راستی گرنگیدانی بارسێلۆنا بە گواستنەوەی یاریزانێکی میلان

ليست هناك تعليقات


بەشێکی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ناوی ئەستێرەیەکی یانەی میلان بە یانەی بارسێلۆنا دەبەستنەوە و گوایە یانە ئیسپانییەکە دەیەوێت لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا یاریزانەکە بباتە ریزەکانی.

رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی دەڵێت "جاریکی دیکە ناوی تیجانی ریندەرز، یاریزانی یانەی ئەیسی میلان بە یانەی بارسێلۆنا بەستراوەتەوە، لەکاتێکدا یانەکە دوو وەرز لەمەوبەر گرنگی بە تواناکانی ئەو یاریزانە دەدا، لەکاتێکدا هێشتا یاریزانی یانەی ئەلکماری هۆڵەندی بوو، بەڵام یاریزانەکە گرنگی بە پەیوەندیکردنی بە یانەکەوە نەدەدا."

ریندەرز تەمەنی 26 ساڵە، لەگەڵ میلان لە دۆخێکی باشدایە و لە پێکهاتەی سەرەکی یاری دەکات، چەند مانگێکە گفتوگۆ دەکرێت بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی بۆ ماوەیەکی درێژ نوێبکرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی ئێستا گفتوگۆکان وەستاون، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی ناوی ئەو یاریزانە بە یانەکانی بارسێلۆنا و مانچێستەر سیتییەوە ببەسترێتەوە.

سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، مانچێستەر سیتی بیرۆکەی گرێبەستکردنی لەگەڵ ناوەڕاستکارێکی نوێ رەت نەکردووەتەوە، بەتایبەت کە پێکانی رۆدری مەترسیدارە، بەڵام بارسێلۆنا زەحمەتە ئەو یاریزانە بگوازێتەوە، بەتایبەت کە یانەکە خاوەنی یاریزانی پێویستە لە هێڵەکەدا و زیاتر دەیەوێت پشت بە یاریزانە لاوەکانی ببەستێت بۆ داهاتوو.

سپۆرت دەڵێت "باوکی تیجانی گوتوویەتی، پێشتر چاڤی و بەشێکی بەرپرسانی بارسێلۆنا پەیوەندییان پێوەکردووە بۆ ئەوەی ویستی یاریزانەکە لەبارەی پەیوەندیکردنی بە یانەکەوە بزانن، بەڵام ئەو یاریزانە ئەیسی میلانی هەڵبژارد و چووە خولی ئیتاڵیا."

تیجانی ریندەرز، لە 2023 پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی میلانەوە کردووە، گرێبەستەکەی لە 2028 کۆتاییدێت و ئێستا نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا 30 ملیۆن یۆرۆیە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif