سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، تاران وەکو پایتەختی وڵاتەکە تووشی کۆمەڵێک گرفت بووە کە تەنیا بە گواستنەوەی ناوەندی سیاسی و ئابووری، چارەسەر دەکرێن.
بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری وڵاتەکە لە دیدارێکدا لەگەڵ بەرپرسانی سوپای پاسداران گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند ''ئەگەر بمانەوێت لە ناوچەکەدا هێزی یەکەم بین، دەبێ پڕۆژە و پلانەکانمان بە بەکارهێنانی پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیا، ئامێر و کەرەستەکان جێبەجێ بکەین، بۆ ئەوەی وەڵامدەری پێداویستییەکانی ساڵانی داهاتووی وڵاتەکەشمان بین و هەمووکات پێشکەتوو و کارا بمێنینەوە.''
مەسعود پزیشکیان گوتی، ئەگەر پڕۆژەیەک لە رێگەی تەکنۆلۆژیا، ئامێر و کەرەستەی کۆن جێبەجێ بکرێت، هەر ئەو کاتەی دەخرێتە کارەوە، بە پڕۆژەیەکی لاواز و ماوەبەسەرچوو هەژمار دەکرێت و، توانای رکابەری پڕۆژەکانی وڵاتانی هەرێمی و جیهانی نابێت.
سەرۆککۆماری ئێران سەبارەت بە چۆنیێتیی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان جەختی لە بەکارهێنانی سەرجەم توانا نێوخۆییەکان کردەوە. ''پێویستە سوود لە باشترین توانا و ئەزموونە نێودەوڵەتییەکانیش وەربگیرێت، ئەمڕۆ رکابەرەکانمان بە بەکارهێنانی نوێترین تواناکان و بە هاوکاریی سەرکەوتووترین کۆمپانیاکان، بە خێرایی گەشە دەکەن.''
مەسعود پزیشکیان ئەوەشی خستەڕوو، "پێویستە شارەزایانی خۆمان بنێرینە دەرەوەی وڵات، بۆ ئەوەی لەسەر دوایین تەکنۆلۆژیا و تواناکان راهێنانیان پێبکرێت، یان لە رێگەی بەکارهێنانی شارەزایانی [بیانی] بوارە جیاجیاکان، بە خێرایی رێڕەوی گەیشتن بە ئامانجەکانمان ببڕین.''
پزیشکیان رەخنەشی هەیە و دەڵێ ''بۆ ئەوەی لە ناوچەکەدا هێزی یەکەم بین، نابێ لە رکابەرەکانمان دوا بکەوین، گەشەکردنی وڵات بەو رێکارانەی تاوەکو ئێستا گیراونەتەبەر، جێبەجێ ناکرێت.''
وەک سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، ''ئەگەر بمانەوێت درێژە بە هێنانی مادەی خاو لە باشووری وڵاتەوە بۆ ناوەندی وڵات بدەین، بە شێوەیەکی بەرچاو توانای رکابەریمان لاواز دەبێت. بۆیە هیچ چارەیەکمان نییە جگە لە؛ گواستنەوەی ناوەندی ئابووری و سیاسیی وڵات بۆ باشوور و نزیکی دەریا.''
سەرۆککۆماری ئێران باسی لە گرفتەکانی وەک کەمیی ئاو، رۆچوونی زەوی، پیسبوونی کەشوهەوای پایتەختی وڵاتەکە کرد و گوتی، ''تاران، رووبەڕووی ژمارەیەک کێشە بووەتەوە کە جگە لە گواستنەوەی پایتەخت، [ناوەند] هیچ چارەسەرێکی دیکەمان بۆیان نییە. ''
بەگوتەی پزیشکیان، ''بە درێژەدان بەو سیاسەت و رێکارانەی تاوەکو ئێستا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان گیراونەتەبەر، تەنیا کێشەکانی شاری تاران قووڵتر بوونەتەوە؛ بۆیە چارەسەری بنەڕەتی، گواستنەوەی پایتەختی (ناوەندی) سیاسی و ئابووریی وڵاتە."
وەک سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی دا، گواستنەوەی ناوەندی سیاسی و ئابووریی وڵاتەکە ''بەو شێوەیە کە ئێمە خۆمان لە تاران دابنیشین و بە خەڵک بڵێین بگوێزنەوە، جێبەجێ نابێت، بەڵکو دەبێت سەرەتا خۆمان بڕۆین بۆ ئەوەی خەڵک بەدوای ئێمەدا بێن.''
تاران، قەرەباڵخترین شاری ئێران و ناوەندی پارێزگای تارانە. بەپێی سەرژمێریی گشتیی ساڵی 2021ـی ناوەندی ئامار و سەرژمێریی ئێران، نزیکەی 9 ملیۆن و 40 هەزار دانیشتووی هەیە و بەگوێرەی راپۆرتێکی ساڵی 2018ـی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، قەرەباڵخترین شاری رۆژئاوای ئاسیا و 34ـەمی جیهانە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پزیشکیان ئاماژەی بە سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران کرد و گوتی، ''15 دراوسێمان هەن کە تامەزرۆی پەرەپێدانی هاوکارین لەگەڵمان."
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق