73 رێکخراو لە فەرەنسا خۆپێشاندانیان کرد، سەرکۆنەی پلانەکانی حکومەتی بەریتانیایان بۆ سنووردارکردنی چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتەکە کرد و داوایان کرد رێکارێک بۆ دروستکردنی رێگەیەکی یاسایی و سەلامەت بۆ پەڕینەوەی کۆچبەران بگرێتەبەر. ئەمە لەکاتێکدایە پار 77 کۆچبەر لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستدا کە بەشێکیان کورد بوون.
رۆژی شەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2025، لە شاری کالێ لە فەرەنسا 73 رێکخراو خۆپێشاندانیان کرد و سەرکۆنەی پلانەکانی حکومەتی بەریتانیایان بۆ سنووردارکردنی چوونی کۆچبەران لەو وڵاتەوە بۆ بەریتانیا کرد. ئەو رێکخراوانە داوای ئەوەشیان کرد پێویستە رێگەکە بۆ کۆچبەران باشتر بکرێت.
ئەو خۆپێشاندانە لەکاتێکدایە، پار لەو رێگەیە 77 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا، ئەمەش زۆرترین بووە لە ساڵێکدا.
ماردین حەمید، بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای لووتکە رایگەیاند، پار 23 هەزار و 400 هاونیشتمانیی کورد و هاووڵاتیی عێراقی چوونە وڵاتانی ئەورووپا. هەروەها، لە رێگەی ئەورووپا 24یان گیانیان لەدەستدا، یەکێکیان هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان بوو کە لە نۆکەندی ئینگلیز بەلەمەکەیان ژێرئاوکەوتبوو. هەروەها، پار لە رێگەی ئەورووپا 12 هاونیشتمانی و هاووڵاتیی عێراقیش بێسەروشووێن بوون.
ئەو رێکخراوانەی بەشدارییان کرد، رێکخراوی کاروباری سیاسی، مافەکانی مرۆڤ، قوتابییان، دژە رەگەزپەرستی و ژینگە بوون.
رێکخراوەکان دەڵێن، پێویستە حکومەتی بەریتانیا رێگەی سەلامەت و یاسایی بۆ چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی بکاتەوە و حکومەتی فەرەنساش کۆتایی بە دەرکردنی یاساکان دژی کۆچبەران بێنێت و کاری باشتر بۆ بەهاناوەچوونی کۆچبەران بکات.
ناتاشا بۆوچارت، سەرۆکی شارەوانی کالێ دژایەتیی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکە دەربڕی و داوای کردبوو کە پێویستە رێگە بەو خۆپێشاندانە نەدرێت. فلۆرێ یودیت، ئەندامی رێکخراوی پاراستنی کۆچبەران گوتی، "سەرۆکشارەوانی سەرکەوتوونەبوو لە رێگری لە خۆپێشاندانەکەمان. 73 رێکخراو بەشدارییان کرد."
بە گوێرەی ئاماری فەرمی، پار 36 هەزار و 816 کۆچبەر چوونە بەریتانیا لەکاتێکدا پێرار ژمارەکە 29 هەزار و 437 کۆچبەر بوو.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق