رووسیا هەڕەشەی هەڵگیرساندنی جەنگی سێیەمی جیهانی دەکات

ليست هناك تعليقات


وەزیری دەرەوەی رووسیا هۆشدارییەکی تووندی دایە وڵاتانی رۆژئاوا و گوتی، یاری بە ئاگر دەکەن کاتێک رێگە بە ئۆکراینا دەدەن بە چەکی پێشکەوتوو قووڵایی خاکی رووسیا بکاتە ئامانج.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە مۆسکۆ باسی لە پێشڕەوییەکانی ئەم دواییەی سوپای ئۆکراینای لەنێو خاکی رووسیا کرد و وڵاتانی رۆژئاوا، بەتایبەت ئەمریکای ئاگادار کردەوە کە بەردەوامی هاوکارییە سەربازییەکانی رۆژئاوا بۆ ئۆکراینا، مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهانی زیاتر دەکات.

ئەو هۆشدارییەی لاڤرۆڤ لەکاتێکدایە، لە 6ـی ئابەوە سوپای ئۆکراینا هێرشی بۆسەر ناوچەکانی هەرێمی کۆرسک لە رۆژئاوای رووسیا دەستپێکردووە و بە قسەی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، تاوەکو ئێستا 35 کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە خاکی رووسیا کۆنترۆڵ کردووە.

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بەڵێنی "وەڵامێکی تووندی" ئۆکراینای داوەتەوە.

لاڤرۆڤ هەروەها رایگەیاند، "رۆژئاوا بەدوای کێشەدا دەگەڕێت بە هەڵگرتنی گەمارۆی بەکارهێنانی چەکی قورسی رۆژئاوا" لەلایەن ئۆکرایناوە دژی رووسیا، بەڵام رەتیکردەوە مۆسکۆ بیەوێت جەنگ لەگەڵ ناتۆ هەڵگیرسێنێت.

وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی، "جارێکی دیکە ئەو راستییە روونبووەوە کە رۆژئاوا بە هاوکاریکردنی سەربازی، یاری بە ئاگر دەکات. ئەوان وەک منداڵی بچووک وان کە یاری بە شقارتە دەکەن و ئەوەش کارێکی مەترسیدارە".

ئەو لێدوان و هۆشدارییەی لاڤرۆڤ لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممە زیلینسکی رایگەیاند، سوپاکەیان لە بەرپەرچدانەوەی ‌هێرشەکانی ئەمدواییەی رووسیا بۆ سەر رۆژئاوای ئۆکراینا، فرۆکەی جەنگی جۆری ئێف 16ی ئەمریکی بەکارهێناوە.

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif