ناوى بەربژێرانى پەرلەمانى کوردستان پەسند دەکرێت

ليست هناك تعليقات



هەفتەى داهاتوو وردبینی لە ناوى بەربژێرانى پەرلەمانى کوردستان کۆتایی دێت و کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ناوەکانیان پەسند دەکات.

رۆژی هەینی، 23-08-2024، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند: "هەفتەى داهاتوو وردبینى دۆسیەى بەربژێران لەلایەن دەزگا پەیوەندارەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان کۆتایی دێت و ئەنجوومەنى کۆمیسیاران راستاندن بۆ ناوەکانیان دەکات."

سەبارەی بە ژمارەی ئەو بەربژێرانەی لە وردبینی دەرنەچوون، عیماد جەمیل گوتی: "تاوەکو ئێستا حەوت بەربژێرى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە دواى وردبینى دۆسییەکانیان دوورخراونەتەوە".

رۆژی 06-08-2024 بە ئەلیکترۆنی و کاخەز، لیستی ناوی بەربژێرانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی وردبینی بۆ وەزارەتەکانی ناوخۆ لە بەغدا و هەولێر و دەستەکانی دەستپاکی لە حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان نێردراوە.

سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند: قۆناخى دواى پەسندکردنى ناوى بەربژێران، چاپکردنى کاخەزى دەنگدان دەستپێدەکات.

بەپێی سیستمی تۆمارکردن و پەسندکردنی لیستی بەربژێرانی هەڵبژاردنی ساڵی 2024ـی پەرلەمانی کوردستان، مەرجە ئەو کەسەی دەبێتە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم ئەم شەش مەرجەی تێدا بێت:

- هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بێت (بەپێی ناسنامەی باری شارستانی یان کارتی نیشتمانی یان کارتی بایۆمەتریی دەنگدان) و نیشتەجێی ئەو شوێنە بێت کە کارتی زانیارییەکەی تێدا دەرچووە.

- تەواو شیاو بێت و تەمەنی لە 25 ساڵ کەمتر نەبێت.

- بتوانێت بخوێنێتەوە و بنووسێت.

- بە تاوانەکانی ئابڕووبەری رەوشتی، ئادابی گشتی و دەستپاکی سزا نەدرابێت.

- بە تاوانەکانی کوشتنی بەئەنقەست یان دزیکردن سزا نەدرابێت.

- لەو تاوانانەی دەسەڵاتە سەرکوتکارەکان پلانیان بۆ داڕشتووە بەشداری نەکردبێت یان لە هەرێمی کوردستان ئەو تاوانەی نەکردبێت.

بەپێی رێکارەکان پێویستە لەماوەی 15 رۆژدا وردبینی و لێکۆڵینەوە لە ناوەکان و شیاوێتیی بەربژێران تەواو بێت.

1198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، بەربژێری کۆتای پێکهاتە، لیستى پارت و هاپەیمانێتییەکان ناوى خۆیان تۆمارکردووە بۆ هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان، کە بڕیارە لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا بکرێت.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif