هەفتەی داهاتوو ئەمریکا پلانی کشانەوەی لە عێراق رادەگەیەنێت

ليست هناك تعليقات


رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە زارى سەرچاوەیەکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، بەغداد و واشنتن لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق رێککەوتوون و بڕیارە لەکۆتایی ساڵی 2026 هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەعێراق بکشێنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانى رۆژنامەکە، بڕیارە سەدان کەس لە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە بەغداد و رۆژئاوای عێراق لە ئەیلولی ساڵی داهاتوو بکشێنەوە و ئەو هێزانەشی لە هەرێمى کوردستانن لە کۆتایی ساڵی داهاتوودا دەکشێنەوە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بەگوێرەی رێککەوتنەکە هێزێکی کەم کە ژمارەیان دیارینەکراوە لە عێراقدا بۆ کاتێکی نادیار دەمێننەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە رۆژنامەی پۆڵەتیکۆى ئەمریکى، لەدوو سەرچاوەی ئیدارەی ئەمریکاوە ئەوەی راگەیاندووە، چاوەڕواندەکرێت لەم هەفتەیەدا عێراق و ئەمریکا لەبارەی کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا بگەنە رێککەوتن.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەى بەرپرسە ئەمریکییەکان قسەیان بۆ رۆژنامەکە کردووە، گفتوگۆکان لەبارەی ئەو 2500 سەربازەوەیە کە ئەمریکا لە عێراق هەیەتی و لەکۆتایی ساڵی 2026 بڕیارە وڵاتەکە بەجێبهێڵن.

پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کاتێکدایە، لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر بزووتنەوەی حەماس لە غەززە، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سووریا و عێراق رووبەڕووی هێرشی موشەکیی و درۆنیی بوونەتەوە، لەلایەن گروپێکى چەکدارییەوە کە ناوى خۆیان ناوە بەرەى مقاوەمە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif