ئەمڕۆ گوژمەی کۆتایی پارەی گەنمی جووتیاران خرایە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 125 ملیار دینارە.
حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق، رۆژی شەممە 14-12-2024، رایگەیاند، پرۆسەی ئامادەکردن و رادەستکردنی چەکی شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکووک و نەینەوایان تەواو کردووە و سەرجەم جووتیاران شایستەکانیان بۆ خەرج دەکرێت.
بەرێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق گوتی، زیاتر لە 125 ملیار بۆ هەرێمی کوردستان هەولێر، سلێمانی و دهۆک و 31 ملیار دینار بۆ کەرکووک و 115 ملیار دینار بۆ جووتیارانی نەینەوا خەرجکراوە. بەم شێوەیە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ هەموو جووتیاران شایستە داراییەکانیان وەردەگرن و ئەو دۆسیەیە کۆتایی دێت.
میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر رۆژی شەممە، (14-12-2024)، رایگەیاند، چەکی پارەی شایستەی گەنمی جووتیاران وەرگیراوە، بەڵام پرۆسەکە رێکاری کارگێڕی و بانکی پێویستە، سبەی چەکەکە رادەستی لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراقی دەکەن، پرۆسەکە 72 کاژێر دەخایێنێت، تاوەکو دەبێتە پارە، دواتر پارەکە بۆ بانکەکانی هەرێمی کوردستان دەگوزارێتەوە.
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر گوتی: "بە ئەگەرێکی زۆر، رۆژی پێنجشەممە، یاخود سەرەتای هەفتەی داهاتوو پارەکە بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکرێت.
میران بەختیار راشیگەیاند، شایستەی دارایی هەولێر (44٫045٫043٫000) چل و چوار ملیار و چل و پێنج ملیۆن و چل و سێ هەزار دینارە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چەکی گوژمەی کۆتایی شایستەداراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 گەیشتە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان و لەماوەی چەند رۆژێکدا رێکارە کارگێڕییەکان تەواو دەکرێت و دابەشدەکرێت.
پارەی جووتیاران بەپێی پارێزگاکان:
سلێمانی: 47٫642٫421٫000 دینار.
هەولێر: 44٫045٫043٫000 دینار.
دهۆک: 34٫165٫533٫000 دینار.
کۆی گشتیی: 125٫852٫997٫000 دینار.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق