کنیازێ حەمید، سیاسەتڤان و پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی ئەرمینیا بە رووداوی رایگەیاند، کورد لە ئەرمینیا بە فەرمی بە دوو ناسنامەی جیاواز تۆمارکراون، بەشێکیان وەکو کورد و بەشێکیان وەکو ئێزدی. دەشڵێت، بە فەرمی 33 هەزار کەس بەو دوو ناسنامەیە لە ئەرمینیا تۆمارکراون.
کنیازێ حەمید، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی ئەرمینیا لە هەڤپەیڤینێکدا سەبارەت بە دۆخی کورد بە گشتی و کوردە ئێزدییەکان بەتایبەتی وەڵامی پرسیارەکانی غەریب مەجید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە.
ژمارەی کورد لە ئەرمینیا
کنیازێ حەمید رایگەیاند، کورد لە ئەرمینیا بە فەرمی بە دوو ناسنامەی جیاواز تۆمارکراون، بەشێکیان وەکو کورد و بەشێکیان وەکو ئێزدی.
سەبارەت بە ژمارەی کورد لە ئەرمینیاش، کنیازێ حەمید گوتی، 31 هەزار کەس لە ئەرمینیا وەکو ئێزدی و زیاتر لە دوو هەزار کەسیش وەکوو کورد تۆمار کراون.
22 گوندی کوردنشین لە ئەرمینیا هەن
سیاسەتڤانی کورد و ئەندامی پەرلەمانی ئەرمینیا روونیکردەوە، لە ئەرمینیا 22 گوندی کوردنشین هەن و ژمارەیەکی زۆری کوردیش لە شارەکان دەژین.
گوتیشی، سەڕەرای ئەوەی دانیشتووانی کوردی ئەرمینیا لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە بە دوو ناسنامەی جیاواز تومارکراون، بەڵام لە زمان، نەتەوە، رۆشنبیری، کولتوور، میوزیک، گۆرانی و هەموو شتی دیکەدا هاوبەشن.
ئاماژە بەوە دەکات، ئەرمەنییەکانیش دەزانن ئەو کەسانەی پێیان دەڵێن ئێزدی، کوردن و ئەم بابەتە روون و ئاشکرایە و پێویست بە باسکردنیشی ناکات.
دەشڵێت، "بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان هەر کەس ئازادە ناسنامەکەی هەڵبژێرێت و خۆی لەسەر کام پێکهاتە تۆمار بکات، ئەوەی پێی باشە خۆی وەکو ئێزدی بناسێنێت، با وابکات ئەمە کێشە نییە. هەندێک کەس دەڵێن ئایینمان ئێزدییە، ئێمە گەلێکی جیاوازین، با بڵێن. کەس ناتوانێ ئەمە قەدەخە بکات و بڵێت خۆت بەم جۆرە پێناسە بکە. لە هەموو تەمەنمدا لە نێو خەڵکی ئێزدی و کورد ژیاوم، تا ئێستا هیچ کەس بە منی نەگوتووە تو کوردی یان ئێزدی؟ یان ناسنامەکەت چییە؟ لە نێو ئێمەدا شتی وەها نییە. هەندێک جار ئەرمەنییەکان لێم دەپرسن تو کوردیت یان ئێزدی؟ من پێیان دەڵێم، من هەم ئێزدیم هەم کوردم، چونکە شانازی بە هەردووکیان دەکەم".
کنیازێ حەمید هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، "ئەوەی هۆشیار بێت دەزانێت، گەل و نەتەوە لەسەر بنەمای زمانە نەک ئایین".
مافی کورد لە ئەرمینیا
سەبارەت بە مافی کورد لە ئەرمینیا، کنیازێ حەمید دەڵێت، "لە یاساکانی ئەرمینیا دا مافەکانی نەتەوە و پێکهاتەکان پارێزراوە. حکومەتی ئێستاش کاری جیدی بۆ پێکهاتەکان دەکات بۆ ئەوەی چالاکییە کولتوورییەکانیان بکەن. هەروەها لەو ناوچە و گوندانەی ژمارەیەکی بەرچاوی کورد دەژین، مافیان هەیە لە قوتابخانەکان لە هەفتەیەکدا 3-4 وانەی زمان و وێژەی کوردی بخوێنن".
دەشڵێت، لە ئەرمینیا دیموکراسی هەیە و حکومەتی ئەرمینیا هەوڵ دەدات زمان و کولتووری پێکهاتەکان بپارێزێت، بۆیە پێچەوانەی هەندێک وڵاتی دەوروبەر، کورد لە ئەرمینیا تووشی تواندنەوە نەبووە.
کنیازێ حەمید دەڵێت، "پەرلەمانی ئەرمینیا بریاریداوە رۆژێکی تایبەت بە پێکهاتەکان هەبێت و حکومەتیش کار بۆ ئەوە دەکات کە سەرجەم پێکهاتەکان لەو رۆژەدا چالاکییە رۆشنبیری و هونەرییەکانیان ئەنجام بدەن.
ئاماژەشی بەوە کرد، "لە حکومەتی ئێستای نیکۆل پاشینیان دا (سەرۆکوەزیرانی ئێستای ئەرمینیا) دەستەیەکی راوێژکاری دامەزراوە، کە لە هەر نەتەوە یان پێکهاتەیەک دوو کەس تێدا ئەندامن و یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا سەرۆکایەتی دەستەکە دەکات. ئەندامانی دەستەکە مافیان هەیە لە نێوان سێ بۆ چوار وەزیری حکومەت دەستنیشان بکەن، وەکوو وەزیری پەروەردە و وەزیری مافی مرۆڤ."
رادیۆی کوردیی یەریڤان
پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی ئەرمینیا باسی رۆڵی بەشی کوردیی رادیۆی یەریڤان کرد و رایگەیاند، ئەو رادیۆیە ببووە دەنگی هەموو کورد لەر هەر چوار پارچەی کوردستان و لە کوردستان و لە سەرانسەری جیهانیشدا گوێگری هەبوو.
کنیازێ حەمید باسی سەردانی عوسمان بایدەمیر، سەرۆکی پێشووتری گەورە شارەوانیی ئامەد بۆ ئەرمینیا دەکات و دەڵێت، "بایدەمیر دوای ئەوەی گەیشتە ئەرمینیا و پێشوازیمان لێکرد، داوای کرد یەکسەر بیبەین بۆ رادیۆی کوردیی ئەرمینیا. لەوێ بایدەمیر گوتی، من قەرزداری دوو شتم، یەکەم رادیۆی یەریڤان و دووەم دایکم. لەبەر ئەوەی دایکم منی هیناوەتە دۆنیا و منی فێری زمانی کوردی کردووە. رادیۆی یەریڤانیش لەبەرئەوەی لە رێگەی ئەو رادیۆیەوە، گوێبیستی زمانەکەمان بووین و لەبیرمان نەکردووە، هەروەها گوێبیستی گۆرانییەکانی خۆمان بووین. "
دەشڵێت، "رادیۆی یەریڤان ببووە ناوەندێکی کولتووری بۆ هەموو کورد. هەروەها ئەرمینیا ناوەندێکی گەورە بووە بۆ کوردانی ئەرمینیا و هەموو ناوچەکە."
کنیازێ حەمید لە 17ی کانوونی دووەمی ساڵی 1945 لە گوندێکی کوردنشین لە ئەرمینیا بە ناوی "دەڤەخەرابەیێ" لەدایکبووە. گوندەکە سەر بە ناحیەی ئابۆڤیانە لە پارێزگای کۆتایک و دەکەوێتە 16 کیلۆمەتەری باکووری رۆژهەڵاتی یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا.
کنیازێ حەمید، سیاسەتڤانی کورد، ئەندامی پەرلەمانی ئەرمینیا و سەرۆکی ئەنجوومەنی کوردانی ئەرمینیایە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق