رۆژی چوارشەممە (4ـی ئەیلوولی 2024) ئاژانسی چاودێریی کەشوهەوای ئەورووپا رایگەیاند، تۆمارەکان دەریدەخەن مانگی ئاب گەرمترینی ئەم مانگە بووە لە مێژوودا، کە تێکڕای پلەی گەرمیی 16.82 پلەی سیلیزی بووە.
بەگوێرەی ئەو ئاژانسە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بۆ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەگەڕێتەوە، کە وایکردووە رۆژەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما زیاتر بن.
ئاژانسی چاودێریی کەشوهەوای ئەورووپا ئاماژەی بە ناوی ئەو وڵاتانە داوە، کە گەرمترین مانگی ئابیان بەڕێکرد، کە بریتی بوون لە ئوسترالیا، ژاپۆن، چین و نەرویج.
ئەوە 15ـەیەمین مانگی لەسەریەکە، گەرمترین مانگ لەسەر گۆی زەوی تۆمار دەکرێت، جگە لە مانگی تەممووزی ئەمساڵ کە بە پلەیەک فێنکتر بووە لە تەممووزی ساڵی رابردوو.
سەرجەم ئاژانسەکانی تایبەت بە کەشوهەوا پێشبینییان کردووە ئەمساڵ گەرمترین ساڵ بێت لەوەتەی پلەی گەرما تۆمار دەکرێت کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەیەم.
بەگوێرەی ئاژانسی چاودێریی کەشوهەوای ئەمریکا و ئەورووپاش تائێستا ساڵی پار گەرمترین ساڵ بووە لەسەر گۆی زەوی، بەڵام لەسەرەتای مانگی رابردوو، پسپۆڕانی کەشوهەوا ئاماژەیان بەوە کردووە تاوەکو مانگی ئاب، تێکڕای پلەی گەرمیی ئەمساڵ 1.48 پلە بەرزتر بووە لە ساڵی رابردوو.
ئاژانسی چاودێریی کەشوهەوای ئەورووپا دەڵێت، کیشوەری ئەورووپا زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە زۆربەی وڵاتانی کیشوەرەکە، پلەی گەرما بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، هەروەها وشکەساڵی و سووتانی دارستانەکانیش بەردەوام لە فراوانبوون و زیادبووندان.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق