نرخی بیتکۆین بۆ یەکەمجار لە مێژوودا 100 هەزار دۆلاری تێپەڕاند. گرەوی بازرگان و وەبەرهێنەرانی دراوە دیجیتاڵییەکان لەسەر پشتیوانییەکی سیاسی و رێکخراوەیی زیاتر لە ئیدارەی داهاتووی ترەمپ، بزوێنەری شەپۆلە بێوێنەکەی بەرزبوونەوەی بیتکۆینە.
5ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەچوو. ئەوکاتە یەک بیتکۆین بە نزیکەی 67 هەزار و 900 دۆلار بوو. ئێستا بە 103 هەزار دۆلارە. تەنیا لە دوای سەرکەوتنی ترەمپەوە، بەهاکەی زیاتر لە 35 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە.
هیچ کامێک لە پێنوێن، دراو، کانزا و پشکی کۆمپانیاکان هێندەی بازاڕی بیتکۆین بە خولی دووەمی دۆناڵد ترەمپ، شاگەشکە نەبوون.
ترەمپ هێندە بە ئاسانی پشتیوانیی لایەنگر و هەوادارانی دراوە دیجیتاڵییەکانی نەبردووەتەوە، بەڵکو لەو رێگەیەدا شەڕێکی گەورەی کردووە. ترەمپ و بیتکۆین چیڕۆکێکی سەرنجڕاکێشیان هەیە کە شایەنی خوێندنەوەیە
بەرگرە بیتکۆینییەکەی ترەمپ
لە سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، ترەمپ زوو هەوادارانی دراوە دیجیتاڵییەکان بەگشتی و بیتکۆین بەتایبەتیی بۆ خۆی کێشکرد و گوتی، "ئەمریکا دەکەمە پایتەختی بیتکۆین لە جیهان".
لە تەمموزیشدا گەورەترین کۆنفرانسی دراوە دیجیتاڵییەکان لە ناشڤیل بەڕێوەچوو. ترەمپ قسەکەرێکی سەرەکیی کۆنفرانسەکە بوو. لەوێش بەڵێنیدا "یەدەگێکی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بیتکۆین" دروستبکات. بەڵێنیشیدا پارێزگاری لەو بیتکۆینانە بکات کە ئەمریکا خاوەنیەتی و نەیانفرۆشێت.
ئەمە تاکە قسەی ترەمپ نەبوو. "ئەگەر دراوە دیجیتاڵییەکان دواڕۆژ بنەخشێنن، ئەوە من دەمەوێت دروستکردن و هەڵکۆڵین [ماینینگەکەی] لە ئەمریکا بێت".
لە مانگی ئەیلوولیشدا سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کۆمپانیایەکی بواری دراوە دیجیتاڵییەکانی بە خاوەندارێتیی خۆی دامەزراند و ناوی لێنا وۆڵد لایبێرتی فاینانشڵ [سەربەستیی دارایی جیهانی].
هەر لەو مانگەدا، سەرۆکە هەڵبژێردراوەکەی ئەمریکا بە کردار هەنگاوی یەکەمی نا؛ لە 18ـی ئەو مانگەدا بووە یەکەمین سەرۆکی ئەمریکا کە بە بیتکۆین شت بکڕێت کە بەرگرێک بوو. ئەو هەنگاوە لە خواردنگەیەکی نیویۆرک بوو بە ناوی "پەبکی" کە زۆرینەی هەوادارانی بیتکۆین لەوێ کۆدەبوونەوە.
ترەمپ لەوێش قسەیەکی باڵکێشی کرد؛ ئەو بەرگرەی خواردی ناوی لێنا "بەرگری بیتکۆین". هەر بەدەم خواردنی بەرگرە بیتکۆینەکەشیەوە گوتی، "مێژوو وا خەریکە دەنووسرێتەوە".
وەک ئەوەی چاکەی ترەمپ بدەنەوە، وەبەرهێنەرانی دراوە دیجیتاڵییەکان 131 ملیۆن دۆلاریان بەخشییە بانگەشەی بەربژێرەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا. بێگومان دۆناڵد ترەمپ، بەربژێرە کۆمارییەکەی ئەوکات و سەرۆکە هەڵبژێردراوەکەی ئێستا پشکی شێری بەرکەوت.
شەڕی ترەمپ و دیموکراتەکان
رۆژی سێشەممە ئیدارەی بایدن شڵەژانێکی لە بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان دروستکرد.
حکومەت 19 هەزار و 800 بیتکۆینی گواستەوە نێو سەکۆی کۆینبەیس پرایم. نرخی ئەو بیتکۆینانە ئەوکات نزیکەی 2 ملیار دۆلار بوو.
ئەمریکا 188 هەزار و 309 بیتکۆینی هەیە. ئیدارەی بایدن پشتی بە دەستخستنی ئەو بیتکۆینانەوە نەئێشاوە و لە چالاکییە تاوانکاریی و گوماناوییەکان دەستی بەسەردا گرتوون، بۆیە ناوە ناوە بەشێک لەو بیتکۆینانەی دەخستە نێو سەکۆیەکانی دراوە دیجیتاڵییەکانەوە بە مەبەستی فرۆشتن. ئەوەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نرخەکەی دروستدەکرد.
ترسەکە ئەوە بوو کە ئەمریکا بەنیازی فرۆشتنی ئەو بیتکۆینانە بێت. بەشێک لە شارەزایانیش پێیانوابوو ئەمریکا دەیەوێت شەپۆلێکی نوێی فرۆشتن لە بیتکۆین دروستبکات.
بەشێکیشیان بە هەنگاوێکی دروستکردنی لەمپەر لەبەردەم پلانی ترەمپ لە رێکخستنی چاوەڕوانکراوی دراوە دیجیتاڵییەکان لێکیان دایەوە.
بەهۆی ئەمەوە رۆژی سێشەممە نرخی بیتکۆین لە نزیکەی 97 هەزار دۆلارەوە بۆ 94 هەزار دۆلار دابەزی.
بەڵام ترەمپ زۆر بەوە نەوەستا؛ دوێنێ چوارشەممە، 4-4-2024، پاوڵ ئاتکینزی وەک سەرۆکی نوێی لیژنەی ئاڵوگۆڕی کاڵا و پشکەکانی ئەمریکا بەربژێرکرد. ئەمە مێزەکەی بەسەر ئیدارەی بایدندا هەڵگێڕایەوە، بەوپێیەی ئاتکینز چاوەڕوانیی ئەرێنیی لێدەکرێت لە سەرخستنی پلانەکەی ترەمپ.
پێشتریش راگەیاندنی گاری گێنسلەر رایگەیاندبوو لە کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوودا لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئیدارەی نوێ بە سەرۆکایەتیی ترەمپ، واز لە پۆستەکەی دەهێنێت وەک سەرۆکی لیژنەی ئاڵوگۆڕی کاڵا و پشکەکانی ئەمریکا.
گاری سیاسەتێکی تووندی هەبوو. لە سەردەمی ئەودا چەندین کۆمپانیای گەورەی دراوە دیجیتاڵییەکان رێوشوێنی یاسایی تووندیان بەرامبەر گیرایەبەر.
هەروەها ترەمپ چەندین لایەنگری دراوە دیجیتاڵییەکانی بەربژێر کردووە بۆ پۆستی باڵا، لەوانە هاوارد لوتنیک بۆ بەڕێوەبردنی وەزارەتی بازرگانی و ئیلۆن مەسک بۆ سەرۆکایەتیکردنی هەوڵێکی کەمکردنەوەی تێچوو کە ناوی لێنا "وەزارەتی کارایی حکومەت".
کریس مارسالیک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەکۆی (Crypto.com) لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: "گەیشتنی بیتکۆین بە 100 هەزار دۆلار دەستکەوتێکی باوەڕپێنەکراوە بۆ بزووتنەوەکەمان. هەرگیز گومانمان نەکردووە و دوودڵ نەبووین. هەرگیز واز لە پرۆسەی بنیاتنانەکەش ناهێنین".
لە گومانی جیدییەوە بۆ سەردەمێکی زێڕین
بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین بۆ زیاتر لە 100 هەزار دۆلار، ئاماژەی گۆڕانکارییەکی ریشەییە بەراورد بە دوو ساڵ لەمەوبەر، کاتێک داڕمانی سەکۆی (FTX) لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022 ترس و گومانەکانی لە بیتکۆین و دراوە دیجیتاڵییەکان نوێکردەوە.
سەکۆی (FTX) دووەم گەورەترینی جیهان بوو، بەکارهێنانی پارەی وەبەرهێنەرانی بۆ مەرامی تایبەت لە لایەن سام بانکمان فرایدی خاوەنی (FTX)، بیتکۆینی لە ئاستەکانی 20 هەزار دۆلارەوە بۆ 16 هەزار دۆلار دابەزاند.
هەروەها سەکۆی باینانس کە گەورەترین سەکۆی ئاڵوگۆڕی دراوی دیجیتاڵییە لە جیهاندا، ساڵی رابردوو بەهۆی ئەوەی نەیتوانی رێگری لە سپیکردنەوەی پارە بکات، بە بڕی 4.3 ملیار دۆلار سزادرا.
هەموو ئەمانە ببوونە نیشانەی پرسیاری جیدی لەسەر بیتکۆین و دراوە دیجیتاڵییەکان.
لە ژێر سەرپەرشتی گاری گێنسلەری بەرێوەبەری ئێستا، سەرۆکی لیژنەی ئاڵوگۆڕی کاڵا و پشکەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک داوای یاسایی لە دژی بەشێک لە ناوە گەورەکانی بواری دراوی دیجیتاڵی دەستپێکردووە، لەوانە سەکۆیەکانی Coinbase، Kraken، Crypto.com، و Ripple And the blockchain software company.
لیژنەکە لە تشرینی دووەمدا رایگەیاندبوو کە 18%ـی ئەو سکاڵا و رەوانەکردنانەی کە لە سەردەمی سەرکردایەتی گێنسکەر دا وەریگرتووە پەیوەندییان بە دراوە دیجیتاڵییەکانەوە هەیە. ئەمە سەرەڕای ئەو راستییەی هەرچەندە بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان کەمتر لە 1%ـی بازاڕەکانی سەرمایەی ئەمریکا پێکدەهێنن.
ئێستا بەڕێوەبەر و بازرگانانی دراوە دیجیتاڵییەکان پێشبینیی سەردەمێکی زێڕین دەکەن بۆ کەرتەکە لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپ دا.
بازرگانانی دراوە دیجیتاڵییەکان گرەو لەسەر ئەوە دەکەن کە رێسا نوێیە لەبارەکان لێشاوێکی سەرمایە لە بەڕێوەبەرانی دامەزراوە گەورەکانەوە ئاراستەی بیتکۆین و دراوە دیجیتاڵییەکان دەکەن.
جێف کێندریک، بەرپرسی توێژینەوەی سەروەت و سامانی دیجیتاڵی لە کۆمپانیای ستاندارد چارتەرد دەڵێت: "ناتوانرێت پێش بە گرنگیدانی گەورە بە دراوە دیجیتاڵییەکان بگیرێت".
سندووقەکانی وەبەرهێنان
بەرزبوونەوەی مێژوویی بیتکۆین لە سەرەتای ئەم ساڵ دا دەستیپێکرد، کاتێک سەرەڕای هەموو لەمپەرەکان، لیژنەی ئاڵوگۆڕی کاڵا و پشکەکانی ئەمریکا داواکاریی 13 کۆمپانیای دراوە دیجیتاڵییەکانی بۆ دامەزراندنی سندووقی مامەڵەی بیتکۆین لە بازاڕی وڵاتەکە پەسندکرد.
لەدوای سەرکەوتنی ترەمپ، سندووقەکانی وەبەرهێنانی دراوە دیجیتاڵییەکان رۆژ دوای رۆژ پارەی زیاتر دەخرێتە ناویان.
تەنیا لە سێ رۆژی رابردوودا، وەبەرهێنەران 1.6 ملیار دۆلاریان خستووەتە نێو ئەو سندووقانەوە.
ئەمە لە لایەن بەشێک لە شارەزایانی دراوە دیجیتاڵییەکانەوە بە ئاماژەیەکی ئەرێنیی گەورە بۆ داهاتووی نرخی بیتکۆین دەخوێندرێتەوە. جگە لەوەی ئاماژەی خواستی بەهێزی وەبەرهێنەرانە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق