وەزیری دارایی عێراق: پارەى قەرەبووى زیانلێکەوتووانى هەرێمى کوردستان نەدراوە

ليست هناك تعليقات


تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق لە وەڵامى نووسراوى لیژنەیەکى پەرلەمانى عێراقدا دەڵێت، پارەى قەرەبووى موڵک و ماڵى زیانلێکەوتوانى دەستى دەسەڵاتی بەعس لە هەرێمى کوردستان نەدراوە، ئەوە لەکاتێکدایە یاسای قەرەبووکردنەوەکە لە 2010 پەسندکراوە.

ئەو نووسراوەى تەیف سامى لە 12ـی ئاب بۆ لیژنەى شەهیدان، قوربانیان و زیندانیانى سیاسیی پەرلەمانی عێراق نێردراوە، ئەمەش لە وەڵامى نووسراوێکى ئەو لیژنەیە کە داواى لێکردبوو روونکردنەوەیان بداتێ لەوەی؛ ئایا لە بودجەى عێراق پارە بۆ قەرەبووکردنەوەى ئەو هاونیشتمانیانەى خەڵکی هەرێمى کوردستان کە بە هۆى دەسەڵاتى بەعسەوە زیانیان بەرکەوتووە، تەرخان کراوە؟ دواى ئەوەى یاسای قەرەبووکردنەوەى هاووڵاتیانی زیانلێکەوتوو لە ساڵى 2010 پەسند کراوە.

چرۆ حەمە شەریف، ئەندامى لیژنەى شەهیدان، قوربانیان و زیندانیانى سیاسى رایگەیاند، "نووسراوەکەى وەزیرى دارایی فیدراڵ پاڵپشتییە بۆ سەلماندنى ئەو گوتەیەی کە پێشتر هیچ زیانلکەوتوویەکى دەستى رژێمى پێشوو قەرەبوو نەکراوەتەوە. نووسراوەکە کاریگەریشی لەسەر هەموارى یاساکە دەبێت، کە ئێستا لە پەرلەمانە و لە هەوڵداین ئەو قەرەبووکردنەوەیە هاونیشتمانیان بگرێتەوە."

24ـی تەممووز، حەسەن سالم، سەرۆکى لیژنەى شەهیدان، قوربانییان و زیندانیانى سیاسیی پەرلەمانى عێراق 4 نووسراوی ئاراستەى لایەنە پەیوەندیدارەکانى هەولێر و بەغدا کرد لەبارەى قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى دەستى بەعس لە هەرێمى کوردستان بۆ ئەوەى ئەو قەرەبووە بیانگرێتەوە.

نووسراوەکان ئاراستەى نوێنەرایەتیى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق، وەزارەتى دارایی فیدراڵى، ئەمینداریێتیی گشتیی ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق کراون.

چرۆ حەمە شەریف گوتى، "وەڵامى سێ نووسراوەکانى دیکەمان بەدەست نەگەیشتووە." 

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif