بەریتانیا ئامادەیی بۆ ناردنی هێز بۆ ئۆکراینا پێشان دەدات

ليست هناك تعليقات


سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، ئەگەر پێویست بکات، ئامادەیە هێز بنێرێتە ئۆکراینا.

قسەکانی کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە کاتێکدان کە سەرکردەکانی ئەورووپا ئەمڕۆ لە پاریس کۆدەبنەوە بۆئەوەی گفتوگۆ لەسەر گۆڕانی هەڵوێستی واشنتن لەسەر جەنگەکە بکەن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەفتەی رابردوو کیێڤ و پشتیوانە ئەورووپییەکانی پەراوێز خست و لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا باسی دەستپێکردنی دانوستاندنەکان کرد بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکە.

دوای ئەوەی ترەمپ گوتی، دەکرێت "زوو" لەگەڵ پووتین کۆببێتەوە، سەرکردە ئەورووپییەکان ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە بەرزترین ئاستدا دەکەن بۆئەوەی گفتوگۆ لەسەر ئاسایشی کیشوەرەکەیان بکەن.

ستامەر پێیوایە ئەم ساتە لە هەر نەوەیەکدا تەنیا جارێک رووەدات و دەڵێت، "ئامادەین هێزەکانی خۆمان لەوێ جێگیر بکەین، ئەگەر پێویست بکات."

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە گوتارێکدا کە رۆژی یەکشەممە لە رۆژنامەی دەیلی تەلەگراف بڵاوکراوەتەوە، نووسیویەتی، "هەر رۆڵێک بۆ پاراستنی ئاسایشی ئۆکراینا، رۆڵێکە بۆ پاراستنی کیشوەرەکەمان و ئاسایشی ئەم وڵاتە."

ترەمپ بڕوای وایە پووتین بەڕاستی دەیەوێت جەنگ لە ئۆکراینا راگرێت، لە کاتێکدا ئیدارەکەی هۆشداریی داوە بە هاوپەیمانەکانی ناتۆ کە ئەورووپا چیدیکە گەورەترین خەمی ئەمنیی واشنتن نابێت.

پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە شێوەیەکی ئاشکرا رەتیکردەوە ئۆکراینا ببێتە ئەندامی ناتۆ یان هەموو ئەو خاکەی بگەڕێنێتەوە کە لە ساڵی 2014وە لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵ کراوە.

چاوەڕوان دەکرێت سەرکردەکانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، پۆڵەندا، ئیسپانیا، هۆڵەندا و دانیمارک لە کۆبوونەوەکەی پاریس ئامادە بن.

هەروەها ئەنتۆنیۆ کۆستا، کە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی ئەورووپا دەکات و نوێنەرایەتی 27 وڵاتی یەکێتیی ئەورووپا دەکات، لەگەڵ ئورسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا و مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ ئامادەی لووتکەکە دەبن.

سەرۆکایەتیی فەرەنسا رایگەیاند، کۆبوونەوەکە دۆخی ئۆکراینا و ئاسایشی ئەورووپا تاوتوێ دەکات.

راوێژکارێکی نووسینگەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند، "بەهۆی کێشەی ئۆکراینا و قسەکانی سەرکردەکانی ئەمریکا، پێویستە ئەوروپییەکان زیاتر، باشتر و بە شێوەیەکی گونجاو کار بۆ ئاسایشی گشتیمان بکەن."

کرێملن لە هەوڵدایە لە سعودیە دانوستاندن لەنێوان بەرپرسانی ئەمریکی و رووسی بکرێت کە بە گوێرەی هەندێ سەرچاوە رۆژی سێشەممە دەبێت.

وڵاتانی ئەورووپی نیگەرانی ئەوەن پووتین داواکارییەکانی پێش هێرشەکەی 2022ی دووبارە بکاتەوە کە پەیوەست بوون بە سنووردارکردنی هێزەکانی ناتۆ لە رۆژهەڵاتی ئەورووپا و کەمکردنەوەی رۆڵی ئەمریکا لە کیشوەرەکە.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان چاوەڕێی ئەوە نین بەرەوپێشچوونی زۆر خێرا لە دانوستاندنەکاندا دروست بێت.

ئەو بە تۆڕی سی بی ئێسی راگەیاند، "پرۆسەی ئاشتی تەنیا یەک کۆبوونەوە نییە." بە. هێشتا هیچ شتێک یەکلا نەبووەتەوە،" گوتیشی ئامانجیانە دەروازەیەک بۆ گفتوگۆیەکی فراوانتر بدۆزرێتەوە کە "ئۆکرایناش لەخۆبگرێت و کۆتایی بە جەنگ بهێنرێت."

روبیۆ ئەمڕۆ دووشەممە دەچێتە سعودیە، وەک بەشێک لە گەشتێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە رۆژی یەکشەممە بە ئیسرائیل دەستی پێکرد.

کیس کێڵۆگ، نێردراوی تایبەتی ترەمپ بۆ ئۆکراینا رایگەیاندووە، ئەورووپا راستەوخۆ بەشداری دانوستاندنەکانی ئۆکراینا ناکات، بەڵام لەگەڵ ئەوشدا "بۆچوونی خۆی" دەبێت.

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رۆژی شەممە داوای دروستکردنی سوپایەکی ئەورووپی کرد، چونکە بە گوتەی خۆی کیشوەرەکە چیدیکە ناتوانێت پشت بە واشنتن ببەستێت.

وەزیرەکانی دەرەوەی فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیسپانیا هەفتەی رابردوو لە پاریس کۆبوونەوە و جەختیان لەوە کردەوە کە هەر رێککەوتنێکی "دادپەروەرانە و درێژخایەن" لە ئۆکراینا ناکرێت بەبێ بەشداری کیێڤ و هاوبەشە ئەورووپییەکانی بەدەست بهێنرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif