بارمتەیەکی پێشووی ئیسرائیلی رەتیدەکاتەوە حەماس دەستدرێژی کردبێتە سەری

ليست هناك تعليقات



نۆعا ئەرگەمانی، کە لە غەززە بە بارمتە گیرابوو، رەتیدەکاتەوە لە لایەن چەکدارانی حەماسەوە دەستدرێژیی سێکسی کرابێتە سەر یان لێیدرابێت.

ئەرگەمانی لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام باسی لەوە کرد، بەشێک لە قسەکانی لە لایەن میدیای ئیسرائیلەوە شێوێنراون و خراپ گوێزراونەتەوە.

کچە گەنجەکە دەڵێت، "ناتوانم ئەو شتە پشتگوێ بخەم کە میدیای ئیسرائیلی لە 24 کاژێری رابردوودا بەرامبەرم کردی. یەکێکم لە قوربانییەکانی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر و ناتوانم جارێکی دیکە ببمەوە قوربانیی میدیای ئیسرائیل".

ئەرگەمانی باس لەوە دەکات، کاتێک لە لایەن حەماسەوە بە بارمتە گیرا، چەکدارانی ئەو بزووتنەوەیە لێیان نەدا و دەستیان لە قژیشی نەدا، بەڵکو بە هۆی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە هەستی بە "شڵەژان و داڕمانی جەستەیی" کرد.

سوپای ئیسرائیل حوەزیرانی ئەم ساڵ گەڕاندنەوەی نۆعا ئەرگەمانی و 3 بارمتەی دیکەی لە غەززە راگەیاند، ئەوەش دوای ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ سەر کەمپی نوسەیرات لە نێوەڕاستی کەرتی غەززە کە بە گوتەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، بووە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان سڤیلی فەلەستینی.

ئەرگەمانی چەند جارێک سوپا و میدیای ئیسرائیلی تۆمەتبارکرد بەوەی قسەکانی لە کاتی ئازادکردنی شێوێنراون و وەک خۆیان نەگوێزراونەتەوە.

کچەکە رۆژێک دوای ئازادکردنی، گوتی، لەگەڵ دوو بارمتەی دیکەی ئیسرائیلی لە یەک شوێن هێڵدرابوونەوە، بەڵام دوو بارمتەکەی دیکە بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر شوێنەکەیان کوژران؛ باسی لەوەشکرد کە سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ئەو ماڵەی کە پێشتر تێیدا بووە و گوتی، "مووشەک بەر ماڵەکە کەوت و گوتم دەمرم، بەڵام بە زیندوویی مامەوە".

بارمتەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، چەکدارانی حەماس ئەویان لە ماڵێکەوە بردووەتە ماڵێکی دیکە و رێگەیان پێ داوە ناوبەناو بچێتە دەرەوە و هەناسەیەک هەڵمژێت، لە کاتێکدا داوایان لێکردووە جلی عەرەبی لەبەربکات بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif