جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، پێویستە لە سووریا واشنتن بەرگری لە کورد بکات.
قسەکانی بەرپرسە باڵاکەی ئەمریکا لە کاتێکدان کە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە، لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا کەوتوونەتە بەر هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای گزیرۆی ئەمریکی کە رۆژی شەممە بڵاوکراوەتەوە، سولیڤان هەسەدە بە "باشترین و نزیکترین هاوبەش"ـی ئەمریکا لە شەڕی دژی داعش ناودەبات و دەڵێت: "یەکێک لە پرسە گەورەکان ئەوەیە دڵنیابینەوە لەوەی پشتگیریی باشترین و نزیکترین هاوبەشەکانمان لە شەڕی دژی داعش بکەین و شان بە شانیان بوەستینەوە، کە ئەوانیش هێزەکانی سووریای دیموکراتن، کە هێزێکە کورد سەرکردایەتیی دەکات، بەڵام ژمارەیەکی زۆری عەرەبیش لەگەڵیان شەڕ دەکەن."
سولیڤان دەشڵێت: "پێویستە پشتیوانییان لێ بکەین و دڵنیابینەوە لەوەی ئەوان لە شوێنی خۆیان پارێزراون بۆ ئەوەی بتوانن ئەو هاوبەشە باشە بن کە پێشتر بوون، لە نێویاندا لە بەڕێوەبردنی ئەم زیندان و کەمپە زۆر گەورەیانەی کە هەزاران چەکداری داعش و دەیان هەزار ئەندامی خێزانیان، هاوژین و منداڵانیانی تێدایە. کە ئەگەر هەموویان بێنە دەرەوە، دەبنە هەڕەشەیەکی زۆر گەورە بۆ سەر ناوچەکە و لە کۆتاییشدا بۆ سەر ئەمریکا. بۆیە پێویستە بەرگری لە کورد بکەین. سەرۆک بایدنیش ئامانجیەتی ئەوە بکات."
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەرێکی سەرەکیی هەسەدەیە، لەلایەن تورکیای هاوپەیمانی ناتۆوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان دادەنرێت.
ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دوو هەزار سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە.
واشنتن وەک نێوەندگیر هەوڵدەدات شەڕی نێوان هەسەدە و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بوەستێنێت.
هەسەدە نەرمی نواندووە بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی ئەنقەرە، ناوچەی لەچەک داماڵدراو لە شاری کۆبانێی سەر سنووری رۆژئاوا و باکووری کوردستان دروستبکرێت و ئەندامانی پەکەکە ریزەکانی هەسەدە جێبێڵن.
بەڵام تورکیا چەککردن و هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەی کردووەتە مەرجی ئاگربەست.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق