لە کۆی 1.8 ملیۆن کەس لە عێراق کە بە تۆمەتی بەعسیبوون لە دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری دۆسییەیان بۆ کراوەتەوە، دۆسییەی 878 هەزار کەسیان هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە، کە دەکاتە 47٪ـی کۆی دۆسییەکان.
ئەو ئامارانە بەشێکن لە راپۆرتێکى دەستەى لێپرسینەوە و دادوەریى عێراق، کە دەست کەوتوون.
بەگوێرەى راپۆرتەکە، 194 هەزار و 778 کەس لە ئەندام و بەرپرسانى حیزبى بەعس گەڕێندراونەتەوە بۆ سەر کار یان خانەنشینکراون، دواى ئەوەى وردبینى لە دۆسییەکانیان دا کراوە.
28 هەزار و 364 کەسیان بەگوێرەى یاسای لێپرسینەوە و دادوەری و، 11 هەزار و 643ـی دیکەیان بەگوێرەى یاسای ریشەکێشکردنى حیزبى بەعس، گەڕێندراونەتەوە.
لە عێراق لەدواى ساڵی 2003، یاسای ریشەکێشکردنى بەعس بۆ دوورخستنەوەى ئەو کەسانەى بەرپرسیاریێتیان لە حیزبى بەعس یان دەزگا ئەمنییەکانیدا هەبووە، بەرکاربوو.
لە ساڵى 2008ـەوە یاسای دەستەى لێپرسینەوە و دادوەرى لە پەرلەمان پەسندکرا و جێگەى دەستەى ریشەکێشکردنى بەعسی گرتەوە.
لە راپۆرتەکە دا هاتووە؛ 775 هەزار و 922 دۆسییەى دیکە لە دەستەکە بڕیاریان لێدراوە، کە نەگەڕێندرێنەوە بۆ سەر کار و خانەنشین نەکرێن.
یاساى لێپرسینەوە و دادوەرى، رێگەى بەوە داوە ئەو ئەندامانەى حیزبى بەعس، کە لە پلەى ئەندامى پۆل (عزو شوعبە) بوون، خانەنشین بکرێن، ئەوانەى ئەندامى فیرقە بووبن و لە سەردەمى دەسەڵاتى حیزبى بەعس دا بەڕێوەبەرى گشتى بەرەوسەرەوە بوون، خانەنشین دەکرێن، بەڵام گرووپى فیداییەکانى سەدام، کە گرووپێکى چەکدارى دەسەڵاتى پێشووى حیزبى بەعس بوو، ئەو رێکارە نایانگرێتەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، تێکڕاى ئەو دۆسیانەى لە تۆمارى دەستەى لێپرسینەوە و دادوەریدان، یەک ملیۆن و 847 هەزار و 782 دۆسییەیە.
ئەو کەسانەى پلەیان لە حیزبی بەعس لە ئەندامى فیرقە بووبێت، رێگەیان پێنادرێت لە سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق، ئەنجوومەنى دادوەرى، وەزارەتە ئەمنییەکان، دەرەوە و دارایی کار بکەن.
878 هەزار و 82 دۆسییە لە دەستەکە ماون، کە هیچ رێکارێک بەرانبەریان نەگیراوەتەبەر وردبینییان تەواو نەبووە.
لە راپۆرتەکەدا دەستەى لێپرسینەوە و دادوەرى هۆکارەکەى دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەى؛ نازانن لە دواى 2003 ئەو کەسانە لەکام دامەزراوەن و سەردانى دەستەکەیان نەکردووە، یان هیچ دامەزراوەیەک داوای لێنەکردوون وردبینى لە دۆسییەکانیاندا بکەن.
4ـی شوباتى 2025، شاندێکى دەستەى لێپرسینەوە و دادوەرى لەگەڵ لیژنەى کۆچ و کۆچبەرانى پەرلەمانى عێراق کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنى رێکارەکانیان.
سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق و بەشداربووی کۆبوونەوەکە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "نوێنەرانى دەستەکە لە کۆبوونەوەکەدا گوتیان هێشتا 20%ـی دۆسییەکان ماون کە لە سیستمى کۆمپیوتەریدا تۆمار بکرێن".
بەگوێرەى ئامارەکە 47.49%ـی ئەو دۆسیانە هیچ رێکارێکیان بەرامبەر نەگیراوەتەبەر، 41.96%ـیان بڕیاریان لێدراوە، کە نەگەڕێندرێنەوە سەر کار، 10.53%ـیان دواى وردبینیى لە دۆسییەکانیان، خانەنشینکراون یان گەڕێندراونەتەوە سەر کار.
ژمارەى ئەو دۆسیانەى لەدەستەى لێپرسینەوە و دادوەرین و تایبەت بە ئەندامانى دەزگاى هەواڵگریى رژێمى پێشوو، 22 هەزار و 898 دۆسییەن، ئەمەش 17%ـی تێکڕاى کارمەندانى ئەو دەزگا ئەمنییانەى رژێمى پێشوون، کە دەستەکە بە "سەرکوتکار" ناوى بردوون. لەوانە 182ـیان پۆستى بەڕێوەبەرن و، 959ـیشیان سەرۆکى بەش بوون.
ئەندامانی دەزگاى ئاسایشى گشتى (ئەمنی عام )ـی دەسەڵاتى پێشوو، 66 هەزار و 98 دۆسییەیان لەو دەستەیە دا هەیە، کە 49%ـی تێکڕاى کارمەندانى ئەو دەزگا ئەمنییانەى رژێمى پێشوو بوون، پێنج هەزار و 115ـیان بە پلەى ئەفسەر بوون، 30 هەزار و 749 دۆسییەى تایبەت بە دەزگاى ئەمنى تایبەت لەو دەستەیەن، کە 22.83%ـی کارمەندانى هەموو دەزگا ئەمنییەکانى دەسەڵاتى پێشووى حیزبى بەعس دەگرێتەوە.
ئەندامانى گرووپى فیدایی سەدام، 11 هەزار و 242 کەسن، کە دۆسییەکانیان لە دەستەى لێپرسینەوە و دادوەرییە، ئەمانە 8.34%ـی تەواوى دۆسییەکان پێکدەهێنن.
بەگوێرەى راپۆتەکەى دەستەى لێپرسینەوە و دادوەری بۆ هەڵبژاردنەکانى 2010 بۆ 2021ـی پەرلەمانى عێراق، وردبینییان لە دۆسییەى 26 هەزار و 198 بەربژێر کردووە، بۆ دڵنیابوون لەوەى رێوشوێنەکانى یاسای ئەو دەستەیە دەیانگرێتەوە.
زۆرترین وردبینى لە هەڵبژاردنى 2014 کراوە، کە 9 هەزار و 328 بەربژێر بوون، کەمترینیان لە هەڵبژاردنى 2021 بووە، کە سێ هەزار و 160 بەربژێر بوون.
بەگوێرەى رێکارەکانى یاسای لێپرسینەوە و دادوەرى، ئەو کەسانەى یاساکە دەیانگرێتەوە، ناتوانن خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکان بەربژێر بکەن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق