بەڕێوەبەری کشتوکاڵی میسان دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر ماسی لە زۆنگاوەکانی سنووری شارۆچکەی خەیری پارێزگاکە لەنێوچوون.
ئەمڕۆ هەینی 26ـی تەمموز، ماجد ساعدی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی میسان ڕایگەیاند، "دوای ئەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر ماسیمان لە زۆنگاوەکانی سنووری شارۆچکەی خەیر پێگەیشت، پەیوەندیمان بە بەشی کشتوکاڵی شارۆچکەکەوە کرد و مردنی ژمارەیەکی زۆر ماسییان لە ئەنجامی کەمبوونەوەی ئاو، بەهەڵمبوون و نەمانی ئۆکسجین پشتڕاست کردەوە."
ماجد ساعدی گوتی، بۆ ئەوەی زیانی زیاتر بەر سامانی ماسی لە ناوچەکەدا نەکەوێت، "لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە ئاوییەکانەوە یەک مەتر سێجا ئاوی زیاترمان بۆ زۆنگاوەکانی خەیری بەرداوەتەوە."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی میسان ئاماژەی بەوەدا، نموونەی ئاوی زۆنگاو و ماسییە مردووەکانیان وەرگرتووە و ناردوویانەتە تاقیگەکان بۆئەوەی پشکنینیان بۆ بکرێت و هۆکاری راستەقینە و متمانەپێکراوی رووداوەکە ئاشکرا بکرێت.
ماجد ساعدی گوتی، "ئەو ئاوەی دەگاتە پارێزگای میسان بەشی جێبەجێکردنی پلانەکان و پڕبوونی زۆنگاوەکان ناکات؛ هەربۆیە داوامان لە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان کردووە خزمەتگوزاری زیاتر پێشکێش بەم ناوچانە بکات، بەتایبەتی ئەو زۆنگاوانەی گامێشیان تێدا بەخێودەکرێت."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی میسان گوتیشی، "بەگوێرەی پلانی پەرەپێدانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ/بەشی سامانی ئاژەڵ، ساڵانە ملیۆنان پەنجەماسی دەخرێنە نێو زۆنگاوەکانەوە."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی میسان هۆشداریدا لەوەی، ئەگەر کەمبوونەوەی ئاو بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، زیانێکی گەورە بەر دانیشتووانی ئەو ناوچانە دەکەوێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق