لە عێراق ملیارێک دۆلار بۆ پەبجی و یارییەکانی شەڕکردن چووەتە دەرەوە

ليست هناك تعليقات


سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایدەگەیێنێت، بەهۆی یاریی پەبجی (PUBG) و یارییەکانی دیکەی تایبەت بە شەڕکردنەوە، یەک ملیار دۆلاری هاووڵاتییانی عێراق چووەتەدەرەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، تەنیا لە ساڵی 2023 و نیوەی یەکەمی 2024 قازانجی کۆمپانیاکە لە عێراق زیاتر لە 60 ملیۆن دۆلار بووە.

فازل غەڕاوی، سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یاریی پەبجی (PUBG) و یارییەکانی دیکەی تایبەت بە شەڕ کە بەشی زۆریان بە پارەن، بوونەتە هۆی ئەوەی عێراق یەک ملیار دۆلار زیانی پێبگات. بەشی زۆری ئەو پارەیە لە کڕینی کارت و هەژمارەکان و بەهێزکردنیان رۆیشتووە. تەنیا لە ساڵەکانی 2023 و 2024 دا کۆمپانیای پەبجی زیاتر لە 60 ملیۆن دۆلار قازانجی کردووە، بەهێزترین هەژماریش لەو یارییە گەیشتووەتە 25 هەزار دۆلار."

فازل غەڕاوی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، یارییەکە زیاتر لەنێو گەنجانی خوار تەمەن 25 ساڵ دەکرێت کە رێژەی 60٪ـی عێراق پێکدەهێنن و ئەوانە بە "نەوەی پەبجی" دەناسرێن. گوتیشی، "بەشێکی زۆری ژنانیش ئەو یارییە دەکەن، بەتایبەت ئەوانەی ژنی ماڵەوەن، هەروەها منداڵانی خوار تەمەنی شەش ساڵیش یارییەکە دەکەن."

سەرۆکی ئەو سەنتەرە، بێکاری بە هۆکاری سەرەکیی بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک بۆ یارییەکانی شەڕکردن، بەتایبەت پەبجی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، "ئەو یارییانە وا دەکەن بەکارهێنەرەکانیان کەسانی شەڕەنگێزیان لێدەربچێت، ئەوەش تووندوتیژی زیاد دەکات. جگە لەوەی ئاستی خوێندن و زیرەکی لای خوێندکاران و قوتابیان دادەبەزێنێت."

یەکێتیی عێراقی بۆ یارییە ئەلیکترۆنییەکان لەو یەکێتییە تایبەتمەندانەیە بایەخ بە یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەدات و لەو چوارچێوەیەشدا لە دەرەوە نوێنەرایەتی عێراق دەکات.

حەيدەر جەعفەر، سەرۆکی یەکێتییەکەیە بە رووداوی گوت، "لە ساڵی 2023دا نزیکەی 9 ملیۆن کەس یاریی ئەلیکترۆنییان کردووە یان هەوڵیان داوە یارییەکان تاقیبکەنەوە، لە کۆی نزیکەی 36 ملیۆن کەس کە ئینتەرنێتیان هەبووە."

حەیدەر جەعفەر باسی لەوەشکرد، ئێستا لە عێراق هەفتانە نزیکەی 400 هەزار کەس بەردەوام یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەکەن کە رۆژانە تێکڕا شەش کاژێر یارییەکە دەکەن.

سەرۆکی یەکێتییەکە ئەوەشی خستەڕوو کە " لە ساڵی 2020ەوە ساڵانە لەنێوان 150 بۆ 200 ملیۆن دۆلاری عێراقییەکان بۆ یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەڕوات."

وەکو جەعفەر باسی دەکات، "ئەو مەترسییانەی لەبارەی یارییە ئەلیکترۆنییەکان باس دەکرێن بەو جۆرە نییە. بە پێچەوانەوە، ئەو سەرقاڵبوونە بە یارییەکانەوە لە سەرقاڵبوون بە بابەتی زیانبەخشەوە باشترە. تۆپی پێ و ئەسپسواری و یارییەکانی دیکەش خەڵک زۆر دەیانکات و پارەی زۆیان تێدا خەرج دەکرێت، کەچی ئاسایین."
 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif