ترسی پارتی لە هەڵبژاردنی مانگی داهاتوودا

ليست هناك تعليقات


 تەنها بە سەرنجدانێکی سەر پێیانەی دۆخی ئێستای یەکێتی و پارتی زۆر ئاسان دەتوانیت هەست بەوە بکەیت کە یەکێتی زۆر بێ منەتانە و لە دۆخێکی جێگیری دوور لە سترێسدا بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات، لە بەرامبەردا پارتی بە پێچەوانەی یەکێتیەوە ترسێکی جدی و سترێسێکی زۆری هەیە سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان لەم بابەتەدا تەنها باسی ترسی پارتی دەکەین و لە بابەتی داهاتوودا هۆکارەکانی بانگەشەی زیادکردنی کورسیەکانی یەکێتی و بێ منەتی ئەو حیزبە لە هەڵبژاردن دەخەینە ڕوو کە ڕێك پێچەوانەی ترسەکانی پارتیە.


ئەوکات تاکتیکی ڕاکێشانی پارتی بۆ نێو یاریەکە سەرکەوتوو دەبێت و دەرئەنجامی هەڵبژاردنیش بەدڵی پارتی و سەردانەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران نابێت

ترسی ڕابردووی پارتی

سەبارەت بە هەڵبژاردن پارتی تەنها بە ترسەوە نەوەستا بەڵکو لە بنەمادا ئامادە نەبوو بچێتە هەڵبژاردنێکەوە کە وەك خۆی دەیوت دیزاین کراوە، واتە ترسی پارتی لەوەیە کە پێی وایە ئاراستەی بەهێزی شیعی عێراقی وبەشێك لە سوننەکان و دەوڵەتی ئێرانیش وەك خاوەنی بڕیار لە عێراقدا بە تەنیشت رکابەرە نێوخۆییەکەیەوە کە یەکێتیە و سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقی هەیە، هەموویان لە کەمینی خستنی پارتیدان، واتە پارتی وەك یەقین مامەڵەی لەگەڵ ترسەکەی کرد وئامادەی بەشداریکردن نەبوو، تا چونی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هێزە شیعیەکان و دەرکەوتنی هەندێك لێکەوتەی سەردانەکانی تاران و بەغداد بە سودی پارتی، ئەمە جۆرێك لە دڵنیایی داوەتە پارتی بەڵام ترسی پارتی نەڕواندوەتەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەمیشە لە بەردەم پرسیارێکدا خۆیان دەبیننەوە کە ئایا بەراست ئەم رێککەوتن و ئاساییبونەوانەی پەیوەندیەکان تاکتیکن یان ستراتیژ؟ حەتمەن ئەمە بۆ لایەنی ئێرانیش هەر وایە کە ئایا هاتنە پێشەوەی پارتی لە تاران ستراتیژە یان ناچاری و تاکتیکی و تێپەڕاندنی قۆناغەکە.

ترسی ئێستای پارتی

ترسی ئێستای پارتی لە دوای رێککەوتنیان لەگەڵ ئێران و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هێزە شیعیەکان و بەدەمەوە چوونی هەندێك خواستی پارتی لە ڕوانگەی تەکتیکی و تێپەڕینی کات بێت، وەك خوارنی دەم ئەو قولاپەی کە ماسی پێ ڕاو دەکرێت، واتە ترسی پارتی لەوەدایە کە ئەو پەیوەندی ئاساییکردنەوانە بۆ ئەوە بووبێ گرفت بۆ هەڵبژاردن دروست نەبێت و پارتی پەلکێشی نێو یاریەکە بکرێت، تاکو لیستی کاندیدەکانی پێشکەش بکات و بەشداری هەڵبژاردن بکات، بەمەش تاکتیکی ڕاکێشانی پارتی بۆ نێو یاریەکە سەرکەوتووبێت و دەرئەنجامی هەڵبژاردن پێچەوانەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکان و رێککەوتنی نێوان نێچیرڤان و تاران بێت، ئەوکات لێکەوتەی نیگەرانیەکانی پارتی لەسەر هەڵبژاردن لە خاڵی لاوازی دۆڕانەوە دێن نەك خاڵی بەهێزی بەشدار نەبوون و ڕەدکردنەوەی هەڵبژاردنێك کە پێش ئەنجامدانی ڕەدی کردوەتەوە، بەڵام بە بەشداریکردنی دواجار پارتی دەبێت تەسلیمی واقعی هەڵبژاردن ببێت هەرچەند ئەنجامەکەشی بەدڵ نەبێت.

پارتی لە تەواوی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا بۆ خۆی یەکیك بوە لە بڕیاردەرە سەرەکیەکانی هەڵبژاردن و زۆر باش ئاگادار و پشکداری یاریەکانی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو بوە و باش دەزانێت کە تا چەند ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو واقعی نێو سندوقەکانی دەنگدانی خەڵك بووە، ئێستا دەترسێت لەم یاریە نوێیەدا پارتی خۆی خرابێتە زایدەکەوە و سەرنجی لە قاڵبدانی سەرکەوتووبێت، بەمەش جیاوازی ژمارەی کورسیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کەم بکرێتەوە بۆ ١٠ کورسی، لە کاتێکدا لە ئێستادا ئەو جیاوازیە ٢٤ کورسیە.

 رێککەوتنەکەیان لە بەرهەم ساڵح شاردەوە تاکو بچێتە هۆڵی پەرلەمان و بەرهەم ساڵح بە دەرنەچوون کۆشکی کۆماری جێ بهێڵێت نەك خۆ ویستانە

پارتی لە نزیکترین بیرەوەری تاکتیکیدا نمونەی هەڵژاردنی سەرۆک کۆماری عێراقی لەبەردەمدایە، کە چۆن ئێران و یەکێتی وایان نیشاندا پشتیوانی لە دانانی بەرهەم ساڵح دەکەن بۆ سەرۆک کۆماری عێراق و لە پشتیشەوە رێککەوتن کرابوو بۆ دانانی لەتیف ڕەشید و پارتیش بەشێك بوون لە رێککەوتنەکە و تا کۆتا ساتەکانیش یەکێتی و ئێران وایان نیشاندا کە بەرهەم ساڵح پەسەندکراوی ئەوانە بۆ سەرۆك کۆمار، تەنانەت رێککەوتنەکەیان لە بەرهەم ساڵح شاردەوە تاوەکو بچێتە هۆڵی پەرلەمان و بەرهەم ساڵح بە دەرنەچوون کۆشکی کۆماری جێ بهێڵێت نەك خۆ ویستانە و گرفت بۆ نیسابی پەرلەمان دروستت ببێت، ئێستا پارتی ترسی لە هەمان رێککەوتن هەیە لە نێوان هێزە شیعیەکان و یەکێتی و ئێراندا

لە کۆتایدا پێموایە گرفتە گەورەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئێوارەی ٢٠ی١٠ی٢٠٢٤ دەستپێدەکات ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجامدرا، ئەوا هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی ناجێگیری سیاسیدا تێپەڕ دەبێت.

عوسمان گوڵپی

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif