گومرگی ئێران رایگەیاند، لە 7 مانگی رابردوودا ئێران زیاتر لە 53 تۆن زێڕی هاوردە کردووە، زیاترین بڕی زێڕەکەش لە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینیی تارانەوە هاوردە کراوە. دەروازەی سنووریی باشماخیش بە پلەی دووەم دێت.
میدیای فەرمیی ئێران لەسەر زاری دەستەی گومرگی ئێرانی بڵاوی کردەوە، ئێران لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا 53.443 تۆن زێڕی هاوردە کردووە، کە بەهاکەی سێ ملیار و 443 ملیۆن دۆلار بووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پار لە هەمان ماوەدا ئێران تەنیا بڕی 9 تۆن زێڕ بە بەهای زیاتر لە 574 ملیۆن دۆلار هاوردە کردبوو.
هەر بەپێی گومرگی ئێرانی، زۆرینەی هاوردەکردنی زێڕەکە لە رێگەی فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی بووە لە تاران بە رێژەی 96.5%، هەروەها 2٪ی زێڕەکە لە دەروازەی سنووریی باشماخ کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستان و 0.88٪ی دیکەش لە رێگەی گومرکی تەورێزەوە هاوردە کراوە.
پار، ئێران نزیکەی 30 تۆن زێڕی هاوردە کردبوو. رۆژی 25ی ئاداری 2024، محەممەد رزوانیفەر، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ئێران رایگەیاند، ئێران لە ماوەی ساڵی رابردوودا بڕی 29 تۆن و 969 کیلۆگرام زێر بە بەهای ملیارێک و 936 ملیۆن دۆلار هاوردە کردووە، کە 3٪ی کۆی گشتیی هاوردەی وڵاتەکە دەکات.
لە ساڵی 2022دا، حکومەتی ئێران بڕیاریدا ئاسانکاری بۆ هاوردەکردنی زێڕ بۆ سەرانسەری ئێران بکات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی ئێرانیش ئەم ساڵ گشتاندنێکی دەرکرد و بۆ هەموو خاڵە گومرگییەکان، دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی نارد؛ تێدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم ساڵیش باج لەسەر هاوردەکردنی زێڕ هەڵگیراوە.
پسپۆرانی ئابووریی ئێران، بەرزبوونەوەی قەبارەی هاوردەی زێڕ لەو وڵاتە بۆ زیادبوونی داواکاری بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی زێڕ و گۆڕانکاری لە سیاسەتە دارایی و دراوییەکانی حکومەت دەگەڕێننەوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق