ئیسلامییەکان لەنێوان کورسی پەرلەمان و بەها ئەخلاقییەکاندا

ليست هناك تعليقات


عومەر ڕەشید
-
بەرەو جەنگێ براوین کە نە ئیختیارو نەگۆڕەپان هی خۆمان نییە، ئەو یاسایەی ئێمە بۆی هاتووین ئیتمامی بەها ئەخلاقییەکانە، نەک شتێکی تر، وەزیفەی ئێمە کورت دەبێتەوە لە پێشبڕکێی باشترینی مرۆڤەکاندا، ئەویش لەسەر بنەمای مەنفەعەتی مرۆڤەکان، ئێمە لە ململانێی بەها ئەخلاقییەکاندا براوەی یەکەمین، ئەمەش لە مەنهەجەکەوە سەرچاوە دەگرێت کە خودی پەیامە پیرۆزە ئاسمانییەکەیە، کەواتە ئێمە لە کێبڕکێی ئەخلاق و کارە مرۆڤدۆستییەکاندا لە پێشەوەین و کەسیش نەک ناتوانێت لێمان بەرێتەوە، بەڵکوو نەشتوانن بەفەرسەخیش لێمان نزیکببنەوە.

کەواتە سەرکەوتنمان لەو مەجالەدا مسۆگەرەو مێژووی دوورو نزیک گەواهی دەری ئەو ڕاستییەن، هەرچەند ئێمە نەمانتوانییەوە ئەوان پەلکیش بکەین بۆ گۆڕەپانەکەی خۆمان، هەرچەند ئەوان ویستوویانە بێن، بەڵام هەرزوو زانیویانە ئەم شەڕی قیامەتە بەوان ناکرێت و ئەوانەی شەڕی بەها ئەخلاقییەکان دەکەن زۆرینەیان خەریکی فرۆشتنی دنیای خۆیانن بۆ قیامەتێکی ئاوەدانتر، بەڵام ئەوانی تر نەک بەهەشت و قیامەت بگرە جوانترین بەهای خۆیان کە مرۆڤ بوونەکەیانە دەیفرۆشی بە دوو پوول کە لەدەستی ئاغاکەیانەوە دەستیان کەوێت.

من نەمدیوە هەرگیز ئێمە لەم لایەنەوە تووشی نائومێدی بووبین، چونکە بەپێی یاسەی مەزرەعەی دنیاو حەسادی قیامەت شانمان داوەتەبەری، ئیتر لێرە سەیدی قەوم خادیمەو خادیم سەیدی قومە نالی گوتەنی (لەم دەرە ئاسەف سولەیمانە، سولەیمان ئاسەفە)، هەموو لەخەمی نەفعی عاممدان، ئەم هاوکێشانەش بە کەسێکی دنیایی کە قیامەتی لەگرەودا دانابێ حل نابێت، چۆن تێبگات تۆ دەیان دەرگا ئەکوتی تا نەخۆش و نەدارو بیباوکێک خۆشتر بژی؟ چۆن تێئەگات تۆ بە ماڵ و گیانی خۆت پەروەردە دەکەیت و هەڵدەشاخێی بەڕووی شەپۆلی هەوەسبازی و هاوڕ*گەز.بازی و بێحەیایی و بێحورمەتیدا.

بەڵام کاتێک ئەوان دەزانن ئەم مەیدانە جوامێرانەیە بۆ ئەوان نابێت، دێن مەیدانێکی ناشیرینکراوی وەک هەڵبژاردنمان بۆ دەکەنەوەو باناچاری بەرەو گۆڕەپانەکەی خۆیانمان دەبەن، گۆڕەپانێ کە سات بەسات دێزترو ناشیرینتری دەکەن، ڕۆژێک دێن دەرگای پەرلەمان دادەخەن و داواتر دێن ئیهانەی پەرلەمانتار دەکەن و داواتر پەرلەمانتار عەرزی خۆی تێدا دەکات بۆ فرۆشتن و دواترو دواترو دواتر، هەتا گەیشتە ئەوەی کۆمەڵێک مرۆڤی دۆڕاو کاندید بکەن بۆ پەرلەمان کە بەس مەرحەباییەکیان بەسە بۆ ئەوەی کەرامەتی مرۆڤی نەجیبی پێ لەکەدارببێت، چ بگات بەوەی لەگەڵت دانیشێت و بەهەردووکتان بوترێت پەرلەمانتار.

ئێستا مەیدانێکی بێڕۆڵکراوو بێحورمەتکراو دروستکراوە بۆ ململانێ، جا مرۆڤی نەجیب هەرچۆن بکەوێتە ئەو ململانێیەوە تیایدا براوە نابێت، هەر بۆیە بەدرێژایی هەڵبژاردنەکان ئیسلامییە دەست و دەم و داوێن پاکەکان براوە نەبوون و هەموو دەرەنجامەکانیش نائومێدکاربوون، ئەمە لەلاوازیانەوە نییە، بەڵکوو لە نەجابەتیانە، چونکە ئەوان پیاوی مەیدانی بەها ئەخلاقییەکانن، ئەوان ململانێی قیامەت و ڕەزای خوا دەکەن، کە دێنە ئەو ئاستەی ململانێی گەعدەچی و تیکتۆکچی و ماستاوچی و کچە مۆدێل بکەن تیایدا مۆفەق نابن.

دەرەنجامیش هەموو پێوەرەکان گڕگڕ دێنەوە سەر ژمارەی کورسی، براوە ئەوەیە کورسی زۆرەو دۆڕاو ئەوەیە کورسی کەمە، خۆشمان ئەوەمان لەلابووەتە قەناعەت کە ئێمە لاوازین چونکە کورسی پەرلەمانمان کەمە، بێئاگا لەوەی زۆرینەی ئەو کورسیانەی لەمەیدانی دیفاع لەبەها ئەخلاقییەکان بەدەستهاتوون هی ئێمەن و لەهەموان براوەترین، چونکە ئەوە گۆرەپانی خۆمانە و ئێمەش بۆ ئەوە هاتویینە دنیاو مەفروزە بەو تێشووەوە بەرەو لای خوا بچینەوە.

دەبێت باش حاڵی بین کە ئێمە بە کورسی پەرلەمان ناپێورێین، ئەگەر وابێت هەمیش بە نائومیدی لێیدەرئەچین، بەڵکو ئێمە بە شەڕی قیەم و ئەخلاق و خزمەت ئەپێورێین، نابێت ئەوە بەکەم بزانین، چونکە واقیعی ئەم کوردستانە شاهیدە بوونی ئیسلامییەکان چەند کاریگەری هەبووە لەسەر تاک و خێزان و کۆمەڵگا، ئەمە مانای ئەوە نییە ئیسلامییەکان کۆمەڵێ فریشتەن، نەخێر بەڵام بەدڵنیاییەوە جەمعێکن کە زۆرینەی باشترینەکانیان تیدا کۆبۆتەوە.

بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەین، دەنگیشی بۆ کۆدەکەینەوە، بەڵام دواجار یەقینمان هەیە کە ئەوە پێوەری ئێمە نییە و مەیدانی ئێمەش نییە.

* ئیسلامی مەبەستم هەر تاکێکی مولتەزیمە کە لە خەمی بەها ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگادا بێت، نەک هەر تەنها حیزبە ئیسلامییەکان.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif