لە 9 مانگدا بەغدا 8.8 تریلیۆن دینارى بۆ هەرێمى کوردستان ناردووە

ليست هناك تعليقات


وەزارەتى دارایی عێراق لە 9 مانگدا 8.8 تریلیۆن دیناری لە پشکى هەرێمى کوردستان ناردووە، کە زیاتر لە 7.7 تریلیۆن دینارى بۆ مووچە بووە، تێکڕاى ئەو پارەیەى نێردراوە 9.3%ـی خەرجییەکانى عێراق بووە لەو ماوەیەدا.

بەگوێرەى راپۆرتى خەرجى و داهاتى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ، تاوەکو مانگى ئەیلوول، 8 تریلیۆن و 858 ملیار و 932 ملیۆن و 312 هەزار و 480 دینار وەک خەرجى راستەقینە بۆ هەرێمى کوردستان نێردراوە.

لەو بڕە، 6 تریلیۆن و 285 ملیار و 764 ملیۆن و 430 هەزار دینارى بۆ مووچەى فەرمانبەران بووە، ئەوە جگە لە یەک تریلیۆن و 513 ملیار و 799 ملیۆن و 694 هەزار دینارى دیکە، کە بۆ مووچەى خاوەنپێداویستى تایبەت، چاودێریی کۆمەڵایەتى، زیندانیانى سیاسیى و شەهیدان بووە.

جگە لە پارەى مووچە، بەگوێرەى خشتەى خەرجییەکانى وەزارەتى دارایی فیدراڵ، 107 ملیار و 485 ملیۆن دینارى بۆ چاککردنەوە بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە.

بەگوێرەى خشتەکە 225 ملیار و 811 ملیۆن دینار بۆ پێداویستیی خزمەتگوزارى و 249 ملیار و 253 ملیۆن دینارى دیکە بۆ پێداویستیی کەرەستە و 75 ملیار و 407 ملیۆن و 310 هەزار دینارى دیکەش لە پشکى بودجەى سەرمایەدارى بۆ هەرێمى کوردستان خەرج کراوە.

شیروان میرزا، ئەندامى پێشووى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق راگەیاند، خەرجیی سەرمایەدارى پارەى ژێرخانى پڕۆژەکانە، خەرجیی خزمەتگوزاری و کەرەستە، تایبەتن بە پێداویستیی ماددیی فەرمانگەکان و هێڵى ئینتەرنێت و پێداویستى لەو جۆرە.

لەو 9 مانگەدا، وەزارەتى دارایی عێراق 401 ملیار و 411 ملیۆن دینارى دیکەى وەک پارەى کۆمەک بۆ هەرێمى کوردستان ناردووە، لەکاتێکدا لەکۆى خشتەکانى بودجە، هیچ بڕە پارەیەکى وەک خەرجیی وەبەرهێنان بۆ خەرج نەکراوە.

تێکڕاى ئەو پارەیەى بۆ هەرێمى کوردستان نێردراوە، 9.3%ـی تێکڕاى خەرجیی عێراق بووە لەو نۆ مانگەدا، هەروەها 42.3%ـی تێکڕاى پشکى بودجەکەى بووە بۆ ساڵى 2024 کە بە 20.9 تریلیۆن دینار دیاری کراوە.

لە خشتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە؛ تێکڕاى خەرجیی راستەقینەى بودجەی عێراق بە هەردوو بەشی بەکاربردن و وەبەرهێنان لەو ماوەیەدا، 94 ترلیۆن و 878 ملیار و 893 ملیۆن و 465 هەزار دینار بووە.

لەو بڕە 85 تریلیۆن و 313 ملیار و 356 ملیۆن و 150 هەزار دینارى بۆ بەکاربردن بووە، 9 تریلیۆن و 565 ملیار و 537 ملیۆن و 314 هەزار دینار وەک خەرجیی وەبەرهێنان تۆمار کراوە.

سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابوورى و پیشەسازى و بازرگانیی پەرلەمانى عێراق پێیوایە؛ کەمى پارەى خەرجکراوى بودجەى وەبەرهێنان بە "ئەنقەستە".

سۆران عومەر گوتی "بڕێکى کەمى پارەى پڕۆژەى پارێزگاکان خەرجکراوە بۆ ئەوەى بدرێتە دەست وەزارەتەکان."

کۆى داهاتى عێراق لەو 9 مانگەدا 114 تریلیۆن و 349 ملیار و 739 ملیۆن و 335 هەزار دینار بووە، کە 89%ـی داهاتى نەوتى بووە.

داهاتى عێراق 19 تریلیۆن و 470 ملیار دینارى لە خەرجییەکانى زیاتر بووە، جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق گوتی "ئەو پارەیەى دەمێنێتەوە لە داهات، نافەوتێت بەڵکو لە ساڵى 2025 خەرج دەکرێت، چونکە یاساى بودجەى گشتى، ئەمجارە بۆ سێ ساڵە، ئەوە جگە لەوەى بەشێک لە کورتهێنانى بودجەى پێ پڕدەکرێتەوە."

تێکڕاى بودجەى گشتیی عێراق بۆ ساڵى 2024 زیاتر لە 211 تریلیۆن دینارە و زیاتر لە 63 تریلیۆن دینار کورتهێنانى هەیە.

جەمال کۆچەر گوتی "یەکێک لە هۆکارەکانى کەمیی خەرجى، کەمبوونەوەی داهاتى نەوتە بەو پێیەى کەمتر لەو بڕە نەوتە هەناردەکراوە کە لە یاساى بودجەى گشتیدا هاتووە، کە سێ ملیۆن و 355 هەزار بەرمیل نەوتە لە رۆژێکدا."

 


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif