دیبەیتی چاوەڕوانکراوی ترەمپ و هاریس مشتومڕی لێ دەکەوێتەوە

ليست هناك تعليقات


10ـی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ؛ ئەو رۆژەیە کە بۆ یەکەمین دیبەیتی نێوان ترەمپی کۆماری و هاریسی دیموکرات دانراوە، بەڵام تادێت ئەگەری دیبەیتەکە کەم دەبێتەوە، هۆکارەکەش وەک دەردەکەوێت ترەمپە.

بێن وۆرنەر، شرۆڤەکار دەڵێ "وەک دەزانن، زۆربەی لێکۆڵینەوە و راپرسییەکان دەریدەخەن ترەمپ و تیمی هەڵبژاردنەکەی دیبەیت سڵدەکەنەوە، یان کەمێك ساردی دەنوێنن، ئەو گڕوتینەی دیبەیتکردن کە ترەمپ لەگەڵ بایدن هەیبوو، لەگەڵ هاریس نەیماوە."

لە دوایین و تاکە دیبەیتی ترەمپ لەگەڵ بایدن لە حوزەیرانی ئەمساڵ؛ ترەمپ پشتی سیاسیی بایدنی شکاند.

دێنیز، هاووڵاتی ئەمریکا لەبارەی براوەی ئەو دیبەیتەوە دەڵێ "لە 100٪ ترەمپ، چونکە وریا و هۆشیار بوو، پێچەوانەی بایدن کە ئاگای لە خۆی نەبوو."

لەژێر کاریگەریی دیبەیتەکە، گێچی ترەمپ لە راپرسییەک بە شەش خاڵ پێش بایدن کەوت، دوای هەفتەیەک بایدن کشایەوە و هاریس هاتە شوێنی، پاشان دوودڵیی ترەمپ لە دیبەیتکردن لەگەڵ هاریس دەستی پێکرد.

لەبەرامبەردا هاریس هەر لە سەرەتاوە ئامادەیی خۆی بۆ دیبەیتکردن خستەڕوو؛ لە هەڵمەتێكیدا رووی کردە کامێراکان و پەیامێكی بە ترەمپ دا.

کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریک گوتی " باشە دۆناڵد، هیوادارم بیر لە دیبەتکردنی لەگەڵ من بکەیتەوە، چونکە ئەگەر شتێكت هەیە باشتر وایە راستەوخۆ بە خۆمی بڵێیت."

هەندێ سەرچاوە باس لەوە دەکەن، سی ڤیی بەهێزی هاریس وەک یاسازانێک، داواکاری گشتی و سیناتۆرێكی چالاک و دیار؛ ترەمپی نیگەران کردووە؛ بۆیە ئەملاوئەولا دەکات و پاساو دەهێنێتەوە.

ترەمپ لە یەكێک لە هەڵمەتەکانی گوتوویەتی "لەوانەیە دیبەیتەکە بکرێت"، ئەگەرچی لە کۆنفرانسێكی دیکەیدا قسەیەکی دیکەی کرد.

دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەڵێ "ئێمە بیر لە دیبەیتەکە دەکەینەوە، ئەگەر ئەوان بیانەوێت لە کەناڵی ئەی بی سی بیکەن من بەشداری ناکەم، چونکە ئەو کەناڵی دیموکراتە کۆمیونیستەکانە، بەڵام ئەگەر لە کەناڵی سی بی ئێس بێت، ئامادەم، یاساکانیش هاوشێوەی دیبەیتی پێشوو دەبن."

یەكێک لە بابەتە جێی مشتومڕەکانی نێوان هەردوولا، مایکرفۆنی هەردوو بەربژێرە؛ تیمی هاریس دەڵێن کێشەیان نییە ئەگەر بە درێژایی 90 خولەکی دیبەیتەکە دەنگی مایکرۆفۆنەکە کراوە بێت، لەبەرامبەردا تیمەکەی ترەمپ دەڵێ، دەبێت داخراو بێت؛ گومان دەکرێت ترەمپ لەکاتی قسەکردنی هاریسدا قسەیەک فڕێ بدات کە دەنگدەران لێی دوور بکەونەوە.

لە نێوان مایکرفۆنێکی کراوە و دانەیەکی داخراو؛ ئەگەری هەیە بۆ یەکەمجار لە مێژووی 64 ساڵەی دیبەیتکردنی بەربژێرانی سەرۆکی ئەمریکا، ئەمساڵ هیچ دیبەیتێك نەکرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif