زەوی دەکوڵێت و بە دووکەڵی کارگە، ئاگر و شەڕەکان دەخنکێت

ليست هناك تعليقات


نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە 125 ساڵی رابردوودا گەرمای زەوی بە تێکڕا یەک پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە. دەردانی 37 ملیار تۆن ژەهری دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە ساڵێکدا کەشوهەوای زەویی شێواندووە.

بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا کارەساتە سرووشتییەکان زیادیان کردووە. عێراق و هەرێمی کوردستان یەکێکن لە پێنج گەرمترین ناوچەی جیهان. کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بەجۆرێک گەورەن کە نزیکەی 800 ملیۆن مرۆڤیان برسی کردووە.

ئەگەر راست بێت تەکنەلۆژیا، جیهانی کردبێتە گوندێك؛ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما خاڵی هاوبەشی ئەو گوندە جیهانییەیە.

ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆیەکەدا دەردەکەوێت، ئیتاڵیایە کە سێ دەیە لەمەوبەر؛ گەشتیارانی وڵاتە گەرمەکان روویان تێدەکرد.

ماتیا رۆسی، گەشتیاری ئەورووپییە و دەڵێت: "بە دڵنیاییەوە قەیرانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر هەموو جیهان هەبووە. چی دیکە وڵاتێکی وەک ئیتالیا وەک جاران فێنک نییە؛ پلەی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە، هەسارەکەمان دەکوڵێت".

بەپێی ئاژانسی ئەورووپا بۆ چاودێریی کەشوهەوا، 12 مانگی رابردوو گەرمترین بوون لە مێژووی کەشوهەوای هەسارەی زەوی.

کارلۆ باونتێمپۆ، شارەزای کەشناسییە و دەڵێت: "ئەگەر تەماشای تێکڕای ساڵ بکەیت بۆت دەردەکەوێت کە 12 مانگی رابردوو گەرمترین مانگ بوون لە 100 هەزار ساڵی رابردووی زەوی".

بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، بەشێك لە دانیشتووانی ئیسپانیای ناچار کردووە پەنا بۆ ناوەندەکانی ساردکردنەوە ببەن. خواردنی ساردەمەنییەکان لە جیهاندا 15٪ زیادی کردووە.

دیمەنی پەروانەکان، وڵاتانی گەرمی رۆژهەڵاتمان دەهێنێتە بەرچاو. چیدیکە چەترەکان تایبەت بە رۆژانی باراناوی نین.

زەوی دەکوڵێت، دەبرژێت، دەتوێتەوە و دەناڵێنێت. ئێرە دۆڵی مەرگی ئەمریکایە لە ویلایەتی کالیفۆرنیا.

ساڵانە سەرووی 1.2 ملیۆن گەشتیاری سەرکێش سەردانی دەکەن؛ سەرەڕای هۆشدارییەکان لە ئەگەری مردن بە گەرما.

ئێندریا، گشتیارێکە ؛ە دۆڵی مەرگی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا و دەڵێت: "بە راستی تووشی شۆکت دەکات. نازانم چۆن هێشتا لێرە ژیان ماوە، هەست بە برژانی دەموچاوت دەکەیت".

لە 125 ساڵی رابردوودا؛ گەرمای زەوی بە تێکڕا یەک پلەی سیلیزی گەرمتر بووە؛ 25 ساڵی دیکە نیو پلەی دیکەش گەرمتر دەبێت.

ئیستەنبووڵ تاوەکو دەیەیەک لەمەوبەر شانازی بە کەشوهەوا لەبارەکەی وەرزی هاوینی دەکرد کە تێکڕا لە دەوروبەری 30 سیلیزیدا بووە؛ بەڵام لە 10 ساڵی رابردوودا، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە؛ هەندێ جار 45 سیلیزیشی بەخۆوەوە بینیوە.

سامی گونایدن، هاووڵاتی تورکیایە و تەمەنی 62 ساڵە. دەڵێت: "لێرە بەردەوام بای هەیە وەک فێنککەرەوەیە، لە گەرمای شوێنەکانی دیکە هەڵدێین، لە ژیانمدا گەرمای وامنەبینیوە".

دەردانی 37 ملیار تۆن لە ژەهری دوانەی ئۆکسیدی کاربۆن لە ساڵێکدا؛ کەشوهەوای زەوی تێكداوە. لە 1980وە تاوەکو ئێستا دیاردە وێرانکەرەکان وەک زریان و لافاو چوار هێندە زیادیان کردووە.

عێراق و هەرێمی کوردستان یەکێکن لە 5 ناوچەی جیهان کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە.

محەمەد کەمال، شارەزای کەشناسی دەڵێت: "لە ساڵی 2023ـەوە پلەکانی گەرما بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر زیاتر بەرزبوونەوە. دیارە کاریگەریی تۆپەڵە هەوا گەرمەکان زیاتر لەسەر هەرێمی کوردستان چالاک بووە. هەروەها کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا و هۆکارە ژینگەییەکانی لەسەر بەدەرکەوتووە. ئەوەش کاریگەریی ژینگەیی دروست دەکات. لە رووی ژینگەوە کەشوهەوا خراپتر دەکات."

لە باشووری عێراق تادێت سەرچاوەکانی ئاو کەم دەبنەوە. وشکەساڵیی زنجیرەیی، سەوزایی لە رەگوریشە هەڵدەکەنێت.

رووبەری زۆنگاوەکانی عێراق کە یەکێك لە پڕئاوترین و شێدارترین ناوچەکانی جیهان بوون؛ لە 20 هەزار کیلۆمەتر دووجا لە 1990، بۆ کەمتر لە 4 هەزار کیلۆمەتر لە 2024 بچووک بووەتەوە.

کەمیی باران و کەمی بڕی ئاوی بەردراوەی تورکیا لە رووباری فورات دوای ساڵی 2003 لە 500 بۆ 300 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، وشکەساڵی 20 ساڵی رابردووی عێراقی زیاترکردووە.

فاتیمە، جووتیارێکی باشووری عێراقە و دەڵێت: "گەورەترین کێشەمان ئاوە. عێراق تاوەکو دێت وشک دەبێتەوە و ئاوی ئەم وڵاتەشمان لە تورکیاوە دێت و ئەو وڵاتەش بە رێژەیەکی بەرچاو لێی کەمکردووەتەوە".

محەممەد جووتیارێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات: "لە دوای 2003 کەمی ئاو ژیان و گوزەرانی ئێمەی زۆر قورستر کرد. تەنانەت دڵۆپە ئاویشمان بە ئەستەم دەست دەکەوێت".

یەکێک لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، زیاتر دووبارەبوونی دیارەی ئێلنینۆ و لا نینایە. بە جۆرێك کە هاوین گەرمتر و زستان ساردتر دەبێت.

دیاردەی ئێل نینۆ تێیدا پلەکانی گەرما لە هێڵی کەمەرەیی ناوچەی زەریای ئارام زیاتر بەرز دەکاتەوە. بە پێچەوانەشەوە دیاردەی لانینا؛ کەشوهەوا ساردتر دەکات و پلەکانی گەرما لە سفر نزیک دەکاتەوە.

بەستەڵەکەکان وەک پایە و مێخن سەروو و بنی زەوی تووند و تۆکمە دەکەن؛ بە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ئەوانیش دەتوێنەوە.

کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا نزیکەی 800 ملیۆن مرۆڤی برسی کردووە؛ سەتان ملیۆنی دیکەش ئاوارەبوون. زەوی بە دووکەڵی کارگە، ئاگر و شەڕەکان دەخنکێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif