'مانگی هەنگوینیی هاریس' کۆتایی دێت؟ هەموو شتێک لەبارەی دیبەیتەکەی لەگەڵ ترەمپ

ليست هناك تعليقات


بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە بە کاتی هەولێر دووەمین دیبەیتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەنێوان هەردوو بەربژێری دیموکراتەکان و کۆمارییەکان بەڕێوەدەچێت، یەکەمین رووبەڕووبوونەوەی نێوان ترەمپ و هاریسیشە دوای ئەوەی هاریس بووە بەربژێری دیموکراتەکان.

دیبەیتەکە لەلایەن دەیڤید مویر و لیندسی دەیڤس، پێشکەشکارانی کەناڵی ABC News پێشکێش دەکرێت کە کاژێر 21:00 بە کاتی ئەمریکا دەبێت و ماوەکەی 90 خولەکە.

دیبەیتێکی چاوەڕواننەکراو

ئەو دوو بەربژێرە چاوەڕوانی ئەم رووبەڕووبوونەوەیەیان نەدەکرد، بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک ترەمپ چاوەڕێی ئەنجامدانی دیبەیت بوو لەگەڵ بایدن و توانی لە یەکەم دیبەیتی نێوانیاندا هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت بەشێوەیەک کە راپرسییەکان پێشانیاندا دەنگەکانی بایدن کەمیان کرد و ناچار پارتەکەی کشاندیانەوە.

سەبارەت بە هاریس، ئەو خۆی بۆ دیبەیتەکەی لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری ترەمپ ئامادە دەکرد و پێشتر دەستی کردبوو بە لێکۆڵینەوە لە خاڵە لاوازەکان و خاڵە بەهێزەکانی و کام ستراتیژی باشترینە بۆ رووبەڕووبوونەوەی.


یاساکانی دیبەیتەکە

دیبەیتەکە بەپێی رێکاری دیاریکراو بەڕێوەدەچێت تیمی کەمپەینی هەردوو بەربژێرەکە دوایی گفتوگۆ لەسەری رێککەوتوون کە بەمشێوەیەیە:

دوو خولەک: هەر بەربژێرێک تەنیا دوو خولەکی پێدەدرێت بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی پێشکێشکاران، هەروەها دوو خولەکی دەبێت بۆ وەڵامدانەوەی قسەکانی بەرامبەرەکەی.

بێدەنگکردنی مایک: هەر بەربژێرێک کاتێک بەرامبەرەکەی قسە دەکات، مایکرۆفۆنەکەی بێدەنگ دەبێت

دیبەیتەکە بێ ئامادەبوونی جەماوەر و بینەری راستەوخۆ بەڕێوەدەچێت.

راوەستانی پشت پۆدیۆم: ئەو دوو بەربژێرە لە ماوەی دیبەیتەکەدا لە پشت پۆدیۆمەکانەوە دەوەستن و رێککەوتن کراوە کە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا دەرنەچن.

نەهێنانی تێبینیی پێشوەختە: رێگەنادرێت هیچ کاخەزێک یان تێبینییەکی پێشوەختەی نووسراو ببرێت بۆ دیبەیتەکە، بەربژێر رێگەی پێنادرێت لە کاتی پشووەکاندا قسە لەگەڵ یاریدەدەرەکانی بکات، لە کاتێکدا دوو پشووی کورت لەنێو دیبەیتەکەدا هەن.

ترەمپ و هاریس چۆن خۆیان ئامادە دەکەن؟

چەند رۆژێکە هاریس لەگەڵ تیمێکی راوێژکار لە هۆتێلێکی مێژوویی لە ناوەندی شاری پیتسبورگ مەشق دەکات بۆ دیبەیتەکە، گرنگی بە باشترکردنی وەڵامەکانی دەدات، ژنە 60 ساڵییەکە بیرۆکەکانی خۆی و ئەو خاڵانەی کە وەڵامی بەرامبەرەکەی دەداتەوە لەسەر کاخەزەکان دادەنێت بۆ ئەوەی ئامادەکاریی بکات بۆ وەڵامدانەوە هەر قسەیەکی ترەمپ.

لە بەرامبەردا ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەڤانان لەسەر گرنگینەدان بە خۆئامادەکرن ئاماژەی بە گوتەیەکی مایک تایسۆن دا کە دەڵێت، "هەر بۆکسەرێک پلانێکی هەیە تاوەکو یەکەم بۆکس دەخوات، دواتر هەموو پلانەکان دەگۆڕدرێن."



مێژوویەک لە دیبەیت

هیچ بەربژێرێکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە سەردەمی نوێدا زیاتر لە ترەمپ دیبەیتی تەلەڤزیۆنی نەکردووە، ئەو سێ دیبەیتی لەگەڵ هیلاری کلینتن لە ساڵی 2016 ئەنجامدا، دوو دیبەیت لەگەڵ بایدن لە ساڵی 2020 و یەکێکی دیکە لەگەڵ بایدن لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵدا. واتە ئەمە دەبێتە حەوتەم دیبەیتی سەرۆکایەتی بۆ ترەمپ.

لە بەرامبەردا کامالا هاریس لە هیچ دیبەیتێکی سەرۆکایەتیدا نەبووە، بەڵام لە ساڵی 2003ــەوە بەشداری لە دیبەیتەکانی هەڵبژاردندا دەکات. لە سەرەتادا بە مەبەستی بوون بە داواکاری گشتی لە ناوچەی سانفرانسیسکۆ. دواتر، بۆ ئەوەی ببێتە داواکاری گشتیی کالیفۆرنیا و سیناتۆری ئەمریکی لە کالیفۆرنیا.

هەروەها لە ساڵی 2019 دا کاتێک کێبڕکێی دەکرد بۆ ئەوەی ببێتە بەربژێری دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا بەرامبەر بە جۆ بایدن و لە کۆتایشدا، دیبەیتی لەگەڵ مایک پێنس کرد لەسەر پۆستی جێگری سەرۆکی وڵاتەکە لە ساڵی 2020.

ترەمپ و هاریس چۆن وەڵامی یەکدی دەدەنەوە؟

ترەمپ هەوڵ دەدات تیشک بخاتە سەر بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، تووندنەکردنی رێکارەکانی بەرامبەر بە کۆچبەرە مەکسیکییەکان لە باشوورەوە و تێوەگلانی ئەمریکا لە جەنگەکانی ئۆکراینا و غەززەدا بە بێ دۆزینەوەی چارەسەرێک.

هاریسیش تیشک دەخاتە سەر دیدگای ترەمپ بۆ حوکمڕانیی ئەمریکا کە بەپێی دیموکراتەکان سەرکەوتنی ترەمپ هەڕەشەیەکی جدییە لەسەر دیموکراسی لە ئەمریکا و لە جیهاندا.

دیبەیتەکە کۆتایی بە مانگی هەنگوینیی سیاسیی هاریس دەهێنێت؟

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز راپرسییەکی کردووە، تێیدا دەردەکەوێت، دۆناڵد ترەمپ پێشکەوتنێکی کەمی بەراورد بە کامالا هاریس تۆمارکردووە بە رێژەی 48% بۆ ترەمپ و 47٪ بۆ هاریس. ئەمەش دەبێتە یەکەم جار کە ترەمپ پێش هاریس بکەوێت.

بەپێی رۆژنامە ئەمریکییەکە، لەوانەیە ئەمە ببێتە کۆتایی مانگی هەنگوینیی سیاسیی هاریس کە تێیدا بەردەوام لە پێش ترەمپەوە بووە.



زانیاری لەسەر ژیانی هاریس و ترەمپ

کامالا هاریس

- 49ـەمین جێگری سەرۆکی ئەمریکایە.
- لە ساڵی 2021ـەوە بووەتە جێگری سەرۆک.
- یەکەمین ژنە لە مێژووی ئەمریکادا بووبێتە جێگری سەرۆک.
- یەکەمین ژنی رەشپێستە بووبێتە بەربژێری فەرمیی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی.
- لە 20-10-1964 لە شاری ئۆکلاندی ویلایەتی کالیفۆرنیا لەدایکبووە.
- لە ساڵی 1986 لە زانکۆی هاوارد لە واشنتن بەکالۆریۆسی لە بواری زانستە ئابووری و رامیارییەکاندا بەدەستهێناوە.
- لە ساڵی 1989 لە زانکۆی کالیفۆرنیا دکتۆرای لەبواری یاسادا بەدەستهێناوە.
- هاریس پاشخانێکی دەوڵەمەندی لە بواری یاسا و سیاسەتدا هەیە.
- 2004 تا 2011 داواکاریی گشتیی شاری سان فرانسیسکۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا بووە.
- دواتر لە 2011 تا 2017 بووەتە داواکاری گشتیی ویلایەتی کالیفۆرنیا.
- ساڵی 2017 تا 2021 بە نوێنەرایەتیی ویلایەتی کالیفۆرنیا، بووەتە سیناتۆر.
- لە ساڵی 2014 ژیانی هاوژینیی لەگەڵ دەگ ئێمهۆف پێکهێناوە.
- هیچ منداڵی نییە.
- سامانەکەی 8 ملیۆن دۆلارە.

دۆناڵد ترەمپ

- لە 14-06-1946 لە ناوچەی کوینزی نیویۆرک لەدایکبووە.
- سەرۆکی پێشووی ئەمریکایە.
- 45ـەمین سەرۆک بوو، لە ساڵی 2017 تا 2021 سەرۆکایەتیی ئەمریکای کرد.
- لە 2012ـەوە سەر بە پارتی کۆمارییە.
- ساڵی 1968 لە زانکۆی پێنسیلڤانیا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئابووریدا بەدەستهێناوە، بە دیاریکراوی لە بواری دارایی و خانووبەرەدا، کە ئەوە کاریگەری لەسەر ئەزموونەکەی هەبوو لە بواری خانووبەرەدا.
- بازرگانییەکەی ترەمپ لە بواری خانووبەرەدا لە ئەمریکا وەک "ئیمپراتۆریەتێک" سەیر دەکرێت.
- ترەمپ ملیاردێرە و سامانەکەی 3.8 ملیار دۆلارە.

- سێ جار ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە:

ساڵی 1977 تا 1990 لەگەڵ ئیڤانا زێلنیچکۆڤا.
ساڵی 1993 تا 1999 لەگەڵ مارلا ماپلس.
ساڵی 2005 ژیانی هاوژینیی لەگەڵ میلانیا کناڤس پێکهێناوە هێشتا پێکەوەماون.

- ترەمپ پێنج منداڵی هەن، سێ کوڕ بە ناوەکانی دۆناڵد، ئێریک و بارۆن. هەروەها دوو کچ بە ناوەکانی ئیڤانکا و تیفانی.
- ترەمپ پێش ئەوەی ببێتە سەرۆک، کەسایەتیی دیاری بواری تەلەڤزیۆنیی ئەمریکا بوو.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif