پەنجەرەیەك بۆ بینینی کۆمەڵگای ئێمە و ئەوانەی بەڕێوەی ئەبەن!

ليست هناك تعليقات


هادی حمەڕەشید
-
فیلمی(بێ هەمە چیز)
پەنجەرەیەك بۆ بینینی کۆمەڵگای ئێمە و ئەوانەی بەڕێوەی ئەبەن!

بۆ تێگەیشتن لەم دۆخەی ئێستامان، بینینی فیلمی(بی همەچیز)ی ئێرانیی ئەتوانێت خزمەتێکی گەورەمان پێشکەش بکات، دۆخێک کە بەداخەوە کۆمەڵگا خاڵییکراوە لە هۆکارەکانی خۆڕاگریی و جەوهەری مانەوەی بەهاکانی(مقومات البقاء القیم).
فیلمی(بی همەچیز) کە لە ناونیشانەکەیەوە دیارە مەبەستی(بێ هیچ شتێک/ یان داماڵراو لە هەموو شتێک)ـە، لە نووسینی (موحسینی قەرائی)ـیە کە گوایە بە ئیلهام وەرگرتن لە شانۆنامەی(زيارة السيدة العجوز)ـی فریدریک دورينمات وەرگیراوە.
ساڵی پار دەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی لە ناوەندی سینەما و فیلمی ئێرانیی و ناوچەکەدا هەبوو، هاوکات بەشێکی بەرچاو لە خەڵاتەکانی لە فیستیڤاڵە هونەرییەکانی ئەو وڵاتەی دەستەبەرکرد.

سیناریۆی فیلمەکە؛
لە پێش شۆڕشی گەلانی ئێراندا و لەسەردەمی شای پەهلەوییدا، لە گوندێکدا پاڵەوان و نموونەیەکی باڵا هەبوو، ناوی(ئەمیری عەتار) بوو، ئاغازادەیەک بوو کە تا ڕادەیەک هەمووان پێی سەرسام بوون، جێگای متمانەیان بوو، کوڕی ڕۆژی تەنگانەیان بوو، لە کۆتاییدا پلەی(دادوەری گوند)یش بەڕێوە ئەبات.
گوندەکە لە دۆخێکی سەقامگیر و پڕ کار و هۆکارەکانی ژیانەوە، لە پڕێکدا ئەگۆڕێک بۆ جێگایەکی نائارام و پڕ لە ژاوەژاو، کانی دەرهێنانی خەڵوزەکەیان کە سەرچاوەی داهاتیان بوو، لەکار ئەکەوێت و بەدوایدا گرفت بۆ خزمەتگوزاریی گشتیی دروست ئەبێت، ڕێگاوبان و خوێندن و تەندروستیی و …تاد جۆرێک لە ئیفلیج ئەبن!
ئەنجوومەنی گوند و دکتۆری نەخۆشخانە و ئەفسەری بنکەی پۆلیس و بەڕێوەبەری قوتابخانە و (قاسم)ـی برا بچووکی ئەمیر لە دیارترین کارەکتەرەکانی گوندن و هەر یەکە و بەرپرسیارێتییەکیان هەیە، بەڵام بۆ بەرەوپێشبردنی هەموو کارێک پێویستیان بە سەرمایەی ڕەمزیی و سومعەی ئەمیرە، ئەو نەبێت کەس گوێ نادات بەهیچ ئەمر و نەهی و (بکە) و (مەکە)یەک!

بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە هەمەلایەنەی تێیکەوتوون، فریادڕەسێک هەیە، ژنێکی خەڵکی گوندەکەی خۆیانە، (لەیلا) کە لە بیست و سێ ساڵ لەوەوبەر بە شێوەیەکی قیزەون دەریان کردووە، بەڵام ئێستا لە شار سەرمایەدارە و وا دیارە بەشێک لە کەسە کاربەدەستەکانی گوند پەیوەندییان لەگەڵ گرتووە، لە سیناریۆیەکدا ژنە سەرمایەدارەکە ئەگەڕێتەوە گوند و پارەی پێویست ئەبەخشێت بە کاربەدەستان و گوندنشینان، لەبەرامبەردا ئەوانیش تۆڵەی ئابڕووی تکاو و ئەوینی لەدەستچووی بۆ بکەنەوە!
بەشێکی زۆری پلانی داڕێژراویش(ئەمیر) بۆ خۆی جێبەجێی ئەکات، نامەیەک کە ئەنجوومەنی گوند بۆ (لەیلا)ی ئەنێرێت، پێویستە ناو و واژووی(ئەمیر)ی لەسەربێت، بەو پاساوەی کە لەیلا تەنیا نامەی کۆنە ئەویندارەکەی کاریگەریی لەسەر دائەنێت و ئەنجوومەنی گوندیش ناچارە ئەو ساختەکارییە بکات!

کاتێک کە لە وێستگەی شەمەندەفەری قەراخ گوندەکە دائەبەزێت، لەلایەن ئەنجوومەنی گوند و دەست و پێوەندەکەیەوە بە ئەوپەڕیی دڵگەرمیی و تامەزرۆییەوە پێشوازیی لە ژنەکە ئەکەن، یەکەم هەنگاویش بە پێداگریی و مەبەستەوە لەبری(لەیلا) بە گوێی هەمووانیدا ئەدەن کە ئیدی ناوی(لەیلا) نییە بەڵکو ئەو(لی لی)ـیە(لی لی نظریان)!
(لەیلا) پێش زیاتر لە بیست ساڵ، هەر لەو گوندەدا لەگەڵ (ئەمیر) ئەبن بە دوو ئەویندار و پەیوەندییەکەیان تا ئاستی نزیکبوونەوە لەیەکتر ئەچێتە پێشەوە، ئەوان ڕاستگۆیانە پێکەوە هەنگاو هەڵئەگرن، هەر بۆیە بە بێ ترس ژوان ئەبەستن، بەڵام مامی ئەمیر کە ئاغای گوند ئەبێت، ڕێگریی ئەکات لە هاوسەرگیرییان و لەیلا بەدناو ئەکرێت و خەڵکی گوند دەری ئەکەن!
ئەویش ڕوو ئەکاتە شار و بۆی دەرئەکەوێت کە دووگیانە و کوڕی ئەمیری هەڵگرتووە، لەو ماوەیەدا هەوڵی خۆدەوڵەمەندکردن ئەدات و بیر لە تۆڵەکردنەوە ئەکاتەوە، تەنانەت مناڵەکەشی کە لەدایک ئەبێت، سەرەتا ئەیسپێرێت بە خێزانێک و پاشتر بە ناونیشانی خزمەتکار لای خۆی گەورەی ئەکات!

لەیلا ئێستا و پاش سی و سێ ساڵ بەخۆی و کوڕەکەیەوە گەڕاوەتەوە، ئیتر(لی لی)ـیە و دەستی پڕە لە پارە و بەناوی فریادڕەسەوە دێتەوە و هەمووان نابود ئەکات!
بۆ ئەم مەبەستەش ئەبێت سەرەتا(ئەمیر) کە ڕەمزی ئازایەتیی و ئەمانەت پارێزیی و حیکمەتە، بچووک بکرێتەوە، پاشان هەمووان لەیەکتر دوڕدۆنگ بکرێن و ئامادەبن تا لە پێناو بەرژەوەندیی خۆیاندا، ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە!
بچووک بوونەوەی ئەمیر لە ساتی گەیشتنی(لی لی)ـدا یەکەم هەنگاوی بۆ ئەنرێت، کاتێک کە پێیئەوترێت نامەکە بەناوی ئەوەوە نێردراوە و ناچارین قەبوڵی بکەین، ئینجا پێویستە ئەمیر ببێت بە شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی کە لە وێستگەی شەمەندەفەرەوە ئەگەیەنێتە ناو گوند!

پێشوازیی گەرم لە(لی لی) ئەکرێت، پاشان لەبەردەم هەموواندا داواکارییەکان ئەخرێنەڕوو، زۆر بە دڵئاوایی(سخاوة)ـەوە بڕیاری دابینکردنی پارە بۆ گرفت و ئاریشەکان ئەدات.
سی و پێنج هەزار تمەن(تومان) بۆ ڕێگاوبان، سی هەزار بۆ قوتابخانە، سی و پێنج هەزاریتر بۆ دەرمانخانە، پارەی پێویست دابین ئەکات بۆ خستنەوەگەڕی کانەکە، پەنجا هەزار بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵ.
هێشتا گوندنشینان چاوەڕێی بەخشیشی تایبەتن، بۆیە ڕوویان تێئەکات و ئەڵێ هەموو ماڵێکیش بڕی سێ هەزار تمەن وەرئەگرن!
بەڵام ئەم بەڵێنانە ناچنە بواری جێبەجێکردنەوە، تا مەرجێک هەیە بە ئەنجام نەگەیەت.
ئەبێت ئەو مەرجە چیی بێت؟!
وا دیارە (لی لی) پێشوەختە مەرجەکەی لەگەڵ(هاوپەیمانەکانی) تاوتوێ کردووە.
ئەنجوومەنی گوند و دکتۆر و بەرپرسی پۆلیس و قاسمی برای ئەمیر، توشی شپرزەیی ئەبن، بەڵام بەڕێوەبەری قوتابخانە و ئەمیر بێ ئاگان لە مەرجەکە.
بەڕێوەبەری خوێندنگەکە مرۆڤێکی سەرڕاست و ئەوینداری(نێرگس)ـی کچە تاقانەی ئەمیرە، کە هاوکات لەگەڵ خۆیدا مامۆستایە.

بۆ سبەی بە مەبەست وردە وردە مەرجەکە بۆ ڕای گشتی دزە پێئەکرێت، کە(لی لی) داوای کردووە (کەسێک) بکوژرێت!
پاشان ڕوون ئەبێتەوە کە کەسەکەش (ئەمیر)ە، لە تۆڵەی ئەو تاوانەی کە چارەکە سەدەیەک لەمەوبەر ئەنجامیداوە!
ئەمیر لەبەرامبەر ئەنجوومەنی گوند و هاودەستەکانیدا ئەوەستێت و ئەڵێ: من هیچ تاوانێکم نەکردووە، مامم ڕێگربووە لەو هاوسەرگیرییە و نەریت بەسەر مندا سەپێنراوە، بگرە بۆ خۆیشم قوربانیی ئەو بڕیارە بووم کە نەگەیشتووم بە ئەوینەکەم.
بەڵکو ئێوە تاوانبار بوون کە مەملەکەت بەدەرتان کرد و بەدناوتان کرد!
(لی لی) تا دێت گوندنشین و کاربەدەستانی گوند ئیغراتر ئەکات و جادوی(پارە) ئەخاتە کار لەو بارەیەوە، لە هەنگاوێکیتردا بۆ دەرخستنی جدییەتی خۆی لەبارەی مەرجەکانییەوە، بڕیار ئەدات کە لە دوکانی(ئەمیر) هەموو کاڵا و پێداویستییەک بکات بە خۆڕایی و پێشوەختە پارەکەی ئەدات، لەشکری گوندنشینان هیچ شتومەکێک لەسەر ڕەفە و مێزی دوکانەکەدا ناهێڵن و بە چاوتروکانێک برنج و شەکر و ڕۆن و مرەبا و تەشت و دۆشاوی تەماتە و تۆپە قوماش و چەرەسات و بێژنگ و لەعابەی مناڵان و بسکیت و دەفتەر و قەڵەم … هەڵئەگرن و گسک لە دوکانەکە ئەدەن!

پاشان مەوعیدێک دیاریی ئەکات، تا دوو ڕۆژی داهاتوو ماوە ئەدات بە هەمووان، تا یان مەرجەکە جێبەجێ بکەن، یان بەڵێنی پارە و خزمەتگوزاریی لەگۆڕێ نامێنێت!
لەپێش هەمووانەوە براکەی ئەمیر و هاوڕێ و بەردەستە کۆنەکانی خۆی هەوڵی بەجێگەیاندنی داخوازییەکانی(لی لی) خاتوونی ئێستا و لەیلا بەدناوی پێشوو ئەدەن!
فشارەکانی ئەو ژنە کارگەریی زیاتر و زیاتر ئەبێت، ئەمیر بانگی کاربەدەستان ئەکات و پێیان ئەڵێت: ئەم پڕۆسەیە زۆر خراپە، لێگەڕێن مەبن بە بەشێک لەو پیلانە!

ئەوان بە توڕەییەوە(کە سەعات دوای سەعات تۆنی دەنگیان ئەگۆڕێت و زیاتر ئیعلانی لایەنگریی بۆ لی لی دەرئەبڕن) پاساو بۆ ملکەچییەکەیان ئەهێننەوە و ئەڵێن:ئەمە بۆ تۆ و گوندەکەشمان باشترە و بەڵێن بێت لە مێژوودا وەک قارەمان و قوربانیی بتناسێنین!!
لەبەرامبەردا ئەمیر پێیان ئەڵێت: من کە هیچ، بەڵام دڵنیابن نۆرەی یەک بە یەکتان دێت، ڕێگا مەدەن و بەشێک مەبن لەو پەتی ستەمەی کە دوای من لە ملی یەک بە یەکتان ئەکرێت!

لە ژێر ئەم پەستانەدا ئەمیر هەوڵی هەڵهاتن ئەدات لەگەڵ خێزان و کچە تاقانەکەیدا، بەڵام لە کۆتا ساتەکاندا و لەڕێگەی کۆمەڵێک لاتولوتی بەکرێگیراوی لی لییەوە ڕێگایان لێئەگیرێت!
بۆ زیاتر تێکدانی شیرازەی خێزانیی ئەمیر، هەوڵ ئەدەن وا لە ئەمیر بکەن کە بەنرخی بەشوودانی نابەدڵی کچەکەی بە داواکارێکی پێشوویەوە، خۆی تەنیا هەوڵی هەڵهاتن بدات، بەڵام تەنانەت ئەو کەسەش ڕاسپێردراوە و بەناوی دەربازکردنییەوە، بە شەرمەزارییەوە کاتێک پەردەی لەسەر لائەبات لە بەر دەرگای هەمان ماڵ کە لی لیی لێیە خەڵکی لەدەوری کۆئەکاتەوە!
ئەمیر تێئەگات کە هەموو ڕووداوەکان زنجیرەیەکی پێکەوەیین و هیچ بوارێک نەماوە جگە لە خۆڕادەستکردن.

10
بۆ سبەی، گوندنشینان بۆ جێبەجێکردنی کۆتا هەنگاو کۆئەکەنەوە، لە گەورەترین مەیداندا هەمووان ئامادە ئەکەن، تەنانەت پیر و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانیش بە کۆڵ ئەهێنن، لیستی پێستر ئامادەکراو کە ناوی هەموو گوندی تێدایە، ئەهێنرێت و هەموو کەسێک لەبەردەم ناوی خۆیدا بە پەنجە بۆیان مۆر ئەکات کە(ئەمیر) لە سێدارە بدرێت.
ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە، هەموویان لەگەڵ بە خێرا و بێ دوودڵیی مۆرکردنی بڕیارەکەدا، بە کوڵ ئەگرین و پێکڕا لە ئازاری ویژداندا خۆئەخۆنەوە و بەدەنگی بەرز شیوەن ئەگێڕن!
ئەنجوومەنی گوند کە هەمیشە لێیان پەست و توڕەیە، دیسان بەسەریاندا ئەنەڕێنێت: ئێوە چین؟ ئەم دوو ڕووییەتان لەچیی؟ بۆچیی مەگەر هەر ئێوە نەبوون دوو ڕۆژە پەلەتانە هەرچی زووتر بڕە پارەکەتان وەرگرن و ئەمیر تەواو بکەین؟!
لەو ساتەدا کە تەپڵەکێکیان هێناوە و لە خوارەوەی پەتی سێدارە بۆ ئەمیر ئامادەکراوە، ئەمیر بێ پەروا خۆی ئەچێتە سەری، لەچاوەڕوانیی کەسێکدا کە پەتی لەمل بکات و شەقێک لە تەپڵەکەکەی ژێر پێی بدات، لی لی وەک جەنەڕاڵێکی سەرکەوتوو لەسەرەوە سەیر ئەکات و هەست بە تۆڵەکردنەوە ئەکات، کوڕە هاوبەشەکەی خۆی و ئەمیر ئەنێرێت بۆ لای ئەنجوومەن و داوا ئەکات کە بڕیارەکە ڕاگرن، ئەنجوومەن و دکتۆر و بەرپرسی پۆلیس و قاسمی برای ئەمیر بەرەولای لی لی ئەچن، ئەنجوومەن بە ئەسپایی پێی ئەڵێن ئەمە چ بڕیارێکە؟!

ئێمە پاشتر چۆن ڕوومان بێت سەیری دەم و چاوی ئەمیر بکەین؟!

لەم بێنەوبەرەیەی ئەواندا و لەناو شیوەن و ناڵەی گوندنشیناندا ئەمیر تێئەگات لە ورتە ورتی ئەوان و بێزار لە بێ هەڵوێستیی خەڵکە سادە و فریودراوەکە، پەت لە ملی ئەکات و بە قاچەکانی خۆی پاڵ بە تەپڵەکەکەی ژێر پێیەوە ئەنێت و لە هەمان کاتدا کە لی لی لەناو ئاپۆڕای خەڵکەکە دەرئەچێت و سەیری چاوی ئەمیری کۆنە ئەوینداری ئەکات، ئەمیر دەکەوێتە هەوا و پەتەکە لە ملیدا توند ئەبێت!
لی لی، یان هەمان لەیلا، بە حەسرەتەوە سواری ئۆتۆمبێلەکە ئەبێت، نە پارەیەک لە گۆڕێیە بۆ خەڵک و جگە لە نابودکردنی زیاتری کۆمەڵگا، مەرگی ئەمیر هیچ خۆشبەختییەکی نەهێنا!!





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif