نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی نزیکەی سێ ساڵی رابردوو دابەزی

ليست هناك تعليقات


نرخی نەوت زیاتر لە دوو دۆلاری دیکە دابەزی و بەرمیلێک نەوتی برێنت بە کەمتر لە 70 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی نەوتی برێنت دوو دۆلار و 73 سەنت، یاخود 3.80% دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 68 دۆلار و 66 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش سێ دۆلار و 46 سەنت، یاخود 4.43% دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 65 دۆلار و 25 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

ئەمە نزمترین ئاستی نرخی نەوتە لەدوای مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2021ـەوە. لە یەک مانگیشدا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوت زیاتر لە 10 دۆلار دابەزیوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە مامەڵەکانی بەیانیی ئەمڕۆدا بەهۆی نزیکبوونەوەی باهۆز و زریان لە کەناراوەکانی کەنداوی مەکسیک کە 60%ی پاڵاوگەکانی ئەمریکای لێیە، بەرزببووەوە؛ بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتبووە زیاتر لە 72 دۆلار.

داتا ئابوورییە لاوازەکانی پەیوەست بە ئابووریی ئەمریکا و چین هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی نەوتن.

بەپێی ئامارەکان، لە ئەمریکا مانگی رابردوو 142 هەزار هەلی کار لە کەرتی تایبەت رەخساوە، ئەوەش کەمترە لە پێشبینییەکان.

لە چینیش داتا فەرمییەکانی حکومەت ئاماژە بە سستبوونەوەی کەرتی پیشەسازیی وڵاتەکە دەدەن، بە جۆرێک چالاکیی پیشەسازی لە مانگی رابردوودا دابەزیوە بۆ کەمترین ئاستی شەش مانگی رابردوو.

ئەمریکا گەورەترین بەکارهێنەری نەوت و، چینیش گەورەترین هاوردەکاری نەوتن لە جیهاندا.

ئەوەی دابەزینەکەی ئەمڕۆی زیاتر کرد، راپۆرتی ئۆپێک بوو کە پێشبینیی خۆی بۆ گەشەی خواست لەسەر نەوت کەمکردەوە.

رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) لە راپۆرتی مانگانەی خۆی لەبارەی بازاڕی نەوت رایگەیاند، پێشبینی دەکەن ئەم ساڵ خواست لەسەر نەوت بە بڕی 2 ملیۆن و 30 هەزار بەرمیلی رۆژانە زیادبکات.

ئەمە کەمترە لە پێشبینیی مانگی رابردووی رێکخراوەکە کە 2 ملیۆن و 110 هەزار بەرمیلی رۆژانە بوو.

چین هۆکاری سەرەکیی دابەزینی پێشبینییەکەی ئۆپێک پڵەسیشە. ئۆپێک پێشتر پێشبینیی کردبوو خواستی چین لەسەر نەوت بە بڕی 700 هەزار بەرمیلی رۆژانە زیادبکات. ئێستا پێشبینی دەکات 650 هەزار بەرمیل زیادبکات.

راپۆرتەکەی ئۆپێک دەڵێت، "پێشبینی دەکەن گەشەی ئابووریی چین لە درێژخایەندا ببێتە پشتیوانی بۆ نرخی نەوت. بەڵام ناڕوونییەکان لە سێکتەری خانووبەرەی چین و زیادبوونی هاوردەی گازی شل لە رێگەی بارهەڵگر و زیادبوونی ئۆتۆمبێلی کارەبایی رەنگە زیادبوونی خواست لەسەر بەنزین و گازوایل کەمبکەنەوە."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif