راستڕۆ تووندڕۆکانی نەمسا براوەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی وڵاتەکەیان بوون

ليست هناك تعليقات


لایەنگرانی پارتە راستڕۆ تووندڕۆکانی نەمسا بە جۆش و خرۆشەوە ئاهەنگیان گێڕا و پێکی سەرکەوتنێکی مێژووییان لە هەڵبژاردنی گشتیدا نۆشکرد، بەڵام دیار نییە ئەو دڵخۆشییەیان تا کوێ رێدەکات، چونکە ناتوانن بە ئاسانی حکومەت پێکبهێنن.

گارسۆنێکی تەمەن 35 ساڵ بە ناوی ئێریک بێرگلوند دەڵێت: "ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە. گرنگ نییە کام لایەن حکومەت پێکدێنێت. بێگومان پێش سەری ساڵ هیچ حکومەتێکمان نابێت."

پارتی ئازادی (FPOe) ، کە پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆیە و لە ساڵی 2021ـەوە لە لایەن هێربێرت کیکڵی قسە تووندەوە سەرکردایەتی دەکرێت، سەرەتا پێشبینی دەکرا بە جیاوازییەکی کەم پێش پارێزگاران بکەوێت، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەریخست کە بە رێژەیەکی بەرچاو پێشکەوتووە و 29.2٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، لە کاتێکدا پارتی گەلی نەمسا (ÖVP) بە 25.6٪ لە پلەی دووەم دێت.

بێرگلوند پێیوایە، کیکڵ "بەهێزترین سەرکردەیە،" بەڵام درک بەوەش دەکات کە ئێستا دەبێت پارتەکانی دیکە بڕیار بدەن ئایا سەرکردەکە دەبێتە راوێژکار یان نا. (هاوشێوەی ئەڵمانیا، لە نەمسا سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکار بە راوێژکار ناودەبرێت نەوەک سەرۆکوەزیران)

سەرۆکی پارتی ئازادی: ئەرکەکەم ئاسان نییە

کارل نێهامەر، راوێژکاری نەمسا، کە پارتەکەی بووە دووەم، دەڵێت، ئامادە نییە لەگەڵ کیکڵ حکومەت پێکبێنێت. سەرکردەی بەشی زۆری پارتەکانی دیکەش کیکڵیان رەتکردووەتەوە.

کیکڵ لە کاتی ئاهەنگگێڕاندا بە لایەنگرانی گوت، "من شاخەوانم، بەڵام ئەو کۆڵەپشتەی پێم دراوە، سووک نییە".

لایەنگرانی پارتە راستڕۆ تووندڕۆکە کە بەشێکی زۆریان متمانەیان بە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەیان نییە لەبەر ئەوەی پارتی ئازادی بە لایەنداریکردن تۆمەتباری دەکات، بەدیار تەلەڤزیۆنێکی سەربە کەرتی تایبەتەوە وەستابوون و لەگەڵ دەرکەوتنی وێنەی هەر بەربژێرێکی براوەیان، فیکەی سەرکەوتنیان لێدەدا.

هیملار کاباس، چەندین ساڵە ئەندامی پارتەکەیە، دەڵێت، "لاوازیی" پارتەکانی دیکە هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتنی پارتە راستڕۆکەیان بوو.

بەڵام لایەنگرانی کیکڵ پێیانوایە، ئەوە تاکە هۆکار نییە، بەڵکو ژمارەیەک پرسی دیکەش بوونەتە هۆی تۆرانی خەڵک لە پارتی گەلی نەمسا، لەوانەش زیادبوونی ژمارەی پەناخوازان، داتەپینی ئابووری و زیادبوونی گرانی کە هەمان ئەم هۆکارانە بوونەتە هۆی زیادبوونی دەنگی راستڕۆ تووندڕۆکان لە سەرانسەری ئەورووپا.

بەڵام کاباس پێیوایە، ئەگەر بڕیار وایە کەس حکومەت لەگەڵ کیکڵ پێکنەهێنێت، ئەوا باشترە بە ئۆپۆزیسیۆن بمێنێتەوە، دەشڵێت، "نابێت پارتەکانی دیکە لە بری ئێمە بڕیار بدەن."

'مەشخەڵ لە شەودا'

لایەنگرێکی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD) لە هەرێمی باڤاریاوە تایبەت بۆ ئاهەنگەکە چووەتە نەمسا و لە نێو ئاهەنگی راستڕۆ تووندڕۆکان ئامادە بوو.

ئەو هاووڵاتییە دەڵێت، "ئەمشەو ئەڵمانیا چاوی لە ڤیەننا بوو."

لایەنگرەکەی AfD کە راستڕۆکانی نەمسا بە هاوڕێ دادەنێت، لەگەڵ خۆی شتێکی بچووکی شینی وەک دیاری بۆ کیکڵ هێنابوو کە لەسەری نووسراوە "ئەو مەشخەڵی شەوەکەمانە."

پێترا ستێگەر، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی ئازادیی نەمسا گوتی، ئێستا پێویستە سەرۆک ئەلێکساندەر ڤاندێر بێڵن، کیکڵ بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێرێت و "رێز لە دەنگدەران بگرێت. لە وڵاتێکی خاوەن دیموکراسیدا، کارەکە بەم جۆرەیە."

ڤاندێر بێڵن پێشتر رەخنە و سەرنجی لەسەر کیکڵ هەبووە، دوای روونبوونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەش رایگەیاند، هەوڵ بۆ پێکهێنانی حکومەتێک دەدات کە رێز لە "بنەماکانی دیموکراسی و لیبڕالی بگرێت."

لە هەمان کاتی ئاهەنگگێڕانی لایەنگرانی کیکڵ، شەوی یەکشەممە، ژمارەیەک خۆپێشاندەر لە بەردەم پەرلەمانی نەمسا کۆبوونەوە بۆ ئەوەی بڵێن "نەخێر بۆ کیکڵ".

خۆپێشاندەران درووشمی "نازییەکان بۆ دەرەوە"یان دەگوتەوە.
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif