نێچیرڤان بارزانی بۆ مەشهەدانی: هیواخوازین بە هەڵبژاردنتان سه‌قامگيریى وڵات به‌هێزتر بكات

ليست هناك تعليقات


سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە مەحموود مەشهەدانی دەکات بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق. هیواش دەخوازێت، بە هەڵبژاردنی، ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران "كاراتر به‌رده‌وام بێت له‌ ئه‌ركى ياسادانان كه‌ وه‌ڵامگۆى چاوه‌ڕوانييه‌كانى گه‌ل بێت و سه‌قامگيریى ئێستا و داهاتووى وڵات به‌هێزتر بكات."

رۆژی هەینی، 1ـی تشرینی دووەمی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا گوتی: "به‌بۆنه‌ى هه‌ڵبژاردنييه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى له‌ براى به‌ڕێزم د. مه‌حموود ئه‌لمه‌شهه‌دانى ده‌كه‌م، هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ ده‌خوازم. دڵنياين كه‌ هه‌ڵبژاردنى به‌ڕێزيان هه‌نگاوێكى ئه‌رێنييه‌ به‌ره‌و قۆناغێكى نوێى هاريكارى و كارى هاوبه‌شى نێوان لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى وڵات له‌ به‌ڕێوه‌بردنى سياسى و كارگێڕى و ياساداناندا."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوا دەخوازێت "ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ى به‌ڕێزيان ببێته‌ هۆى پته‌وكردنى پێكه‌وه‌ييى نيشتمانى بۆ به‌گه‌ڕخستنى هه‌موو هه‌وڵه‌كان له‌پێناو خزمه‌تكردنى باشترى وڵاتدا به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران كاراتر به‌رده‌وام بێت له‌ ئه‌ركى ياسادانان كه‌ وه‌ڵامگۆى چاوه‌ڕوانييه‌كانى گه‌ل بێت و سه‌قامگيریى ئێستا و داهاتووى وڵات به‌هێزتر بكات."

ئەوە لەکاتێکدایە، دوای نزیکەی ساڵێک لە بەتاڵبوونی پۆستەکە، رۆژی پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق دوای دوو گەڕی دەنگدان، سەرۆکێکی نوێی هەڵبژارد.

مەحموود مەشهەدانی، بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم کە لەلایەن زۆربەی سوننەکان، چوارچێوەی هاوئاهەنگی و فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە پشتیوانی دەکرێت، لەگەڕی دووەمدا کە 269 پەرلەمانتار ئامادەیبوون، 182 دەنگی بەدەستهێنا و بە سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.

سالم عیساوی، بەربژێری سەربەخۆ، 42 دەنگ، عامر عەبدولجەبار 8 دەنگ و تەڵاڵ زەوبەعی سفر دەنگی بەدەستهێنا، هەروەها 39 دەنگیش بەتاڵ بوون.

سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 1948 لەدایکبووە، یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی سوننە. پێش ئەوەی ببێتە سیاسەتڤان، ئەفسەری سوپای عێراق بووە. ساڵی 1972 کۆلێژی پزیشکی تەواو کردووە. بەهۆی ئەوەی دژی شەڕی کەنداو بووە، لە ساڵی 1990 دەستگیرکراوە و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، دواتر سزاکەی بۆ 15 ساڵ زیندانی کەمکرایەوە.

مەشهەدانی ساڵی 2004 ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری عێراق بووە، ساڵی 2006 تاوەکو 2009 سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق و یەکێتیی پەرلەمانی عەرەبیی کردووە، بووە بە یەکەم سەرۆکی پەرلەمان دوای رووخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن.
 
 
 
 
 
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif