هادی حمەڕەشید
ئەم چەند دێڕە ناچێتە سەر ڕێگای ئەو کەمینە میدیاکار و ڕۆژنامەنووسەی کە هەم بەسەلیقە و پیشەیین، هەم خاوەنی دنیابینییەکی فراوانن و لە تەنیشت پێداگریی لە خەمی گشتیی، ئامانجی ڕەوای کەسییان هەیە و شانازیی بە کارەکەی خۆیانەوە ئەکەن و پێگەی سیاسیی و دارایی ئیغرایان ناکات.
بەڵکو ئامبازی ئەو لەشکرە نەخوێندەوارە مایك بەدەست و ڕۆژنامەنووسە ئەبێت کە زۆر بێ سەوادن و هێشتا بەتەواوی فێری خوێندن و نووسین نەبوون و لە نەگبەتی ئەم کۆمەڵگادا بوون بە(پەبلیك فیگەر) و سەکۆ و مەیدانیان خراوەتە بەردەست و بە دزی و فزیی و دەستەواژەی دووبارە، ڕۆژانە تاك بە تاکی کۆمەڵگا ژەهرخوارد ئەکەن!
هەر وەك توێژینەوە و نووسینێك نییە کە بە کامی دڵ هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەین، بەڵکو دەردەدڵێكە و سەرەقەڵەمێك بروسکەئاسا پۆست ئەکەین!
ئەڵێن مارکس وتوویەتی"ڕۆژنامەنووسان ئەبێت لەڕێگای پیشەکەیانەوە بژین، نەك ببن بە سەرمایەدار!"
بۆیە ڕۆژنامەنووسی ڕاستەقینە توانای خۆژیانی هەیە، جگە لەوە بایی ئەوەش بەخشندەیی و خۆشەویستیی بۆ پیشەکەی هەیە کە لەسەر گیرفانی خۆی هەندێ کار بکات.
ئەو پیشەکەی خۆی خۆش ئەوێت و نایکات بە کاڵایەکی هەرزان!
ئەو کاتەی کە کۆمەڵگا تیایدا بەرەی ئازادییخوازان و ڕەخنەگران لە دەسەڵات و پەراوێزەکانیان بەهێزتر بوون، کە میدیاکاران و ڕۆشنبیرانیان لەگەڵ بوو، ئەم ڕاستییەمان بەڕوونیی بەرچاو کەوت.
بە داخەوە ئێستا کە گرووپە کۆمەڵایەتییەکان لەبەر یەك هەڵوەشاون و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی(نەك وابەستە)بەڵکو ملکەچی دەسەڵات یان هێزە سیاسییە دەستەمۆکان بوون، ئەوکاتەیە کە ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران بە واتای ووشە دەستەمۆ و شوێنکەوتەی حەزە جڵەونەکراوەکانیان بوون!
ئەرکی میدیاکاران گەورەتر و گرنگتر بووە، ڕاستە بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای کۆمینیکەیشن (بەتایبەت بڵاوبونەوە و گەشەسەندنی پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا) تاکەکەس بووە بە خاوەنی ئۆرگانی کەسیی خۆی، بەڵام هاوکات کاری میدیاکاران بەرفراوانتر بووە و لە یەك کاتدا ئەتوانن لە چەند میدیا و چەندین سەکۆی کۆمەڵایەتیشەوە دەرکەون.
ئەمە وایکردووە ئەو لەشکرە تێکەڵ بە فەزای سیخوڕیی، سیاسیی، تەکەتول و دەستەگەریی و ....تاد ببن، کە هەموو ئەوانەش وابەستەی سەفەقاتی ماددی و پشکی بازرگانیی و هەلی ڕەفاهیەت و خوێندنی باڵا و بەزخ و ئیسرافێکی لە ڕادەبەدەر بوون کە بەتەواویی خاڵیی بوونەتەوە لەو (میدیاکار)ەی کە ئەکرێت بەشێك بێت لە چاککردنی کۆمەڵگا!
ئێستا زۆربەیان موڵکی بەنرخیان هەیە، جگە لە کاری میدیایی خاوەنی سەرچاوەیتری (کەسابەت)ـن، باخ و ڤێلا و موچەی بەرز و ژیانی هاوتای پلە تایبەتەکانیان هەیە، ئیتر چۆن بەشێك ئەبن لە پڕۆسەی گۆڕانکاریی؟!
بەڵکو لە بنەڕەتدا بەرگریی لە مانەوەی دۆخەکە ئەکەن وەك ئەحزاب!
هەندێکیان لە یانە شەوانە(گرانبەها)کان مێزی حیجزکراویان هەیە و لەلایەن بەرپرسێك(یان لەسەر چەند پەتێك یاریی ئەکەن، چەند بەرپرسێك پارەی ئیشتراکی مێزەکەی بۆ ئەدەن!)
سەیر نەبێت لەلاتان کە کاتێك هەڵمەتێك لە دژی کابینەکەی بەرهەم ساڵەح بەڕێوە ئەچوو لە میدیای ئۆپۆزسیۆنی ئەوێ ڕۆژێ، لە بادانەوەیەکی خێرادا بەرهەم ساڵەح بوو بە(کاك دکتۆر، یان کاك بەرهەم) و لە کۆی هەڵمەتەکە دەرهێنرا، نەك ئەو میدیاکارانە، بەڵکو بەشێك لە(سەرکردە گەنجەکانیش) بوون بە پاشکۆ و هاوپیاڵە و دۆستی سەرمێز، تەنانەت نوێژ و تەدەیونیش نەبوون بەڕێگر و لەسەر مێز بوون بە مەزەخۆر و مەزەطوط!
بەشێك لەوانە کە لە قۆناغێکدا هاوڕێ و هاوڕێبازی سیاسیی ئێمە بوون، یان لەدەرەوەی کاری سیاسیی و لە دەزگایەکی میدیاییدا پێکەوە کارمان کردووە، بەداخەوە ئیستیغلالی پاکێتیی هاوڕێکانی خۆیانیان کرد.
ڕەنگە ئەمان یەکەمین ڕیزی هەرەسەکە بووبن، چونکە سیاسییەکان تا ئەو کاتەی میدیاکار دەستەمۆ ناکەن، گەلێك لە کەسێتییان سڵ ئەکەنەوە، بەڵام کە ڕۆژنامەنووسان دەستەمۆ کران، بۆ خۆیشیان بە کاوەخۆ دەست بە سەودا و مامەڵەی خۆفرۆشتن ئەکەن!
ئەزانن ئەو باوەشە مایکە چییە کە ڕۆژانە لەبەردەستی ئەم و ئەودا ئەیبینین؟!
مینبەری ئەو سەدان پەیجتیڤییانەیە کە هەر سیاسییەك و چەندانیان بۆ ئەو جۆرە مەخلوقانە کردووەتەوە و بۆ سیاسییەکان شاشەیەکی پڕ لە ماستاو و بۆ خۆیشیان دەرفەتێك بۆ دەستخستنی دوو فلسی چاوشۆڕیی!
لە پاش پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە گۆڤارێك خۆی کرد بە ناو کۆمەڵگای ئێمەدا، بە نووسین و هەواڵ و ڕاپۆرتە ڕەخنەئامێزەکانی، پانتاییەکی بەرینی لە دروستکردنی ڕای گشتییدا داگیرکرد، گۆڤارەکە خاوەنی سەنگ و دەستەی نووسەران و سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیازەکەشی زۆر بەڕێز بوون، خەڵکیی دەستیان بۆ بە سنگەوە ئەگرتن.
چەرخی زەوی سووڕا و وەك هەر ناوەندێکیتری دنیای ئێمە، بەشێك لە دەستەکە لە سەرنووسەر و جێگر دوڕدۆنگ بوون و کەوتنە تەقە لێیان، (یەك...) (دوو...) (سێ...) خاڵیان ڕیز کرد کە جەنابی سەرنووسەر (.....دزی) و (....بردی) و (....خواردی)!
گوایە ئەوان ڕادیکاڵن و ئەو بارەیان پێ قووت ناچێت، چوون و لە جێگایتر سەرقاڵی کاری میدیایی خۆیان بوون، بەڵام هێشتا گوتارە ڕەخنەییەکەیان مابوو.
دایکە گۆڤاریش بە هەمان هەناسەی ڕەخنەیی بەردەوام بوو، تا ئەوەی دیسان جێگری سەرنووسەر و بەشێکیتریان بە هێمنیی هاتنە دەرەوە و گوایە ئامادە نەبوون شاهیدی لادانەکانی جەنابی سەرنووسەر بن!
کورتەی قسان؛ گۆڤار نەما و لە سایتەکەش بە ئاستەم ماون، ئەوەی ماوە زۆرینەی ڕەهای دەستەی نووسەرانی ڕازیی و ناڕازیی، ڕێچکەی جەنابی سەرنووسەریان گرتەبەر و بوون بە خاوەنی هەموو ئەو شتانەی کە ئەو پێیگەیی!
سەرو میدیایەکیان بۆ خۆیان دروست کردووە، ئا لەو جۆرە میدیایەی کە لەسەروەختی هەڵبژاردندا "گەڕانەوەی مرۆڤێکی دەستە سێ و گەندەڵ و داڕزراوی بۆ (ماڵە گەورەکە)یان بۆ ئامێزی ماڵی بارزانیان)یان ئەکرد بە هەواڵێكی زۆر گرنگ و دەرخواردی کۆمەڵگایان ئەدا"!!
ئەمەوێت بڵێم؛ زۆر کەس لێمان ئەپرسێت چیی بکەین؟ بۆچیی هێزێکی ڕادیکاڵ نایەت تا ئەم دۆخە کۆبکاتەوە؟ بۆچیی ئێوە ددانی خێر بە کەسدا نانێن؟!
لە دنیای ئەمڕۆماندا جگە لەو(بیر و باوەڕ)ەی کە داینەمۆی دەستە و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانە، (پارە) و (میدیا)ـش میکانیزم و وەسیلەی بێ بەدیلن، دەی ئەوەش ئەو دنیایەیە کە بە داخەوە بەو جۆرە بە کەسیی کراوە و لە گۆڕەپانەکە کەمترین میدیاکاری (ئەهلی نەزەر) و بە ڕوئیامان هەیە، کە پارە نەیتوانیبێت ئاراستەی بکات و وەك پوشی دەم بای گۆیژە و ئەزمەڕ هەر ڕۆژە و ڕوو بە جێگایەك نەیانبات!
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق