عێراقی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران!

ليست هناك تعليقات


عادل باخەوان
-
پەیوەندیی نێوان ئێران و میزۆپۆتامیا کە دواتر دەبێت بە عێراق، چەندین سەدە تێدەپەڕێنێت و ناکرێت بە تەنیا لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کورت بکرێتەوە. لەبیرمان نەچێت ساسانییەکان یەکەم پایتەختی خۆیان لە میزۆپۆتامیا و شاری تێسیفۆن کە تەنیا 30 کیلۆمەتر لە بەغدای ئێستاوە دوورە، جێگیرکردووە. واتە لە ساڵی 224ـەوە، میزۆپۆتامیا ناوچەی کارایی جیۆپۆلەتیکی ساسانییەکان بووە و ئەمڕۆ کە مەسعود پزیشکیان دەگاتە عێراق و بۆ ماوەی سێ رۆژ دەمێنێتەوە، نەک هەر خۆی بە میوان نازانێت، بەڵکو خۆی بە خاوەن ماڵی شەرعیش دەزانێت.

بێگومان لە وتارێکی کورتی ئاوادا ئێمە ناتوانین کۆی ئەو مێژووە گرنگە شرۆڤە بکەین و هەڵیدەگرین بۆ کتێبێکی تایبەت، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە بۆ ئێمە گەڕانەوەیە بۆ ئەو پرۆسێسەی کە عێراقی نوێی پۆست سەدام حوسێن، دەخاتەوە دۆخی ساڵی 224ـی ساسانییەکان و خاکی میزۆپۆتامیای نوێ دەکاتەوە بە رووبەری کشانێکی ئێجگار فراوانی میراتگرانی ساسانییەکان.

ئەم پرۆسێسە لەو ساتەوەختەوە دەستپێدەکات کە سەدام حوسێن لە مانگی هەشتی ساڵی 1990 دا کوێت داگیر دەکات و لەم رێگایەشەوە، کۆی ئەو هاوپەیمانانە لەدەست دەدات کە بەدرێژایی هەشتاکانی سەدەی رابردوو لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا پشتیوانییان لێکردبوو، هەر لە عەرەبی سعودیەوە تاوەکو دەگاتە ئەمریکا. هەروەها دەرگایەکی گەورە دەکاتەوە لەسەر کۆی ئەو حیزبە شیعی و کوردانەی کە دژی سەدام حوسێن بوون و لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرا. لە راستیدا کردنەوەی دەرگە لە حیزبە شیعی و کوردییەکان، ناڕاستەوخۆ سەلماندنی رۆڵی کۆماری ئیسلامیش بوو لە عێراقێکدا کە پاش سەدام حوسێن دروست دەکرێت. هیچ حیزبێکی شیعی و کوردی، بەبێ رەزامەندیی ئێران، نەیاندەتوانی لەگەڵ ئەورووپا و ئەمریکادا مامەڵە بکەن

شانسی گەڕانەوەی بەهێزی ئێران بۆ میزۆپۆتامیای مێژوویی، لە 2003 دا بەهێزتر و فراوانتر و گەورەتر دەبێت. لەم ساتەوەختەدا کە گەورەترین هێزی جیهان، وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، دێت و عێراقی سەدام حوسێن داگیر دەکات، دۆستە مێژووییەکانی واشنتن کە بریتین لە تورکیا و وڵاتانی کەنداو و میسر، بڕیار دەدەن پێکەوە ستراتیژیەتی دابڕان لەگەڵ عێراقی پۆست سەدام حوسێندا پەیڕەو بکەن و بەهیچ شێوەیەک نەک هەر لەگەڵ سیستمی سیاسیی نوێدا مامەڵە نەکەن، بەڵکو گرفتی گەورەیشی بۆ دروستبکەن، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە پێشتر ئەمریکای بە شەیتانی گەورە ناودەبرد و واشنتنی جۆرج بۆشیش تارانی خستبووە ریزی سێ دەوڵەتە هەرە خراپەکارەکەی جیهانەوە، تەواو بەپێچەوانەی دۆستەکانی ئەمریکاوە و بە عەقڵیەتێکی ساردی پراگماتیکی دەوڵەتدارییەوە، بڕیار دەدات هاوڕێیەتیی ئەمریکا بکات لە بیناکردنەوەی عێراقی پۆست سەدام حوسێندا و ئەمریکا بە ناچاری و لەسەر ئاستی بابەتی ئەو هاوڕێیەتییەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی قبووڵکرد.

لە دیسێمبەری ساڵی 2011 دا، کاتێک بە بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا، دوا سەربازی ئەمریکی عێراق بەجێدێڵێت و دەگەڕێنەوە نیشتمانی خۆیان، ئێرانییەکان دیسانەوە ئەو دەرفەتەش دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیە پڕبکەنەوە کە کشانەوەی سوپای ئەمریکی لە عێراقدا بەجێی هێشت. لە 2011ـەوە ئیدی هیچ هێزێکی نێو سیستمی جیهانی و تەنانەت رۆژهەڵاتیش قورسایی لە عێراقدا نەما بۆ ئەوەی بتوانێت گرفت بۆ کشانی هەژموونی ئێرانی بەسەر کۆی عێراقی نوێدا دروست بکات.

لەوەش زیاتر، کاتێک داعش خیلافەتەکەی خۆی لەنێوان عێراق و سووریادا، لە مانگی شەشی 2014 دا رادەگەیێنێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە رێگەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشەوە، راستەوخۆ وەک پارتنەرێکی سەرەکی مامەڵە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەکات و پێگەیەکی سەلمێنراوی شەرعی پێدەبەخشێت، بەڕادەیەک کە لە مانگی حەوتی 2015 دا، رێککەوتننامەی ئەتۆمیشی لە ڤیەننا لەگەڵدا واژۆ دەکات.

بەبێ تێگەیشتن لەم مێژووە کە نزیکەی 1800 ساڵە، زۆر ئەستەمە ئێمە تێبگەین لە وێنەی عێراق لەو خەیاڵدانە دەستەجەمعییە ئێرانییەی کە چوارچێوەی سەردانی سەرۆککۆمار، مەسعود پزیشکیان بۆ عێراق دەستنیشان دەکات. لەنێو ئەم خەیاڵدانەدا، وێنەی عێراق لە وێنەی هیچ وڵاتێکی دیکەی جیهان ناچێت. 1800 ساڵە، عێراق لای ئێرانییەکان وەک بەشێک لە جیۆپۆلەتیکی خۆیان دەبینرێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. پاش چوونەدەرەوە لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، ئێران زۆربەی هەرە زۆری ئەو دەوڵەتە مۆدێرنانەی قبووڵکرد کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دروستبوون، بە قەتەر و عوممان و ئیماراتیشەوە، بەڵام تا ئێستاش دەوڵەتی عێراقی بە زیادە دەزانێت و خاکی عێراق بە بەشێکی دانەبڕاو لە خاکە مێژووییەکەی خۆی دەزانێت و لە باشترین دۆخدا دەتوانێت وەک پارێزگایەکی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکات.

کاتێک لە ساڵی 1501 یشدا، شیعیزمی ئیمامی بە فەرمی دەبێت بە ئایینی دەوڵەت لە ئێران دا، ئیدی حیکایەتی ئێران لە بەرامبەر عێراقدا رەهەندێکی مەزهەبیش وەردەگرێت و نەجەف و کەربەلا و سوێنە پیرۆزەکانی دیکەی عێراق دەبن بە بەشێک لە کولتووری مەزهەبیی ئێرانییەکان. لێرەوە، ئێران میکانیزمێکی بەهێز و گرنگی دیکەی دەست دەکەوێت بۆ فراوانکردنی سیستمی خودقەناعەتکردن و "قەناعەتکردن بەوانی دیکە کە جیاکردنەوەی عێراق لە ئێران، نە مانای مێژوویی هەیە نە مانای مەزهەبی. عێراقییەکان، بە هەموو پێکهاتەکانەوە، ئازادن چۆن بیردەکەنەوە، بەڵام ئەم بیرکردنەوەیە هیچ لەوە ناگۆڕێت کە شیعەکانی ئێران، نەجەف بە ڤاتیکانی خۆیان دەزانن. لێرەوە، زۆر ئەستەمە سەرۆککۆمارێکی ئێرانی سەردانی عێراق بکات و سەردانی نەجەف نەکات.

لە دەرەوەی ئەم رەهەندە مێژوویی و جیۆپۆلەتیک و مەزهەبیەشەوە، عێراقی پۆست سەدام حوسێن یەکێکە لەو رووبەرە هەرە گەورانەی کە ئێرانی ژێر گەمارۆی ئابووری هەناسەی تێدا دەدات و چ لە رێگەی شەرعی و چ لە رێگەی ناشەرعییەوە، کۆی ستراکتۆرە ئابوورییەکانی عێراق بەو ئاراستەیەدا دەبرێن کە لە خزمەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بێت. هەر لە فرۆشتنی گازی ئێرانییەوە کە ساڵانە نزیکەی نۆ ملیار دۆلار دەکات، تاوەکو دەگاتە هەناردەکردنی تەماتەی ئێرانی بۆ عێراق بە نرخی خەیاڵی: عێراق تا دوا دڵۆپ لەلایەن ئێرانەوە دەدۆشرێت!

لە هەلومەرجێکی بابەتیی ئاوادا، هەڵەن هەموو ئەو ئەکتەرە عێراقییانەی کە پێیان وایە، لە دەرەوەی هەژموونی ئێرانی دەتوانن بوونێکی سەربەخۆیان هەبێت. هەڵەن هەموو ئەو دەوڵەتە رۆژهەڵاتی و ئەورووپییانەی کە پێیان وایە، بەبێ تێپەڕین بە فیلتەری ئێرانیدا، دەتوانن گرێبەستی چەند ملیار دۆلاری لەگەڵ عێراقدا واژۆبکەن و تاوەکو کۆتایی بەردەوامبن. هەروەها هەرێمی کوردستان، هەڵەیەکی گەورە دەکات ئەگەر پێیوابێت، بەبێ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەتوانێت پارێزگاری لە ئاسایش و سەقامگیری و گەشەی ئابووریی خۆی بکات.

بێگومان رێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، نابێت بە هیچ شێوەیەک مانای سڕینەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان بێت، کە لە چلەکانی سەدەی رابردووەوە تاوەکو بیناکردنەوەی عێراقی نوێ، قوڵایی ستراتیژی هەموو شۆڕشەکانی باشووری کوردستان بووە. ئەمە ئەو هاوسەنگییەیە، کە دیپلۆماسیەتی کوردی، دەبێت موعجیزە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی پارێزگاری لێ بکات: ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەبێ لەدەستدانی پشتیوانیی ستراتیژیی رۆژهەڵاتی کوردستان.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif