سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت، کۆنترۆڵکردنی خاکی سووریا لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، "مایەی قبووڵکردن نییە."
گرووپە چەکدارەکان لە 27ـی تشرینی دوومەوە دەستیان بە هێرشێکی خێرا و کتوپڕ کرد بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی بەشار ئەسەدی هاوپەیمانی رووسیا، تاوەکو ئێستا پارێزگەکانی حەلەب و حەمایان لە باکوور کۆنترۆڵکردووە و لە نێوەندی حومسیش لە نێوەڕاستی وڵاتەکە نزیکبوونەتەوە. هەروەها هێزە چەکدارە خۆجێییەکان، لە باشووری وڵاتەکەش دەستیان بەسەر پارێزگەکانی سوەیدا و دەرعادا گرتووە. سوپای سووریا لە دێرەزووریش کشایەوە و شەڕڤانانی کورد کۆنترۆڵیانکرد.
هێرشەکە لەکاتێکدا هات؛ کە دوو هاوپەیمانی سەرەکیی ئەسەد، مۆسکۆ و تاران، بە ململانێی دیکەوە سەرقاڵن.
رۆژی شەممە، لە کۆڕبەندی دەوحە، لاڤرۆڤ گوتی "بەردەوامین لە پشتیوانیکردنی سوپای سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆرستییەکان."
لاڤرۆڤ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ مەرامی جیۆسیاسی بەکاردەهێنرێت".
وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتیشی: "ئەوەی لە سووریا روودەدات، ئامانج لێی لەنێوبردنی ئەو دەستکەوتانەیە کە رووسیا لەو وڵاتە بەدەستیهێناون".
دوای کۆبوونەوەیەک لە دەوحە لەسەر داوای وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا و ئێران، لاڤرۆڤ داوایکرد دانوستاندنی نێوان حکومەت و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەستپێبکات و بڕیارنامەی 2254ـی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تەواوی جێبەجێبکرێت.
لاڤرۆڤ هەروەها باسی لەوە کرد، لەگەڵ هاوتا تورکی و ئێرانییەکانی لە کۆبوونەوەکەی دەوحە هاوڕابوون لەسەر پێویستیی "وەستاندنی دەستبەجێی شەڕ" لە سووریا.
دیپلۆماتەکە روونیشیکردەوە، مۆسکۆ لەگەڵ ئەنقەرە و تاران هەنگاو بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە سووریا دەنێت.
لەبارەی کشانەوەی کەشتییە جەنگییەکانی لە بەندەری سەربازیی تەرتووس، لاڤرۆڤ گوتی "ئەوە پەیوەندیی بە مانۆڕی سەربازی لە دەریای نێوەڕاستەوە هەیە."
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق