یونامی: پاڵپشتیی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە دەکەین

ليست هناك تعليقات




نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق دەڵێت: جەخت لەسەر گرنگیی دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی ئارامی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەینەوە و پاڵپشتیی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و شەفاف دەکەین.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2024، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ناسراو بە 'یونامی'، راگەیێندراوێکی لەبارەی بە دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "یونامی پێشوازی لە دەستپێکردنی ئەمڕۆی ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، کە بڕیارە لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەبچێت، هەروەک لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە راگەیێندراوە".

ئاماژە بەوەش دەکات، "یونامی جەخت لەسەر گرنگیی دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی ئارامی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەکاتەوە کە دووربێت لە تووندوتیژی و تۆقاندن، هەروەها بەشداربووانیش سەرنجیان لەسەر کێبڕکێی ئاشتییانەی دیدگە و بەرنامەکان بێت، بۆ ئەوەی دەنگدەران بتوانن بڕیاری هۆشیارانە لەسەر سندووقی دەنگدان بدەن".

یونامی داوا لە بەربژێر، کارەکتەری سیاسی و میدیا دەکات، "بەشداربن لە فەراهەمکردنی ژینگەیەکی گشتگیر و گفتوگۆی لەبارەوە کراوە بەدرێژایی ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان متمانەپێکراوبن زۆر گرنگە ژینگەیەکی سەلامەت دابین بکرێت و، پێشوازییەکی باش لە بەربژێر و دەنگدەران بکرێت، بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە زۆرجار لە کاتی پڕۆسەکانی هەڵبژاردندا رووبەڕووی ئاستەنگیی جیاواز دەبنەوە".

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەر ناکۆکییەک کە پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەوە هەبێت، پێویستە لە رێگەی میکانیزمە بەردەستەکانەوە چارەسەر بکرێت، بەتایبەتی ئەو میکانیزمانەی لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە دانراون، یونامی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیی کردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و شەفاف کە رەنگدانەوەی خواستی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت."

بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، هەزار و 191 کەس کە پێکهاتوون لە 823 پیاو و 368 ژن، خۆیان بۆ بەدەستهێنانی 100 کورسیی پەرلەمان بەربژێر کردووە، کە پێنجیان کۆتای تورکمان و کریستیانن. 38 کەسیش خۆیان بۆ پێنج کورسیی کۆتاکە بەربژێر کردووە کە 20یان تورکمان و 18یان کریستیانن.

بڕیارە 20ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت؛ کۆمیسیۆن 173 تیمی چاودێریی لە هەرێمی کوردستان پێکهێناوە بۆ تۆمارکردنی سەرپێچییەکان؛ چوار ناوەندی لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ وەرگرتنی راپۆرتی پێشێلکارییەکان.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif