ئاڵۆزییە سیاسییەكان جووڵەی بازرگانییان سست كردووە

ليست هناك تعليقات


سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و ‏ناردنكارانی ‏هەرێمی ‏‏‏كوردستان دەڵێت، ‏تەشەنەكردنی شەڕی ‏ئیسرائیل و حەماس بۆ لوبنان، بووەتە هۆكاری سستبوونی جووڵەی بازرگانی لەنێوان هەرێمی كوردستان ‌و بەشێک لەو ‏وڵاتانەی بازرگانییان لەگەڵ دەكات.‏

مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و ‏ناردنكارانی ‏هەرێمی ‏‏‏‏كوردستان وتی، ‏كە ‏ئاسۆ سەراوی پێشكێشی دەكات، ‏رایگەیاند، ئاڵۆزییە سیاسییەكانی ‏ناوچەكە بەتایبەت تەشەنەكردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس بۆ لوبنان، بووەتە هۆكاری سستبوونی بازرگانی لە ناوچەكەدا، ‏‏"بازرگانان مەترسییان هەیە و هەموو پارەكەیان ناكەنە خۆراك ‌و كاڵا؛ بۆیە هەفتەیەكە سستییەك لە جووڵەی بازرگانی دروستبووە."

مستەفا عەبدولڕەحمان دڵنیایی دا كە خۆراك ‌و پێداویستیی دیكە لە كۆگاكانی ‏سلێمانی دا زۆرە، ئەگەر ئاڵۆزی عێراقیش بگرێتەوە، ئەوا بەشی شەش ‏مانگ خۆراك لە كۆگاكاندا هەیە، بەڵام بە مەرجی ئەوەی خەڵكی هەموو پێکەوە دەست بە كڕینی پێداویستی نەکەن.

سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و ‏ناردنكارانی ‏هەرێمی ‏‏‏كوردستان گوتی، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە زیاتر هاوردەكردنە نەوەك ‏ئاڵوگۆڕی بازرگانی ‌و رایگەیاند، "هێشتا ئاستی هەناردەمان كەمترە لە 5%. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەوەی هەمانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نییە، بەڵكو ‏زیاتر هاوردەی كاڵا‌ و خۆراكە."

لەبارەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ‏ئەو وڵاتانەی بازرگانییان لەگەڵ دەكات، مستەفا عەبدولڕەحمان گوتی، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا ‏لە پلەی یەكەمدایە و ساڵانە نزیكەی 12 ملیار دۆلارە، لەگەڵ ‏ئێرانیش 6 ملیار دۆلار ‌و لەگەڵ چینیش 5 ملیار دۆلارە.

سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و ‏ناردنكارانی ‏هەرێمی ‏‏‏كوردستان لەو بڕوایەدا ‏نییە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار ببێتە هۆكاری ‏گرانبوونی خۆراك، كاڵا‌ و پێداویستییەكانی دیكە لە بازاڕدا، چونكە "‏حكومەتی عێراق بەهای 100 دۆلاری بۆ بازرگانان بە 132 هەزار دینار ‏دیاری كردووە."
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif