نەتەنیاهوو بۆ ئێران: لەگەڵ ئەمریکا رووبەڕووتان دەبینەوە

ليست هناك تعليقات


سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، بە پشتگیریی ئەمریکا رووبەڕووی "هەڕەشەکان"ـی ئێران دەبنەوە و گورزی کوشندەیان لێدەدەن.

رۆژی یەکشەممە 16-02-2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ئۆرشەلیم/قودس پێشوازی لە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد و چەند پەیامێکیان ئاراستەی حەماس، ئێران و جیهان کرد.

نەتەنیاهوو لە کۆنفڕانسی رۆژنامەڤانیی دوای کۆبوونەوەکەیان گوتی: "ئێمە رێککەوتین لەسەر ئەوەی نابێت ئایەتوڵڵاکان چەکی ئەتۆمیان هەبێت. هەروەها رێککەوتین بەرپەرچی دووژمنکاریی ئێران لە ناوچەکە بدرێتەوە. لە 16ی مانگی رابردوو ئیسرائیل گورزێکی گەورەی لە بەرەی تیرۆری ئێران داوە. لەژێر سەرکردایەتیی بەهێزی سەرۆک ترەمپ و پشتگیریی ئێوە، من گومانم نییە کە دەتوانین کارەکە تەواو بکەین."

لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە 07-10-2023، سوپای ئیسرائیل لە دژی حەماس لە غەززە و حیزبوڵڵا لە لوبنان جەنگاوە. ئەمە جگە لە سەدان هێرشی حووسییەکانی یەمەن کە ئێران پاڵپشتییان دەکات، هەروەها چەند گرووپێکی شیعەی عێراق کە خۆیان بە هاوسۆزی فەلەستین دەزانن.

نەتەنیاهوو گوتی: "لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا شانبەشانی یەکدی دەوەستن."

نەتەنیاهوو پێشوازیی لە هەڵبژاردنی ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا کرد، کە بەم دواییانە گوتی، سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" لە دژی ئێران بەکاردەهێنن، هاوشێوەی ئەو سیاسەتەی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی (2016-2020) بەکاری هێنا، ئەمەش دوای ئەو دەنگۆیەی کە ئێران بەدوای دەستخستنی توانای چەکی ئەتۆمییە.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران هەرگیز نابێت ببێتە خاوەن هێزی ئەتۆم، ئێرانیشی بە "گەورەترین سەرچاوەی ناسەقامگیریی ناوچەکە" وەسفکرد.

روبیۆ گوتی: "ئێران گەورەترین سەرچاوەی ناسەقامگیریی ناوچەکەیە. لە پشت هەموو گرووپێکی تیرۆریستی، لە پشت هەموو کردەیەکی تووندوتیژی، لە پشت هەموو جموجۆڵێکی ناسەقامگیرکەر، لە پشت هەموو شتێک کە هەڕەشە لە ئاشتی و سەقامگیریی ملیۆنان کەس بکات کە ئەو ناوچەیە بە ماڵی خۆیان دەزانن، ئێران هەیە. هەرگیز نابێت ئێران ببێتە خاوەن ئەتۆم، ئێرانێکی ئەتۆمی دواتر دەتوانێت خۆی لە گوشار و پەرچەکردار بپارێزێت. هەرگیز نابێت ئەوە رووبدات، سەرۆک [ترەمپ] زۆر روون بوو لەسەر ئەمە."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها گوتی: "ئەگەر باسی حەماس یان حیزبوڵڵا بکەین، یانیش باسی تووندوتیژییەکانی کەرتی رۆژئاوا بکەین، یانیش ناسەقامگیرییەکەی سووریا، یان هەر بابەتێکی دیکە، میلیشیاکانی عێراق، هەموویان یەک لایەنیان لەپشتە، ئێران."

ئێران و ئیسرائیل ساڵی رابردوو بۆ یەکەمجار هێرشی راستەوخۆیان کردەسەر یەکدی. رۆژی 26ـی تشرینی یەکەم ئیسرائیل چەند پێگەیەکی سەربازیی ئێرانی کردە ئامانج، چوار سەرباز کوژران، ئەوکات ئیسرائیل رایگەیاند، ئەمە لە وەڵامی هێرشەکانی ئێران بوون کە لە 1ـی هەمان مانگ کردییە سەری.

لە وەڵامی ئەو هێرشەی ئیسرائیل، ئێران رۆژی 13ـی نیسان چەند درۆن و مووشەکێکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، ئەمەش لە وەڵامی ئەو هێرشەی لە 1ـی نیسان ئیسرائیل کردییە سەر کۆنسووڵخانەی ئێران لە دیمەشق. هەرچەندە ئیسرائیل ئەو هێرشەی پشتڕاست نەکردبووەوە.

"دەرگەکانی دۆزەخ دەکرێنەوە"
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: "من و سەرۆک ترەمپ بە هاوئاهەنگی و هاوکارییەکی زۆر کار لەگەڵ یەکدی دەکەین. ستراتیژییەتێکی هاوبەشمان هەیە و ناتوانین هەمیشە وردەکارییەکانی ئەو ستراتیژییەتە باس بکەین، لەوانەش وردەکارییەکانی کاتی کردنەوەی دەرگەکانی دۆزەخ [بەسەر غەززە]، کە بەدڵنیاییەوە ئەگەر هەموو بارمتەکانمان ئازاد نەکرێن، دەرگەکان دەکرێنەوە."

"ئێمە توانا سەربازییەکان و حوکمڕانیی سیاسیی حەماس لەنێو دەبەین. هەموو بارمتەکانمان دەگەڕێنینەوە نیشتمان و لەوەش دڵنیا دەبینەوە کە غەززە هەرگیز نابێتەوە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل. من و وەزیر [مارکۆ] روبیۆ باسمان لە روانگە گەورە و دیارەکانی ترەمپمان بۆ غەززە و داهاتووی غەززە کرد. هەروەها، چۆنییەتی کارکردنمان بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو داهاتووە دەبێتە واقیعێک [راستییەک]. پشتگیرییە رەهاکەی ئەمریکا بۆ ئێمە لەسەر پرسی غەززە یارمەتیی بەدەستهێنانی خێرای ئەو ئامانجانە دەدات، کە رێگە خۆشکەرن بۆ داهاتوویەکی جیاواز."

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی کردووە ئەمریکا دەست بەسەر کەرتی غەززەدا بگرێت، خەڵکەکەی رابگوێزێت و بیبووژێنێتەوە. پێشنیازەکەی ترەمپ ناڕەزایەتییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

لەسەر ئەو قسەیەی ترەمپ، دیپلۆماتەکەی ئەمریکا گوتی، لەوانەیە پێشنیازەکە زۆر کەسی تاساندبێت، "بەڵام سەرۆک زۆر راشکاو بوو لەو بۆچوونەی کە داهاتووی غەززە پێویستە چۆن بێت، پێویستە هەمان بیرۆکەکانی رابردوو دووبارە نەکرێنەوە، بەڵکو شتێک هەبێت کە تۆخ و ئاشکرا بێت. راشکاوانە بڵێم، شتێک کە بوێری و دیدی تێدابێت. ئەوەی کە نابێت بەردەوامبێت هەمان ئەو بیرۆکانەن کە هەمیشە دووبارە و سێبارە دەبنەوە و دەمانبەنەوە هەمان شوێن."

وەزیرەکەی ئەمریکا لەسەر زاری ترەمپ گوتی: "حەماس ناتوانێت وەکو هێزێکی سەربازی و حکومی بەردەوامبێت. تاوەکو حەماس وەکو هێزێک بمێنێتەوە کە بتوانێت حوکمڕانی بکات، [غەززە] بەڕێوەببات، یانیش وەکو هێزێک کە هەڕەشە بەکارهێنانی تووندوتیژی بکات؛ ئاشتی مەحاڵە. ئەوان دەبێت لەنێو ببرێن، ئەوان دەبێت کۆتاییان پێبهێنرێت."

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif