زیاتر لە 20 رۆژە ئێران گازی سرووشتی لەسەر عێراق بڕیوە

ليست هناك تعليقات


دوای تێپەڕبوونی 20 رۆژ هێشتا هەناردەی گازی سرووشتیی ئێران بۆ عێراق دەستیپێنەکردووەتەوە. لایەنی ئێرانی بە عێراقیان گوتووە، سەرقاڵی نۆژەکردنەوەی بۆریی گازەکەن.

شەممە، 14-12-2024، ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند: "لەگەڵ تەواوبوون و تێپەڕبوونی ماوەی 15 رۆژەکە؛ بەڵام هێشتا ئێران هەناردەکردنی گازەکەی بۆ عێراق دەستپێنەکردووە".

لە 24ی مانگی رابردووەوە، ئێران هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ عێراق بەتەواوی راگرت. ئەوکات گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە رووداوی گوت: "لایەنی ئێرانی پێیان راگەیاندووین، بەهۆی نۆژەنکردنەوە بۆریی گواستنەوەی گاز، بۆ ماوەی 15 رۆژ هەناردەکردنی گازەکەیان بۆ عێراق راگرتووە".

لەبارەی هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی پرۆسەکە، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق گوتی: "لایەنی ئێرانی دەڵێن، هێشتا پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی بۆری گواستنەوەی گاز تەواو نەبووە".

بەهۆی راگرتنی ئەو گازەوە بەرهەمهێنانی 5500 مێگاوات کارەبای عێراق کەمبووەتەوە.

گوتەبێژی کارەبای عێراق گوتی، ئێستا بەهۆی کێشەکەوە، کارەبا کەمتر بەرهەمدێت، لەهەمان کاتیشدا بەشێکی وێستگەکانیان لەژێر نۆژەنکردنەوەدان، بۆیە ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق لە خوارووی 15 هەزار مێگاوات کارەباوەیە. ئەوەش کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانیی بەشێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.

بەپێی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024، لە کۆی گشتیی زیاتر لە 211 تریلیۆن دیناری بودجە، عێراق بڕی 40 تریلیۆن و 133 ملیار دیناری بۆ وزە تەرخانکردووە، لەنێویدا بڕی زیاتر لە 18 تریلیۆن دینار بۆ کارەبا و زیاتر لە 19 تریلیۆن دیناری بۆ نەوت.

بەپێی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024، عێراق بڕی 600 ملیار دیناری بۆ هاوردەکردنی وزە تەرخانکردبوو، بە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران پارەکە بۆ زیاتر لە سێ هێندە زیادکرا و بڕی تریلیۆنێک و 463 ملیار دیناری دیکەشی بۆ زیادکرا.

زورغام مالیکی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کێشەیە عێراق بۆ دابینکردنی وزەی کارەبا، پشت بە هاوردەکردنی سووتەمەنی و گازی وڵاتانی دیکە ببەستێت، ئەو بابەتە دەبێت زوو کۆتایی بێت."

گوتیشی: "ساڵانە عێراق لەنێوان 5 بۆ 6 ملیار دۆلاری بۆ هاوردەکردنی سووتەمەنی و گاز دەڕوات، لەکاتێکدا ساڵانە بایی نزیکەی 10 ملیار دۆلار گاز دەسووتێنێت."

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif