عارف قوربانی
دواى راپەڕین ئەو هەلومەرجە نێودەوڵەتییەى بۆ کورد هاتە ئاراوە، دەرفەتى ئەوەى رەخساند کورد بتوانێت بناغەى حوکمڕانییەک دابمەزرێنێت کە دواجار ببێتە بناغەى دەوڵەتى کوردستان لە ناوچەکە، بەڵام بەهۆى ئەو پاشخانە خوێناوییەى نێوان پارتی و یەکێتییەوە هەر لە سەرەتاوە ئەم دەرفەتە لەدەستچوو، وەک حاڵەتێکى ناچاریى لە منداڵدانى ئەو هەلومەرجە لەبارەوە، شێوازێکى نالەبارى حوکمڕانى بۆ کوردستان نەخشێندرا.
هیچ گومان لەوەشدا نییە هەر شتێک بناخەکەى بەخراپى دانرا، دواتر راستکردنەوەى ئەگەر مەحاڵیش نەبێت، کارێکى قورسە. دروستبوونى حکومەتى کوردستان لەسەر بنەماى (وەک یەکى) بۆ ئەو دوو هێزە سیاسییەى هەموو ستراتیژ و بەرنامەیەکیان لەسەر بنەماى کار و کاردانەوە بوو بەرانبەر بە یەکدی، ئەو مۆدێلە حوکمڕانییەى بەرهەمهێنا کە ئێستا نزیک بووینەتەوە لە کۆتایی مۆدێلەکەى.
رەنگە کارێکى ئاسان نەبێت ئێستا وێنایەک بۆ ئەوە دروستبکەین ئەگەر لە سەرەتاوە کوردستان ئەم دوو هێزە ناکۆکەى نەبووایە و لەبرى ئەوان چەند هێزێکى دیکەى سیاسى هەبووان، یاخود هەر یەک هێزى سیاسى هەبووایا، یان ئەگەر وێناکە بەو جۆرە بکێشین لە بوونى ئەم دوو هێزە رکابەرەشدا ئەگەر یەکێکیان دەسەڵاتدار و ئەوى دیکەیان ئۆپۆزیسیۆن بووبا، یان لەبرى رێککەوتنى (50 بە 50) بە جۆرێک رێککەوتبان، هەر چوار ساڵ و یەکێکیان حوکمى کوردستانى کردبا، دۆخى کوردستان چۆن دەبوو؟
دڵنیام زۆربەى خوێنەران باوەڕمان وایە هەر یەک لەو ئەگەرانە شانسێکى باشتر دەبوو بۆ کورد لە پێکەوە حوکمڕانیکردنى پارتى و یەکێتی، چونکە لەلایەک بەردەوام بوونى ناکۆکى و ململانێى نێوان ئەم دوو حیزبە، هەروەها لەلایەکى دیکەشەوە مەحکوم بوون بە راگرتنى جۆرێک لە هاوسەنگى نێوانیان، کوردستانى زۆر پاشخستووە. زۆر دەرفەتیش هاتنەپێش کە دەتوانرا پرسى کورد و حکومڕانییەکەى ببەنە قۆناخێکى باشترەوە، بەڵام لەدەستچوون. هەر ئەوەش نا، بەڵکو بەهۆى ناکۆکیى ئەمانەوە مەترسى و هەڕەشەى گەورەش کەوتووەتە سەر ئایندەى حوکمڕانییەکەى و چارەنووسى میللـەتەکەیش.
ماجەرای 32 ساڵى ئەزموونى حوکمڕانیی کوردى، مۆدێلى حوکمڕانیی پێکەوەیى پارتى و یەکێتی لە سەردەمى نەبوونى متمانەى نێوانیان 1992 بۆ 1994، شەڕى ناوخۆ 1994 بۆ 1998، دوو ئیدارەیى تاوەکو ساڵی 2005، رێککەوتنى ستراتیژیى و تێکەڵکردنەوەى ئیدارە تا 2014، سەرهەڵدانەوەى ناکۆکی و گواستنەوەى ململانێکانیان بۆ ناو حکومەت. لەژێر چەترى یەک ناو و دابەشبوونى حوکمڕانى بۆ دوو زۆنى سیاسى، هەموو ئەم شێواز و مۆدێلەى بەڕێوەبردنى کوردستانمان بینى، ئەنجامەکەى ئەوەیە ئێستا پێى گەیشتووین، کە جێى دڵخوازى خەڵکى کوردستان نییە.
لێرەدا وەک چۆن ئاسان نییە وێنایەکى دروست بۆ ئەگەرەکانى سێ دەیەى رابردوو بکێشین، بۆ داهاتووش ئاسان نییە بزانین داهاتووى کوردستان چۆن دەبێت ئەگەر ئەم دوو هێزە نەتوانن پێکەوە حوکمڕانى بکەن. بەتایبەتى بەهۆى ئەوەى هەردوولا خاوەن جوگرافیا و هێزى سەربازى و ئەمنى و ئابوورى تایبەت بەخۆیانن و ناکۆکییەکانیشیان گەیشتووەتە ئاستێک کە دەرفەتى پێکەوە مانەوەى حوکمڕانییان خەریکە دەگاتە بنبەست.
زمانى موخاتەبەکردنى یەکدی لەنێوانیان بە جۆرێکە لەدواى شەڕى ناوخۆوە یەکەم جارە بەو جۆرە رووبەڕووى یەکدی ببنەوە. بەهۆى ئەوەیش کە لە بەردەم پرۆسەى هەڵبژاردنداین، چاوەڕوانکراوە دۆخێکى گرژتر لەنێوانیان دروست بێت، درز و کەلێنەکان بە ئەندازەیەک گەورەتر بکاتەوە کە دەرفەتى گفتوگۆش لەنێوانیان نەهێڵێت بۆ دواى هەڵبژاردن. بەتایبەتیتریش بەهۆى ئەوەى هەردوولا بۆ یەکدی لە سەنگەردان و دەیانەوێ ئەم هەڵبژاردنە بکەنە دەرفەتى شکستى رکابەرەکەیان، شکستێک کە لە دەسەڵات دووری بخاتەوە. لە پاڵ ئەم دۆخە سیاسییە خراپەى ناوخۆی هەرێمى کوردستانیشدا، هاوکێشە هەرێمایەتییەکان بەجۆرێکن ئەگەرى کۆتایى پێکەوە حوکمڕانى پارتی و یەکێتی بەرەو کۆتایى دەبەن. چاوەڕوانکراوە حکومەتى داهاتووى کوردستان و نەخشەى سیاسى پێچەوانەى 32 ساڵى رابردووبێت و کوردستان بباتە قۆناخێکى تازەوە کە مۆدێلێکى دیکە بێتە ئاراوە، یەکێک لەم دوو هێزە رکابەرە لە دەسەڵات بهێڵێتەوە و یەکێکیان بخرێتە کەنارەوە.
بەهۆى ئەوەى بەڕێوەبردنى هەڵبژاردن لە دەستى خۆیاندا نەماوە، ناتوانن بەڕێوەبردنى نەخشەکێشانى دواى هەڵبژاردن بە ئاسانى بخەنەوە دەستى خۆیان، ئەمەش وادەکات پرۆسەى سیاسى بە ئاقارێکدا بڕوات دەرفەتى پینەوپەڕۆى وەک پێشتر بۆ پارتى و یەکێتى نەهێڵێتەوە. کە جارى وابووە شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردن تێپەڕی بوو، بە دیار مەحکومبوونى حکومەتى پێکەوەییەوە، نەیانتوانیوە حکومەت دروستبکەن. بەتایبەتیش کە لە هەلومەرجێکدا هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت ناکۆکییەکان گەیشتوونەتە ترۆپک، پێناچێت وەک هەڵبژاردنەکانى پێشووتر دەستبخەنەوە دەستى یەک، بە ئەگەرى زۆرەوە دەستبادان و هەوڵى شکاندنى یەکدی بەهێزتر دەبێت، مەگەر لە دوو حاڵەتدا بتوانن پێکەوە بمێننەوە کە ئەویش ئاسان نابێت، یەکەمیان ئەوەیە رێککەوتنێکى پێشوەختە بکەن و بەر لە هەڵبژاردن نەخشەى داهاتووى حوکمڕانییان دیاریکردبێت بە گۆڕانکارى لە پێگە و ناوەندەکانى دەسەڵات و دابەشکردنەوەى لەنێوان خۆیاندا، کە ئەمەش بۆ قۆناخى ئێستاى ململانێ و ناکۆکییەکانیان دوورە لە واقیعەوە. دووەمیش وەک حاڵەتى ناچارى ئەوەیە دەرئەنجامى هەڵبژاردن و دابەشبوونى کورسییەکان بەسەر هێزە سیاسییەکاندا بەجۆرێک بێت بەبێ بەشداریى پێکەوەیى پارتى و یەکێتی نەتواندرێت نیوە زیاترى پەرلەمان کۆبکرێتەوە. سەربارى بوونى بەرژەوەندیی هاوبەش لەنێوانیان، بەڵام جگە لەو دوو حاڵەتە هیچ ئاسۆیەک نەماوەتەوە بۆ پێکەوە حوکمڕانیی پارتى و یەکێتى.
نەخشەى سیاسیی عێراق، ئاسایى بوونى فەرامۆشکردنى براوەى هەڵبژاردن (سەدر) بە نموونە، دروستکردنى ئیدارەى خۆجێى کەرکووک لە بەغداوە بەبێ بەشداریی پێکهاتەیەکى وەک تورکمان، وەک پێدراوێک ئەوەمان پێدەڵێت نەخشەى سیاسیی داهاتووى کوردستانیش لەسەر بنەماى زۆرینە و کەمینە دەبێت، نەک مەحکومى راگرتنى هاوسەنگیی هێز لە نێوان پارتى و یەکێتی. ئەگەر پارتى و ئەوانەى ئامادەن لە گەڵى حکومەت پێکبهێنن بتوانن نیوە زیاترى کورسییەکانى پەرلەمان ببەنەوە، حکومەت بەبێ بەشدارى یەکێتى پێکدەهێنن و لە باشترین حاڵەتدا رەنگە پۆستى چەند وەزیرێکیان بۆ جێبهێڵن. لە بەرانبەریشدا ئەگەر یەکێتی و ئەوانەى ئامادەن لەگەڵیدا حکومەت پێکبهێنن، بتوانن نیوە زیاترى پەرلەمان کۆبکەنەوە، هاوشێوەى ئیدارەى کەرکووک، حکومەت بەبێ پارتى پێکدەهێنن و هەر چەند وەزیرێکیان بۆ دەهێڵنەوە.
لەبەر ئەو واقیعە تاڵەى کوردستان و ئەو پاوانخوازییە سیاسى و جوگرافى و ئەمنى و سەربازییەى ئەم دوو هێزە هەیانە، وێناکردنى حکومەتێک بەبێ بەشداریی هەردوولایان وەک خەیاڵ دێتە بەرچاو، بەڵام هاوکێشەکانى ئێستاى ناوچەکە، دۆخى ناوخۆى کوردستان، داهاتووى حوکمڕانیی کوردستان دەباتە ئەو قۆناخەوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق