عێراق زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە

ليست هناك تعليقات



سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ژینگەی عێراق مەترسی لەسەرە، دەبێت هەوڵەکان دوو بەرامبەر زیاتر بکرێن و میکانیزمی کار دابنرێت بۆ پاراستنی ژینگە و کەشوهەوا لە هەر فاکتەرێکی تێکدەرانە.

دووشەممە 28-10-2024 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەشداری لە وۆرکشۆپێکی دیالۆگ ئامێز کرد، کە لە لایەن دیداری بەحرم علوم و پەیمانگای عەلەمین بۆ خوێندنی باڵا رێکخرابوو، سەبارەت بە زۆنگاوەکان، ئاڵنگاریی ئاو و گۆڕانی کەشو هەوا.

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە وۆرکشۆپەکەدا، سوودانی باسی ئەوەی کرد، حکومەتەکەی کاری کردووە بۆ دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی دۆخی ژینگەی زۆنگاوەکان و دانانی بەرنامەیەک، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا بۆ سەریان.

وەک سوودانی باسیکرد، لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی جموجۆڵیان دەستپێکردووە بۆ پشتیوانی لەو دۆسیە و کاریان کردووە تاوەکو گەرەنتی ئەوە بکرێت ئاوی پێویست بۆ زۆنگاوەکان دابین بکرێت،ئەوەش دوای ئەو شەپۆلە وشکەی کە دووچاری بوونە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، دانی بەوەدانا، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرتریرن کاریگەری گۆڕانی ژینگەیی و کەشوهەوای لەسەرە. جەنگەکانی رژێمی بەعس، توخمەکانی ژینگەی وێران کردووە و کێشەی مەترسیداری دروستکردووە.

سوودانی راشیگەیاند، حکومەت یاداشتی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی لەگەڵ چەندین وڵات کردووە لە بواری ژینگە و ئاو. بە جدی کاری کردووە بۆ دەستەبەرکردنی بەشە ئاوەکەی، ئەوەش لە رێگەی رێکخستنی ئیدارەیەکی هاوبەش لە رووبارەکانی دیجلە و فرات، بەگوێرەی رێکخستن و یاسای تایبەت بە بەڕێوەبردنی رووباری هاوبەش .

یونسکۆ زۆنگاوەکانی عێراقی خستووەتە نێو لیستی کەلەپووری جیهان، بەگوتەی سوودانی ئەوەش سیمایەکی گەشتوگوزاری بەو ناوچانە داوە.

سوودانی رایگەیاند، ئەو مەترسییانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە لە بواری ژینگە، وایکردووە کاری هاوبەش بەهێزتر بکەن، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری تووندی گۆرانی کەشوهەوا.

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif