وەزارەتی کشتوکاڵ: 7000 تۆن گەنم کڕدراوە و بۆ بنەتۆو دەدرێتەوە جووتیاران

ليست هناك تعليقات




ئەندامێکی لیژنەی باڵای تۆماری بنەتۆو لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، ئەو گەنمەی بۆ بنەتۆو دەیدەنە جووتیاران لە قۆناخی دەرمانکردندایە.

ساڵانە لە وەرزی پاییزدا بەگوێرەی بڕی بارانبارین، چاندنی دانەوێڵە لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. زانا محەممەد، ئەندامی لیژنەی باڵای تۆماری بنەتۆ لە وەزارەتی ‏كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی، "وەزارەت ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی چاندن دەستپێکردووە."

زانا محەممەد گوتی، ئەم ساڵ وەزارەتی کشتوکاڵ 7 هەزار تۆن گەنمی بۆ بنەتوۆ کڕیوە و ئێستا سەرقاڵی پاککردنەوە و دەرمانکردنییەتی بۆ وەشاندن؛ گوتیشی، بە نرخی پاڵپشتیکراو و کەمتر لەوەی کڕدراوە دەدرێتەوە جووتیاران.

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، زەوی کشتوکاڵ و شیاو بۆ دانەوێڵە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 3 ملیۆن دۆنمە؛ هەر دۆنمێک نزیکەی 40 کیلۆ گەنم بنەتۆو پێویستە و بەگشتی ساڵانە پێویستیی بنەتۆو دەگاتە زیاتر لە 120 هەزار تۆن.

ئەندامەکەی لیژنەی باڵای تۆماری بنەتۆ لە وەزارەتی ‏كشتوكاڵ دەڵێت، جگە لەوەی وەزارەتەکەیان، چەندین سەرچاوەی دیکەی بنەتۆو لە هەرێمی کوردستان هەن، لەوانە خوودی جووتیاران، بەغدا و کۆمپانیاکانیش گەنمی بڕواپێکراو هاوردە دەکەن.

ساڵی رابردوو بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن بوو. بە گوتەی زانا محەممەد، پار هیچ کێشەیەک لە دەستکەوتنی بنەتۆودا نەبووە.

01ـی مانگی تەمموزی ئەم ساڵ وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، پاڵپشت بە نووسراوی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاردرا بە کڕینەوەی بنەتۆوی گەنمی جووتیاران بە نرخی 860 هەزار دینار بۆ پلەی باوەڕپێکراو و 885 هەزار دینار بۆ پلەی تۆمارکراو بۆ هەر تۆنێک.

زانا محەممەد گوتی، ئەو بەرهەمەی دەکڕدرێتەوە بە پاککردنەوە رێکارەکانی دیکەوە هەر تۆنێکی نزیکەی ملیۆنێک دینار لە سەر حکومەت دەکەوێت.

لە هەرێمی کوردستاندا ساڵانە زیاتر لە 120 هەزار تۆن گەنمی بنەتۆو دەچێندرێت. بە گوتەی زانا محەممەد، لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە نزیکەی 50 هەزار تۆن گەنمی بنەتۆو پێویستە و ئەوی دیکەش لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەچێندرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif