عێراق بە دیار لێکەوتە مەترسییدارەکانی سووریاوە ناوەستێت

ليست هناك تعليقات


سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆککۆماری تورکیای راگەیاند، وڵاتەکەی بەدیار لێکەوتە مەترسییدارەکانی سووریا ناوەستێت و گوتیشی، عێراق رێگەنادات ئەوەی پێشتر روویدا، دووبارە ببێتەوە.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی سێشەممە، 03-12-2024، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کردووە و، دوایین پێشهاتە ئەمنی و مەیدانییەکانیان لە سووریا و ناوچەکە تاوتوێکردووە.

بەپێی راگەیێندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆککۆماری تورکیا راگەیاندووە،" عێراق بە دیار لێکەوتە مەترسییدارەکان ناوەستێت کە لە سووریا روودەدات، بەتایبەتی لە بەرامبەر پرۆسەی پاکتاوی رەگەزیی پێکهاتەکان و ئایینزاکان".

سوودانی جەختی لەوەکردووەتەوە، "عێراق پێشتر زەرەرمەند بووە بەدەست تیرۆر و ئەنجامی کۆنترۆڵی رێکخراوە تووندئاژۆکان بەسەر خاکی سووریاوە، رێگەنادات ئەمە دووبارە بێتەوە".

هەروەک دووپاتیکردەوە "گرنگە رێز لە یەکێتی و سەروەریی سووریا بگیرێت، هەموو هەوڵێک بدرێت لە پێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامیی سووریا".

هەر لە قسەکانیدان، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، "وڵاتانی ئیسلامیی پێویستیان بە دابەشبوونی نێوخۆیی نییە، ئەوەی ئێستا لە سووریا روودەدات لە بەرژەوەندیی قەوارەی زایۆنییە، بە ئەنقەست شوێنەکانی سوپای سووریا بۆردوومان دەکات، بۆ ئەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان کۆنترۆڵی ناوچەی دیکەی سووریا بکەن. لەگەڵ ئەوەی ئەو رێکخستنانە هەڵوێستیان لە پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستنیان نەبووە، یاخود هیچ سەرکۆنەیەکی روونی هێرشەکانی سەر غەززە-یان نەکردووە".

لە پەیوەندییەکەدا دووپاتکرایەوە لەسەر "گرنگی هاوئاهەنگیی هاوبەشیی نێوان هەردوولا، پێویستی پشتیوانی ئاسایش و سەقامگیریی سووریا، بەوپێیەی کاریگەری راستەوخۆ دەبێت بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە".

بە گوێرەی راگەیێندراوێکی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئەردۆغان رایگەیاندووە، پاراستنی سنوورەکانی تورکیا و خەڵکی سیڤیلی ئەو ناوچانە بۆ تورکیا لەپێشینەیە.

سەرۆککۆماری تورکیا جەختیکردووەتەوە، کە ئەوان لەگەڵ یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی سووریان و گوتوویەتی، عێراقیش لەم بابەتەدا هەمان بۆچوونی هەیە.

بە گوتەی ئەردۆغان، "حکومەتی سووریا دەبێت ئێستا سیاسەتێکی باش پیادە بکات بۆ ئەوەی دۆخەکە لەمە خراپتر نەبێت."

لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ئەردۆغان رایگەیاندووە، پەکەکە و باڵەکانی هەوڵدەدەن سوود لەم دۆخەی سووریا وەربگرن. تورکیا هەوڵیداوە و بەردەوامیشە لە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی پێشگیرییان لێ بکات.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif