ئۆپێک: جیهان لە 2050 دا زیاتر پێویستی بە نەوت دەبێت

ليست هناك تعليقات


رێکخراوی ئۆپێک، چەندین ساڵە سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرتی (ئاسۆی نەوتی جیهان بۆ 2050)یە. راپۆرتەکە، نەخشەی گۆڕانکارییەکان لە کەرتی نەوت و وزە تاوەکو 2050 دەخاتەڕوو. راپۆرتەکە روونیدەکاتەوە کە بازاڕی نەوت چۆن ساڵ لە دوای ساڵ تاوەکو ئەوکاتە گۆڕانکاری بەسەردادێت. راپۆرتەکە نیشانیدەدات کە جیهان لە 2050 دا چەند بەرمیل نەوتی پێویستە و چەند نەوت لەو ساڵەدا بەرهەم دێت.

بەپێی ئەو راپۆرتە، هەرچەندە وڵاتانی جیهان لە دوای پەسندکردنی رێککەوتنامەی ژینگەیی پاریس لە 2015 لە چەند ساڵی رابردوودا هەوڵیانداوە دووربکەونەوە لە سەرچاوە نەریتییەکانی وزە، وەکو نەوت و گاز، بەڵام بەپێچەوانەوە، رێکخراوی ئۆپێک دەڵێت "رەوشەکە وەکو ئەوەی لێنایێت کە وڵاتان خەونی پێودەبینن، بەڵکو لە 2050 دا نەوت و گازی زیاتر پێویستە".

گرنگترین خاڵەکانی نێو راپۆرتەکەی ئۆپێک

ژمارەی دانیشتووانی جیهان؛ ژمارەی دانیشتووانی جیهان لە نزیکەی 8 ملیار کەسی ئێستا، بەرزدەبێتەوە بۆ 9.7 ملیار کەس لە 2050دا. ژمارەی هێزی کار کە کەسانی تەمەن لەنێوان 16 بۆ 64 ساڵ پێکیدەهێنن، لە 2050 دا 870 ملیۆن کەس زیاد دەبێت و دەگۆڕێت بۆ 6 ملیار کەس.

گەشەی ئابووریی جیهان

لە نێوان 2023 تاوەکو 2050 ئابووریی جیهان تێکڕا ساڵانە بەڕێژەی 2.9٪ گەشە دەکات. قەبارەی ئابووریی جیهان کە لە 2023 دا 165 تریلیۆن دۆلار بووە، بەرزدەبێتەوە بۆ دوو هێندە، نزیکەی 358 تریلیۆن دۆلار لە 2050 دا.

سیاسەتەکانی وزە

هەرچەندە 28ـەمین کۆنفرانسی ژینگەیی نەتەوە یەکگرتووەکان، COP28، کە لە ئیمارات بەڕێوەچوو، دەستکەوتیکی گەورەیە لەبەرئەوەی وڵاتانی هاندا بەرەو کەمکردنەوەی گازە زیانبەخشەکان هەنگاوبنێن، بەڵام کەمکردنەوەکان ئەگەری هەیە ببێتە هۆکار بۆ لەدەستچوونی ئاسایشی وزەی وڵاتان.

گۆڕانکارییە تەکنۆلۆجییەکان

پێشکەوتنەکانی تەکنۆلۆجیا کاریگەری لەسەر بازاڕی وزە دادەنێت. هەرچەندە پشکی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و رێژەی بەکارهێنانیان لە 2050 دا بەرزدەبێتەوە، بەڵام ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بە بەنزین و گازوایل کاردەکەن هێشتا لە 2050 زیاترین رێژەی ئۆتۆمبێلەکانی سەر رێگە و شەقامەکان دەبن.

خراپیی تۆڕی کارەبا، کەمیی بەرهەمهێنانی باتریی ئۆتۆمبێل، کەمیی کانزای پێویست دەتوانێت بەربەست لەبەردەم گەشەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دروست بکات، بەپێی ئەو راپۆرتەی رێکخراوی ئۆپێک.

خواست بۆ وزە

خواست بۆ بەکارهێنانی وزە رۆژانە لە 301 ملیۆن هاوتای بەرمیل نەوتی 2023، بەرزدەبێتەوە بۆ 374 ملیۆن هاوتای بەرمیل نەوت لە 2050 دا، بەوپێیەش بەڕێژەی 24٪ لەو ماوەیەدا بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت.

گۆڕانکاری لە خواست بۆ جۆرەکانی وزە

جگە لە خەڵووز، خواست بۆ بەکارهێنانی هەموو جۆرەکانی وزە نەریتییەکان لە 2050 دا زیاد دەبێت. زیاترین بەرزبوونەوەی خواست بۆ وزە نوێبووەکان دەگەڕێتەوە بۆ وزەی با و وزەی خۆر. خواست بۆ بەکارهێنانی وزەی با و خۆر لە رۆژانە 9.6 ملیۆن هاوتای بەرمیل نەوت لە 2023 دا، بەرزدەبێتە بۆ 52.4 ملیۆن هاوتای بەرمیل نەوت لە 2050 دا.

هەرچەندە وزەی بەرهەمهاتوو لەڕێگەی وزەی با و وزەی خۆر بە کیلۆوات، مێگاوات، تێراوات و یەکەکانی دیکەی کارەبا دەپێوردرێت، بەڵام بەمەبەستی سادەکردنەوە و هەڵسەنگاندن لەگەڵ سەرچاوە نەریتییەکانی دابیکردنی وزە، وەکو نەوتی خاو، ئەو بڕە وزەیەش کە لە وزەی خۆر و وزەی با بەرهەمدەێت، هاوتای بەرمیلێک نەوت کراوە و بڕی وزەکە کراوە بە هاوتای بەرمیل نەوت. لەڕووی زانستییەوە یەک بەرمیل نەوت هاوتایە لەگەڵ 1700 کیلۆوات-کاژێر کارەبا.

- لە دوای وزە نوێبووەکان، زیاترین بەرزبوونەوەی خواست لە گازی سرووشتی دا روودەدات.
- خواست بۆ بەکارهێنانی گازی سرووشتی تاوەکو 2050 بە بڕی 20.5 ملیۆن هاوتای بەرمیل نەوت، بەرزدەبێتەوە.
- خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو تاوەکو 2050 بەبڕی 16.7 ملیۆن هاوتای بەرمیل نەوت بەرزدەبێتەوە.
- خواست بۆ بەکارهێنانی چەندین سەرچاوەی دیکەی وزە، بەپێچەوانەی سەرچاوەکانی سەرەوە کەم دەبێتەوە.
- خواست بۆ بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی لەنێوان 2023 تاوەکو 2050 بەبڕی 9.6 ملیۆن هاوتای بەرمیل نەوت کەم دەبێتەوە.
- خواست بۆ بەکارهێنانی سووتەمەنی ( بایۆماس)، رۆژانە بەبڕی 8.2 ملیۆن هاوتای بەرمیل نەوت کەم دەبێتەوە.
- تاوەکو 2050، خواست لەسەر وزەی هایدرۆ ( کارەبای بەنداوەکان) رۆژانە بە بڕی 4 ملیۆن هاوتای بەرمیل نەوت دادەبەزێت.
- زیاترین کەمبوونەوەی خواست لە خەڵووز روودەدات، ئەویش بەبڕی 29 ملیۆن هاوتای بەرمیل نەوت لە رۆژێک دا.

زیادبوونی پشکی نەوت و گاز

پشکی نەوت و گاز لە دابینکردنی وزەی جیهان لە 2050 دا پێکەوە بەرزدەبێتەوە بۆ 53٪. زیاترین پشکیش بۆ نەوتی خاو دەگەڕێتەوە کە 29٪ـە.

لە 2050 دا، گۆڕانکاری بەسەر سەرچاوەکانی دابینکردنی وزەی جیهان دێت. پشکی نەوت و گاز لە دابینکردنی وزەی جیهان، لە بەرهەمهێنانی کارەباوە بگرە تاوەکو گواستنەوە، گەرمکردنەوە و ساردکردنەوە، زیاتر بەرزدەبێتەوە. بەپێچەوانەی ئەو گەشبینییەی کە هەیە سەبارەت بە پێشکەوتنی خێرای سەرچاوەکانی وزە نوێیبووەکان، بە چەشنێک کە شوێنی نەوت و گاز دەگرنەوە، راپۆرتەکەی ئۆپێک ئاشکرای دەکات کە ئەوە روونادات.

لە 2050 دا پشکی سەرچاوەکانی وزە لە دابینکردنی وزەی پیویستی جیهان بەم شێوازەیە:

نەوت: 29.3٪
خەڵووز: 13.1٪
گاز: 24٪
وزەی ئەتۆم: 6.5٪
بەنداوەکان: 3.1٪
وزەی بایۆماس: 10.4٪
جۆرەکانی دیکەی وزە نوێبووەکان: 14٪.

خواست بۆ نەوتی خاو

خواست بۆ نەوتی خاو لە جیهان دا رۆژانە لە 102.2 ملیۆن بەرمیل لە ساڵی 2023 بەرزبووەوە بۆ 120.1 ملیۆن بەرمیل. بەوپێیەش جیهان بەراورد بە 2023، لە 2050 دا 17.9 ملیۆن بەرمیل نەوتی زیاتری پێویستە.

خواست بۆ نەوت بەپێی کەرتەکان

زیاترین بەرزبوونەوەی خواست تاوەکو 2050 بۆ نەوتی خاو لە هەر سێ کەرتی پێترۆکیمایی، گواستنەوەی وشکانی و گواستنەوەی ئاسمانی دا روودەدات. زیاتربوونی خواست لە هەر یەک لەم کەرتانەدا یەک بە داوی یەک دا بەوشێوەیە بە بڕی رۆژانە زیاد دەبێت 4.9 ملیۆن بەرمیل، 4.6 ملیۆن بەرمیل و 4.2 ملیۆن بەرمیل.

لە کەرتی گواستنەوەی وشکانی تاوەکو کۆتایی ئەم دەیەی ئێستا، واتە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2029، خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەو کەرتەدا بەرزدەبێتەوە بۆ نزیکەی 50 ملیۆن بەرمیل لەرۆژێک دا، بەڵام لە ساڵی 2030ـەوە تاوەکو 2050 خواست لە کەرتی گواستنەوەی وشکانی هێندە بەرزنابێتەوە و جێگیردەبێت، بەهۆی زیابوونی ئۆتۆمبێلی کارەبایی.

ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لە 2023 دا 1.7 ملیار ئۆتۆمبێل بووە، بەڵام لە 2050 دا ئەو ژمارەیە زۆردەبێت بۆ 2.9 ملیار ئۆتۆمبێل. هەرچەندە پشکی ئۆتۆمبێلی کارەبایی تاوەکو 2050 بەرزدەبێتەوە، بەڵام هێشتا لە 2050 دا 70٪ی ئۆتۆمبێلەکانی سەر رێگە و شەقامەکان ئۆتۆمبێلی بەنزین و گاز دەبن.

خستنەڕووی نەوت

خستنەڕووی نەوت لەلایەن ئەمریکا، بەرازیل و کەنەدا کە سێ وڵاتی دەرەوەی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەسن لە 51.7 ملیۆن بەرمیلی ساڵی 2023 بەرزدەبێتەوە بۆ 57.3 ملیۆن بەرمیل لە 2050 دا.

خستنەڕووی نەوت لەلایەن بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێک پڵەس لە رۆژانە 50.3 ملیۆن بەرمیلی ساڵی 2023ـەوە بەرزدەبێتەوە بۆ 62.9 ملیۆن بەرمیل لە 2050 دا.

وەبەرهێنان لە نەوت دا

بۆ ئەوەی وڵاتە نەوتییەکان بتوانن لە ئاست بەرزبوونەوەی خواست بن بۆ بەکارهێنانی نەوت لە 2050 دا، دەبێت پێکەوە 17.4 تریلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت دا بکەن. ئەوە دەکاتە ساڵانە 640 ملیار دۆلار وەبەرهێنان کە پێویستە بکرێت. ئەمە زیاترین بەشی ئەو وەبەرهێنانە دەبێت لە کەرتی باڵادەستی نەوت، ( کێڵگە نەوتییەکان) دا بکرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە لە کەرتی نێوەڕاست و خوارەوەی نەوت کە سیستمی بۆڕییەکان و پاڵاوگەکانە، دەبێت بکرێت.

بازرگانی بە نەوت

قەبارەی بازرگانی نێودەڵەتی بە نەوت و گازی کۆندێنسەیت کە نەوتێکی زۆر سووکە بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست، بەرزدەبێتەوە. بازرگانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی نەوت و کۆندێنسەیت لە 36.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێک دا لە 2023 بەرزدەبێتەوە بۆ رۆژانە 46.2 ملیۆن بەرمیل نەوت لە 2050 دا.

پێشبینی دەکرێت پشکی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بازاڕی نەوت لە 2050 دا بەرزبێتەوە بۆ 58٪ی کۆی بازاڕەکە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif