیلێک بۆ ئەمە ئەوەیە لەگەڵ دەسەڵاتی کوردیی باکووری سووریادا کاربکەین. ئینجا پێویستە رێگەیەک بدۆزینەوە کە تورکیای هاوپەیمانی ناتۆمان، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە سووریا بوەستێنێت. ئەوەش بەتایبەتی بۆ پاراستنی کەمینەی کورد گرنگە، چونکە زۆر راپۆرت لەبارەی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤی لە دژی خەڵکی کورد هەن کە هێزە هاوپەیمانەکانی تورکیا ئەو پێشێلکارییانە دەکەن. ئەمەیش قبووڵکراو نییە. رەنگە ئەمە شتێک بێت کە پێویست بێت لای تورکیا زۆر پێداگرانە و بە دەنگی بڵند باسی بکەین.

رووداو: هەوڵەکانی وڵاتانی جیاواز بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێمی ئەسەد چۆن دەبینیت؟ ئایا پشتیوانی ئەوە دەکەیت؟

ماکس لوکس: رژێمی ئەسەد یەکێکە لە دڕندەترین رژێمەکان کە لە تەواوی جیهان دا هەمانە. هەر بۆیە من قایل نیم بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێمی ئەسەد. دەبێت بزانین کە سیاسەتمان بەرامبەر سووریا سەری نەگرت وەک ئەوەی کە دەمانویست. یەکێک لە هۆیەکان رووسیا و کاریگەرییەکەی و پشتیوانیکردنی لە ئەسەد بوو. هەر بۆیە بڕوام وایە کە لە یەکێتی ئەورووپادا پێویستیمان بە دانوستاندنە لەسەر رێگەیەکی نوێ لەبارەی سووریاوە.

رووداو: ماکس، زۆر سوپاس. دڵخۆش بووم بەم هەڤپەیڤینە لەگەڵت. بەخێربێیت بۆ کوردستان و هەولێر. هیوادارم زیاتر لێرە بتبینمەوە.

ماکس لوکس: خۆشحاڵم کە لە هەولێرم. زۆر سوپاس بۆ میواندارییەکەتان.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif