لە زانکۆ، قوتابخانە و دامەزراوە حکومییەکانی پارێزگاکانی سنە، کرماشان و ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ کراوەتە پشوو. لە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکانی پارێزگای ئیلامیش دەوام کاژێرێک درەنگتر دەستپێدەکات.
بارستە هەوایەکی سارد و شەپۆلێکی بەفربارین رووی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کردووە و بەهۆیەوە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 15-12-2024)، لە ژمارەیەک پارێزگە کرایە پشوو.
عەباس جەعفەری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانەکان لە پارێزگەی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ''بە لەبەرچاوگرتی دابەزینی پلەی گەرما و کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی گاز و وزە بۆ گەرمکردنەوە، ئەمڕۆ سەرجەم دامەزراوە حکومییەکانی پارێزگەکە دادەخرێن".
بەگوتەی عەباس جەعفەری، دامەزراوە فریاگوزارییەکانی وەکو بانکەکان، فریاکەوتنی خێرا و بنکە تەندروستییەکان داناخرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، "قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکانیش بە ئۆنڵاین دەخوێنن".
بەڕێوەبەرایەتیی پارێزگەی سنەش دوێنێ شەو بڵاویکردەوە، ''دوای پێشبینی و ئاگادارکردنەوەکانی کەشناسیی پارێزگە لەبارەی دابەزینی پلەی گەرما، بڕیاردرا سبەی جگە لە دادگە، دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و بانکەکان، سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان، قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکان دابخرێن، ئەمەش بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی گاز و وزە، بۆ گەرمکردنەوەی ئەو شوێنانە".
بە هەمانشێوە لە پارێزگەی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەهۆی سەرما و سۆڵە، جیا لە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، لە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان، زانکۆ، پەیمانگە و قوتابخانەکان کراوەتە پشوو.
ئەوە لەکاتێکدایە بەگوتەی بیگلەریان، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانەکانی پارێزگای ئیلام، ئەمڕۆ دەوام لە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان، قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکانی ئەو پارێزگایە هەیە و تەنیا یەک کاژێر درەنگتر لە کاتی ئاسایی خۆی دەستپێدەکات.
سەرەڕای ئەوەی بەفربارین و سەرما پارێزگەی لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستانیشی گرتووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ پشوو نەدراوە.
جیا لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەگشتی لە پارێزگەکانی تاران، قووم، مازندەران، خوڕاسانی باکوور، گوڵستان، ئەردەبیل، سمنان، خوڕاسانی باشوور، زەنجان و چەندین پارێزگای دیکەی ئێران بەهۆی سەرما و سۆڵەوە، ئەمڕۆ پشووی سەرانسەری راگەیێندراوە.
ئەو هەوڵانە لەکاتێکدان کە مەسعود پزیشکیان، شەوی پێنجشەممە، 12ـی کانوونی یەکەمی 2024، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە هاووڵاتییانی ئێران دەکات، بەکارهێنانی گاز و کارەبا بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان کەم بکەنەوە.
بەگوتەی پزیشکیان، "ئەم بابەتە دەبێتە هۆی زیادبوونی یەدەگی سووتەمەنی و بەمەش لەم کەشوهەوا ساردەدا دەتوانین سووتەمەنیی پێویست بۆ هەموو خەڵک دابین بکەین".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق