کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ لە رێگەی تیمی یاساییەوە وردبینی بۆ بەربژێرانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات. بەرپرسێکی کۆمیسیۆن دەڵێت، پێدەچێت تەواوبوونی پەسندکردنی ناوەکان هەفتەیەک بخایێنێت.
خالید عەباس، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، "بۆ پەسندکردنی ناوی بەربژێران، لیژنەی یاسایی کۆمیسیۆن هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و کارەکانیان دەستپێکردووە."
سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، پێشبینی دەکات پەسندکردنی ناوی بەربژێرانی پەرلەمانی کوردستان بکەوێتە هەفتەی داهاتوو.
پێشتر دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وردبینییان لە ناوی بەربژێران کردووە و رادەستی کۆمیسیۆنیان کردووەتەوە.
"کاتی بانگەشە پێش دەکەوێت"
سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان گوتی، "دوای پەسند کردنی ناوەکان، بانگەشە دەستپێدەکات و بە ئەگەری زۆرەوە بانگەشەکە پێش 16ی مانگ دەستپێدەکات کە دیاریکراوە."
18ی مانگی 10ی ئەم ساڵ، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت و 20ی هەمان مانگ دەنگدانی گشتی.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 ـیان دەنگدەری گشتی و 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان 1431 بنکەی دەنگدان دەبن، 1266ـیان بنکەی دەنگدانی گشتی و 165ـیان بنکەی دەنگدانی تایبەتن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق