پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای گێڕانەوەی موڵی دەستبەسەرداگیراو لەلایەن بەعسەوە دەدات

ليست هناك تعليقات


پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و خوێندنەوە بۆ چوار پڕۆژەیاسا و دەنگدان بۆ دوو پڕۆژەیاسای دیکە دەکات. گێڕانەوەی زەوی و خانووی دەستبەسەرداگیراو لەلایەن دەسەڵاتی بەعسەوە بۆ خاوەنەکانیان لەو پڕۆژەیاسایانەیە دەنگی لەسەر دەدرێت.

ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عیراق دەڵێت، پڕۆژەکە دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر زەوی و خانوو بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێندرێتەوە، لەوانە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2024، پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و شەش بڕگە لە کارنامەکەیدایە. پڕۆژەیاسای گێڕانەوەی خانوو و زەوی بۆ ئەو کەسانەی بەپێی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی بەعس دەستیان بەسەرداگیراوە، یەکێکە لەو پڕۆژانەی دەنگی لەسەر دەدرێت.

دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، ئەو پرۆژە یاسایە "لەوانەیە کە زۆر گرنگە، چونکە لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا و بە ژمارەیەک بڕیار، دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆر زەوی و خانووی نەتەوە جیاوازەکاندا گیرا، لەنێویاندا کورد. ئەو موڵکەی دەستی بەسەردا گیرا لە هەموو پارێزگاکانی عێراقە، بەتایبەت لە کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین. بۆیە گێڕانەوەیان زۆر گرنگە."

پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا دەنگدان بۆ پڕۆژەیاسای بەکرێدانی زەوییە کشتوکاڵییەکانیش هەیە، جگە لەوە خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازە یاسای هەمواری یاسای باری کەسی ژمارە 188ـی ساڵی 1959 دەکات.

دەستەی دەستپاکیی عێراق لەساڵی 2022 بڵاویکردەوە، 31 هەزار و 378 خانوو و زەوی لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەستیانبەسەرداگیراوە. بڕیاری ژمارە 369ـی 12ـی نیسانی 1975 یەکێک بوو لەو بڕیارانەی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی بەعس بەکاری هێنا بۆ دەستگرتن بەسەر زەویی زیاتر لە 34 ناوچەی پارێزگای کەرکووک کە زیاتر لە 135 هەزار دۆنم زەوی دەبێت و بەشی هەرە زۆری زەویی کوردە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif