کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بووە بەربژێری پارتی دیموکرات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە 5ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، کە تێیدا رووبەڕووی دۆناڵد ترەمپی کۆماری دەبێتەوە.
مسۆگەربوونی ئەو پێگەیە بۆ هاریس، دوای پێنج رۆژ لە دەنگدانی ئۆنڵاینی نوێنەرانی پارتی دیموکرات هات.
دەنگدانەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر، واتە پێش نیوەشەو بە کاتی واشنتن، کۆتاییهات. پارتی دیموکرات دەڵێت، 99٪ـی نوێنەران دەنگیان بە هاریس داوە بۆ ئەوەی ببێتە بەربژێری فەرمی.
پارتەکە پێش کۆنگرەی نیشتمانیی خۆی، کە بڕیارە 19ـی ئەم مانگە لە شیکاگۆ بکرێت، ئەنجامەکە بە فەرمی پەسند دەکات.
هاریس لە خێزانێکی کۆچبەر لەدایکبووە، لەنێو دامودەزگە سیاسی و یاساییەکانی کالیفۆرنیادا بە چەندین پۆست و رۆڵدا تێپەڕی تاوەکو بووە یەکەمین ژن کە پۆستی جێگری سەرۆک بەدەستبهێنێت.
هاریس بووە یەکەمین ژن لە نەژادی رەشپێستەکان لە مێژووی ئەمریکادا کە بووبێتە بەربژێری فەرمیی پارتێکی سیاسی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی.
هاریس پێشتر رایگەیاندووە نیازی نییە لەو سیاسەت و پلانانە لابدات کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری پێشووی پارتی دیموکرات، بانگەشەی بۆ دەکردن، لەوانەش، دیموکراسی، رێگریکردن لە رووداوەکانی تەقەکردن و پاراستنی ''ماف''ـی لەباربردنی منداڵ.
چاوەڕێ دەکرێت بانگەشەی هەڵبژاردنی هاریس بەراورد بە بایدن، بەرامبەر ترەمپ گەرمتر بێت، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی هاریس پاشخانێکی دەوڵەمەندی لە بواری یاسادا هەیە و پێشتر وەک داواکاری گشتی کاری کردووە، کە دەتوانێت بۆ رەخنەگرتن و زەقکردنەوەی ئەو 34 تۆمەتە بەکاریبێنێت، کە رووبەڕووی ترەمپ کراونەتەوە.
ئەلێکس پادێلا، سیناتۆری دیموکرات دەڵێت "بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی دەنگی نەوەیەکی نوێیە، داواکارێکی گشتیی ژن بووە لەو کاتەی مافە سەرەتاییەکان و مافەکانی پەیوەست بە منداڵبوون لە باسوخواسدا بوون، وەکو ئەوە وایە لەم کاتەدا هەموو ئەستێرەکانی بەختی [هاریس] لە دوای یەکدی ریزبووبن."
کامالا هاریس، 20-10-1964 لە شاری ئۆکلاند لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لەدایکبووە. شیامالا گۆپالان، دایکی هاریس زانایێکی شێرپەنجەی مەمک بوو کە لە تەمەنی 19 ساڵیدا کۆچیکردبوو بۆ ئەمریکا و دۆناڵد هاریس، باوکی هاریس مامۆستای زانکۆی ستانفۆرد بوو بە رەچەڵەک خەڵکی جامایکایە.
کامالا هاریس چەندین ساڵ لە ناوچەی بەی ئێریای کالیفۆرنیا داواکار بوو، تاوەکو لە ساڵی 2010 بووە داواکاری گشتیی ویلایەتەکە، دواتر لە هەڵبژاردنی ساڵی 2016ـی کۆنگرێسدا، بووە سیناتۆر.
هاریس وەک سیناتۆرێک، لە بەرەبەیانی سەرۆکایەتیی ترەمپدا گەیشتە واشنتن و بووە بەرهەڵستکارێکی لیبراڵی سیاسەت و کاربەدەستدانی ئیدارەی سەرۆکە نوێیەکە، هەروەها دەرفەتی لە پێش خۆیدا کردەوە بۆ ئەوەی رۆژێک لە رۆژان خۆی بۆ کۆشکی سپی بەربژێر بکات.
لەبەرئەوەی ئەندامی لیژنەی دادی ئەنجوومەنی پیران بوو، توانی لەسەر ئاستی نیشتمانی زیاتر خۆی بناسێنێت، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لەو پۆستەدا لێپێچینەوەی لە چەندین بەرپرسی ئیدارەی ترەمپ کرد.
هاریس لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020ـشدا خۆی بەربژێر کرد. سەرەتا بە گڕوتینەوە دەستیپێکرد و لە شارەکەی خۆی 20 هەزار کەس بۆ پشتیوانیکردن لێی گردبوونەوە، بەڵام دواتر بەهۆی ناڕەزایی ستافەکەی و سەرنەکەوتنی لە کۆکردنەوەی پارەی پێویست بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، لە هەڵبژاردنی سەرەتایی دیاریکردنی بەربژێری دیموکراتەکان کشایەوە.
هەروەها نەیتوانی پلان و سیاسەتەکانی بۆ دەنگدەرانی دیموکرات روونبکاتەوە، بەدیاریکراویش لە بارەی چاودێریی تەندروستی.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هاریس کەسی هەرە لەپێش بوو کە بایدن وەک جێگر بۆ خۆی بەربژێری بکات، چونکە بەڵێنی دابوو ژنێکی رەشپێست بکاتە جێگری.
دوای ئەوەی بووە جێگری بایدن، مانگەکانی سەرەتای پۆستەکەی پڕبوون لە ئاڵنگاری. بایدن داوای لێکرد سەرکردایەتیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئەمریکای نێوەڕاست بکات بۆ ئەوەی هۆکاری ریشەیی کۆچکردنی نایاسایی بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکان چارەسەربکات.
کۆمارییەکان رەخنەی توندیان لێ گرت بەوەی سیاسەتەکەی لە پاراستنی ئاساییشی سنووری وڵاتەکە شکستیهێناوە، ئەمە تاوەکو ئێستاش وەک مۆتەکەیەکی سیاسی پێوەی نووساوە.
کامالا وەک جێگری سەرۆک، توانی لە دوو ساڵی یەکەمی پۆستەکەیدا زوو زوو دەنگی خۆی لە کۆنگرێس بەکاربێنێت بۆ سەرخستنی ئەو سیاسەت و یاسایانەی دیموکراتەکان پێشنیازیان دەکردن. چونکە ئەو کاتە، ژمارەی ئەندامانی کۆماری و دیموکرات لە ئەنجوومەنی پیران یەکسان بوو. هاریس وەک سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، بە دەنگی خۆی جیاوازی دروستدەکرد.
دوای ئەوەی بایدن لە 21ـی تەممووز، لە رکابەرایەتیی هەڵبژاردن کشایەوە، هەر زوو پشتیوانی لە هاریس کرد. لە دوو هەفتەی دواتردا، دیموکراتەکان بە جۆشوخرۆشەوە پشتیوانییان لە هاریس کرد، بەلێشاو پارەی بۆ کۆکرایەوە، لایەنگرەکانی وەک خۆبەش و بە کۆمەڵەی گەورەوە دەستیان بە بانگەشەکرد بۆی.
بەڵام دیموکراتەکان چاوەڕێ دەکەن مانگە هەنگوینییەکەی هاریس وەک خۆی نەمێنێتەوە، گومانیشی تێدا نییە بەهۆی هەڵوێستەکانی ئیدارەی بایدن، دۆخی ئابووری و دۆخی دەرەوەی وڵات و بە دیاریکراویش رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پرسیاری سەخت ئاراستەی هاریس دەکرێن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق