لە ئەمریکا پێوەرێکی هەڵاوسان و کۆی بەرهەمی نێوخۆیی دابەزین.
نووسینگەی ئاماری سەر بە وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا لە نوێترین هەڵسەنگاندنیدا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، لە چارەکی سێیەمی ئەم ساڵدا گەشەی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی وڵاتەکە لە 3٪ـەوە بۆ 2.8٪ دابەزیوە.
وەزارەتی بازرگانی دەڵێت، سەرەڕای ئەو دابەزینە، بەڵام خەرجیی بەکاربەر و وەبەرهێنانی تایبەت 3.2٪ زیادبوون لەو چارەکەدا.
خەرجیی بەکاربەرانی ئەمریکا کە نزیکەی 70٪ـی چالاکییە ئابوورییەکانی ئەمریکا پێکدەهێنێت، لە 2.8٪ لە چارەکی دووەمدا بۆ 3.5٪ لە چارەکی سێیەمدا زیادبووە.
بەڵام گەشەی وەبەرهێنانی بازرگانی بە شێوەیەکی بەرچاو خاوبووەتەوە بەهۆی کەمبوونەوەی وەبەرهێنان لە خانووبەرە باڵەخانە بازرگانییەکان وەک ئۆفیس و کۆگاکان.
راپۆرتەکەی ئەمڕۆی وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا هەندێک هەواڵی دڵخۆشکەری لەبارەی هەڵاوسان تێدایە؛ پێنوێنی خەرجییەکانی بەکاربردنی تاکەکەسی لە چارەکی دووەمدا 2.5٪ بەرزببوونەوە؛ لە چارەکی سێیەمی ئەم ساڵدا بۆ 1.5٪ دابەزیوە.
خەرجییەکانی بەکاربردنی تاکەکەسی پێوەرێکی هەڵاوسانە و بانکی ناوەندیی ئەمریکا بە بایەخەوە لێی دەڕوانێت.
نێوەڕاستی ئەم مانگە ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا هەڵاوسان لە 2.4٪ـەوە بۆ 2.6٪ بەرزبووەتەوە.
ئێستا بازرگانان چاوەڕوانی بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکان لەبارەی رێژەی سوود کە بڕیارە 18ـی مانگی داهاتوو رایبگەیێنێت.
زۆرینەی پێشبینییەکان بە ئاراستەی کەمکردنەوەیەکی دیکەن لە رێژەی سوود، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، بەپێی ئامارە ئابوورییەکان بڕیار دەدەن.
رۆژی چوارشەممە، 18-9-2024، لیژنەی بازاڕی کراوەی سەر بە بانکی ناوەندیی ئەمریکا کۆبووەوە و بڕیاری دا رێژەی سوود 0.50٪ کەمبکاتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئەم مانگەش بانکەکە رێژەی سوودی 0.25٪ کەمکردەوە.
ئەوەی ئێستا جێی سەرنجی بازرگان و بازاڕەکانە، سیاسەتی داهاتووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکایە کە دوێنێ رایگەیاند، گومرگ لەسەر کاڵاکانی مەکسیک، کەنەدا و چین زیاد دەکات.
لە هەر بارێکدا بێت، ترەمپ ئابوورییەکی تەندروست وەردەگرێت؛ گەشەی ئابووریی جێگیرە؛ بێکاری کەمە و 4.1٪ـە؛ هەڵاوسان کە لە ساڵی دەستپێکی شەڕی ئۆکراینا گەیشتە 9.1٪، ئێستا 2.6٪ـە و نزیکە لە ئامانجی 2٪ـی بانکی ناوەندی.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق