گرەو لەسەر ئۆجەلان؛ پشتی پەردەی باسەکانی چەکدانانی گریمانەیی پەکەکە

ليست هناك تعليقات

زریان ڕۆژهەڵاتی
 
لەم رۆژانەدا گەلێک لایەن گرەو لەسەر پەیامێکی گریمانەیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەن لەبارەی چەکدانانی پەکەکە کە لە ئان و ساتدایە و دەشێ لە رۆژانی داهاتوودا بڵاوبکرێتەوە. ئەمە دەتوانێت لە مێژووی شەڕی 40 ساڵەی پەکەکە - تورکیادا ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان، هەرچەندە ئەستەمە رێگا بۆ چەکدانانی دەستبەجێ بکاتەوە. پەکەکە لە دوایین راگەیێندراویدا چرایەکی سەوزی بۆ پاڵپشتی لە بڕیارەکەی ئۆجەلان هەڵکردووە و گوتویەتی ئێمە خۆمان دەگۆڕین، بەڵام باسی لەوەش کردووە کە هەموو شتێک دەستبەجێ روونادات. بێگومان ئەم دۆخە دەتوانێت خاڵێکی دەستپێک بێت بۆ چەکدانان، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی داینامیکی ئاڵۆزی نێوخۆیی و دەرەکی تورکیا، ئەمە چەندەی مومکین بێت ئەوەندەش تێکەڵوپێکەڵە. پرسی چەکدانان یان بەردەوامبوونی پەکەکە ماتەوزەی کاریگەری دانانی لەسەر هاوسەنگییە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەیەکی فراوانتر لە تورکیای تێدایە لە رۆژئاوای ئاسیا کە لە دوای 7ـی ئۆکتۆبەر و کەوتنی بەشار ئەسەدەوە، لە پڕۆسەی گۆڕانێکی ریشەییدایە، بۆیە ناشێ تەنیا وەک بابەتێکی ناوخۆیی تورکیا هەژماری بکەین.


بانگەوازە گریمانەییەکەی ئۆجەلان و ئەنجامەکانی

هێشتا وادەیەکی فەرمی بۆ بانگەوازە گریمانەییەکەی ئۆجەلان نییە کە چاوەڕواندەکرێت لە رۆژێکی مانگی شوباتدا بکرێت. واش دیارە کە سەرەڕای هەبوونی هەندێک گرفت لە پرسەکانی رۆژئاوا، دۆخی ئۆجەلان و بابەتەکانی دیکەی وەک لێبوردنی گشتی یان داهاتووی پەکەکە لە دوای چەکدانانی گریمانەیی، زۆربەی لایەنەکان هاوڕان کە بانگەوازەکە هەر دەکرێت. بەمەش، لە پاش دەستگیرکرانی لە کینیا لە ساڵی 1999، ئەوە دەبێتە سێیەمین جار کە ئۆجەلان دەیەوێت پرسی شەڕ یان چەکدانانی پەکەکە یەکلا بکاتەوە. جارەکانی پێشوو هەوڵەکانی ئەو سەریان نەگرت، بەڵام پرسیارە ملیۆن دۆلارییەکەی ئێستا ئەوەیە کە ئەمجارە چی لێدەکەوێتەوە؟

لە پاش گیرانی لە ساڵی 1999، ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد لە سنورەکانی تورکیا بکشێتەوە. ئەو کات بەشێک لە ئەندامانی پەکەکە بە تایبەت لە دێرسم (تونجەلی) داواکەیان رەتکردبووەوە. سەرەڕای ناڕەزایی بەشێک لە سەرکردەکانی پەکەکە، دواجار رازیبوون. بە گوتەی سەرچاوەیەکی باڵای دیپلۆماتی عێراق، زۆربەی ئەندامەکانی ئەو رێکخراوە بە رێککەوتنێکی نێوان تورکیا، مام جەلال و پەکەکە بەرەو قەندیل کشانەوە.

بڕیارەکەی ئۆجەلان لەو قۆناخەدا تاوەکو ڕادەیەکی زۆر پێکدادانی چەکداری و توندوتیژی سیاسی لە نێوان پەکەکە و تورکیا سنووردار کرد، بەڵام هەموو شتێکی رانەگرت. بەپێی داتای کات و شوێنی توندوتیژییە رێکخراوەکانی UCDP، لە ماوەی 5 ساڵی پێش گیرانی ئۆجەلاندا لە 1994- 1998، بەشێوەیەکی گشتی 2,881 رووداوی توندوتیژیی رێکخراو لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتدا روویداوە، بەڵام لە پاش بڕیارەکەی ئەو لە 1999، ئەو ژمارەیە لە نێوان 1999-2003ـدا بۆ 263 دانە دابەزیوە. هەروەها ژمارەی قوربانییەکانی شەڕیش لە 18,538 کەسی نێوان 1994-1998 بۆ 1,844 کەس لەم ماوەیەدا کەمی کرد. داواکارییەکەی ئەو بۆ گۆڕینی ناوی پەکەکە بەشێوەی کاتی- رواڵەتی کاریگەری دانا، بەڵام رێکخراوەکە بە کردەیی هەڵنەوەشێندرایەوە و بەردەوام بوو. هەڵبەت ئۆجەلان دەریخست کە سەرەڕای دوورییەکەی، هێشتا سەرکردە بێ رکابەرەکەی ئەو رێکخراوەیە. ئەم کاریگەرییە لە ماوەی نێوان 2024- 2008، هەروەها 2009- 2013ـشدا بەردەوام بوو. سەرەڕای ئەوەی کە ژمارەی پێکدادان و قوربانییەکان کەمێک زیادیان کردەوە.

هەوڵەکانی ئەو لە دانوستاندنەکانی ئۆسلۆ 2009-2011 و پرۆسەی ئاشتی لە ماوەی 2013-2014ـش سەرینەگرت. شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا لە شەڕێکی سنوورداری کەم ئاستەوە بۆ شەڕێکی گەورەتر گۆڕا کە ژمارەی قوربانییەکانیشیی زیادی کرد. لەماوەی نێوان 1989 -2015 دا ٩٧٪ـی کۆی تووندوتیژییەکانی نێوان تورکیا و پەکەکە لە سنوورەکانی تورکیا بوون، بەڵام لە ماوەی نێوان 2015 -2023 دا، پشکی تووندوتیژییەکانی هەردوولا لە دەرەوی سنوور لە 3٪ـوە بۆ 46٪ بەرزبووەوە. ژمارەی تووندوتیژییەکانیش لە369 دانەی نێوان 2009-2013ـوە بۆ 1908 دانەی نێوان 2015-2023 زیادی کرد و قوربانییەکانیش لە 1950 کەسەوە بۆ 6172 کەس زیادیان کرد. لەم قۆناخەدا، سەرەڕای ئەوەی کە ئۆجەلان هەر وەک سەرکردە کاریگەرەکەی پەکەکە مایەوە، بەڵام رووداوە سیاسییەکانی ناوخۆ و دەرەوی تورکیا دەریانخستبوو کە ئیدی ئەو بەتەنیا هەموو شتێک یەکلاناکاتەوە.

ئێستاش رایەدارانی تورکیا هیوایان بەوەیە کە پەیامە گریمانەییەکەی ئۆجەلان نەک تەنیا پرسی پەکەکە، بەڵکو گرێ کوێرەی هەسەدەشیان بۆ بکاتەوە. هێشتا نازاندرێت کە چ جۆرە "دانوستاندنێک" لە نێوان ئۆجەلان و دەوڵەت دا کراوە و دەکرێت، بەڵام سەرەڕای گوتاری فەرمیی دەوڵەت کە نکۆڵی لە هەبوونی دانوستاندن دەکات، هەرجۆرە بیرکردەنەوەیێکی ریالیستی، دەتوانێ رێی بەوە بگات کە ئەستەمە بێ هیچ رێککەوتن و ئامادەکارییەک ئەو پرسە یەکلایی ببێتەوە. ئەمە بێجگە لەوەی کە جیۆپۆلەتیکی نوێی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەتوانێ تەگەرەی گەورە بۆ ئەو خواستەی تورکیا دروست بکات.

داینامیکی نێوخۆیی و پرسی چەکدانانی پەکەکە

لەگوتەکانی هەریەک لە دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەگەرایی مەهەپە و هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیاوە بەڕوونی دیارە کە دۆخی ئێستای جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە فاکتەرێکی کاریگەرە لەوەی کە ئەنکەرە ئەمجارەش چاوی لە ئۆجەلان بێت بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی پەکەکە. بەلەبەرچاوگرتنی فاکتەری تەمەن، دەشێ ئۆجەلان دوایین هەل بێت بۆ ئەوەی تورکیا بە تێچوویەکی کەمی سیاسی و سەربازییەوە پرسی پەکەکە یەکلا بکاتەوە. ئەگەر بە قسەی کرا، ئەوە دەبێتە دووشەش بۆ تورکیا و ئەگەریش بە قسەی نەکرا، ئەوە بە ئەگەری زۆر دابەشبوونێک لە نێوان لایەنگرانی ئۆجەلان و ئەوانی دیکە دروست دەکات کە لە هەردوو بارەکەیدا وەک قازانجی خۆی تەماشای دەکات.

موراد قەرەیلان، یەکێک لە بەرپرسانی پەکەکە گوتویەتی کە ئەوان لەبەرامبەر باڵادەستی ئاسمانی تورکیا بەهۆی درۆنەوە، شێوازی تازەیان پێشخستووە و بێجگە لەیەک جۆری درۆن نەبێت، ئێستا توانای رووبەڕووبونەوەی هەموو جۆرەکانی دیکەی درۆنی تورکییان پەیدا کردووە و لە رووی تەکنیک و تەکتیکەوە خۆیان پێشخستووە. هەروەها دەکرێ بڵێن هاوشێوەی حەماس، سەرنجێکی زۆریان لەسەر شەڕی تونێل - ژێر زەوی داناوە، بەڵام هێشتا پێدراوێکی وا لەبەردەستدا نییە کە ئایا سەرەڕای بانگەوازەکەی ئۆجەلان، لە حاڵەتی گریمانەیی بەردەوامبوونی شەڕدا، ئەمە لە ئاستێكدا هەیە کە ئەنجامەکانی شەڕ بگۆڕێت یان نا.

لە راستیدا ئێستا بە بەراورد بە ساڵانی پێش گیرانی ئۆجەلان، پەکەکە گرفتێکی ئەمنیی گەورە نییە بۆ ناوخۆی تورکیا. بێجگە لە چەند کردەوەیەک لە ئەنقەرە، لە ماوەی 2021-2023دا 75٪ـی تووندوتیژی و پێکدادانەکانی پەکەکە - تورکیا لە دەرەوی سنوورەکانی ئەو وڵاتە بووە و بەکردەوە، شەڕ لەوێ بەرەو کەمی رۆیشتووە و جوگرافیای شەڕ گۆڕاوە، ئەمە بێجگە لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تورکیا لە نێوخاکی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوا کە تورکیا بە پاساوی پەکەکە کردوونی و کاریگەری گرنگی لەسەر پرسی کورد داناوە. هەڵبەت تورکیا درک بەوە دەکات کە سەرەڕای ئەم حاڵەی ئێستا، لەوانەیە دۆخی ناوچەکە رێگا بۆ شەپۆلێکی بەهێزتری شەڕ و پێکدادان بکاتەوە ئەگەر چارەسەرێک بۆ ئەو پرسە نەدۆزێتەوە. وەک لە هەڵسەنگاندنێکی پێشووتردا باس کرابوو، مۆدێلی ئیسرائیلی بۆ لاوازکردنی حەماس و حیزبوڵلا هەروەها مۆدێلەکەی ئێران بۆ پەراوێزخستنی موجاهیدینی خەڵق و حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات، هیوای تورکیای بۆ یەکلاکردنەوەی بابەتی پەکەکە زیاتر کردووە. جەخت کردنەوەی چەندبارەی تورکیا لەوەی کە پەکەکە یان بە قسەی خۆش چەک دادەنێت یان بە زۆر، بیرهێنەرەوەی هەمان ئەو مۆدێلەیە کە ئێستا ترەمپ لەبارەی "ئاشتی هەر بەزۆر" لە ئۆکراینا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پەیڕەوی دەکات.

تورکیا پێویستییەکی زۆری بە بازاڕی سووریای دوای ئەسەد بە تایبەتی لە پڕۆژەکانی بنیاتنانەوەی ئەو وڵاتە هەیە کە وا مەزەندە دەکرێت لە نێوان 250-400 ملیاری تێبچێت. ئەمەش هەواڵێکی خۆشە بۆ کەرتی بیناسازی تورکیا کە راستەوخۆ بە رێژەی 606٪ بەشداری لە کۆی بەرهەمیی نێوخۆیی ئەو وڵاتە هەیە، بەڵام ناڕاستەوخۆ تاوەکو 35٪ دەڕوات. کەرتێک کە بەهێزبوونەکەی هاوشانی بەهێزبوونی ئاکپارتی بووە لە سیاسەتی تورکیا و ئەوەش دەتوانێت خزمەتی سیاسەتی نێوخۆیی پارتی داد و گەشەپێدان بکات کە لە دوایین هەڵبژارداندا دەنگێکی زۆری لەدەست دابوو، بەڵام پێش هەموو پرۆژە گریمانەییەکانی، سووریا پیویستی بەوەیە کە کێشەی خۆی لەگەڵ هەسەدە یەکلا بکاتەوە.

لە ئاستی کەسیدا، لەوانەیە سەرۆککۆماری تورکیا لە دوای گوتارەکانی دەوڵەت باخچەلی، چانسێکی گەورەی پەیداکردبێت بۆ ئەوەی پرسی شەڕێکی40 ساڵە لە وڵاتەکەیدا چارەسەربکات. ئەمە بێجگە لەوەی کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر بابەتەکانی وەک گۆڕێنی دەستوور و پێگەی ئاکپارتی لە هەڵبژاردنی داهاتووش دابنێت و دەتوانێت لابردنی بەربەستێکی نێوخۆیی بێت بۆ ئەو شتەی کە لە ئایدیای جیۆپۆلەتیکی نوێی ئەنقەرەدا وەک "خەیاڵی تورکی" وێنا دەکرێت کە تێیدا دیمەنی تورکیای ئەم سەدەیە بە فراوانکردنی نفوزی ناوچەیی، گەشەپێدانی ئابووری و کۆتاییهێنان بە پێکدادانی چەکداریی ناوخۆیی نەخشێندراوە.

بۆ کەسێکی وەک دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەگەرایی مەهەپە، کە دەستپێشخەرییەکی بۆ کردنەوەی دەرگای رۆڵگێڕانی ئۆجەلان کرد، کۆتاییهاتنی شەڕ، واتای سەرکەوتن دەدات و دەتوانێت وەک "قارەمانێک" لە رای نەتەوەگەرایی تورکیدا خۆی وێنا بکات کە سەرەڕای مەترسییەکانی کەمکردنی دەنگی حیزبەکەی، ئامادەبووە دەستپێشخەرییەکی وەها بکات لە پێناوی ئەوەی کە خۆی وەک "بەرژەوەندی نەتەوەی تورک" ناوی دەبات. هەڵبەت هێشتا روون نییە کە ئایا نەخۆش کەوتنەکەی ئەم دواییەی دەوڵەت باخچەلی کە لە رۆژانی رابردوودا نەشتەرگەری دڵی بۆ کرا بە چ شێوەیەک کاریگەری لەسەر ئەم پرسە دادەنێت.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی بەندکراوی پەکەکە پێی ناوەتە تەمەنی 76 ساڵەی خۆی و لەوانەیە ئەمە یەکێک لە دەگمەنترین چانسەکانی بێت بۆ ئەوەی کە هەم لە زیندان بێتە دەر، هەمیش بەشێوەی کاریگەر بگەڕێتەوە بۆ ناو سیاسەت. لانیکەم بۆ 5 سەرکردەی کاریگەری پەکەکەش کە رێژەی هاوبەشی تەمەنیان لە سەرووی 70 ساڵە و بەشێوەی رێژەیی نزیکەی 40 ساڵە لە چیادان، ئەمە دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ گەڕانەوە، بەڵام دەتوانێت تەگەرەش بێت؛ بە تایبەت لەو روانگەیەی کە لە بەرامبەر چیدا چەک دابنێن! لێرە تەگەرەیەکی دیکە ئەوەیە کە هێشتا دیار نییە ئایا تورکیا لەبەرامبەر چەکدانانی پەکەکەدا سەبارەت بە پرسی کورد هیچ کرانەوەیەکی دیکە دەکات یان وەک ئەوەی کە باسی دەکرێت پێداگر دەبێت لەوەی کە "پرسێکی بە ناوی پرسی کورد نەماوە."

داینامیکی دەرەکی و کاریگەری جیۆپۆلەتیکی ناوچەیی لەسەر ئەگەری چەکدادانی پەکەکە

پێدەچێت ئەو ئایدیایە راست بێت کە دیدگای وەرچەرخان بۆ ئاسیا- پاسیفیک لە سیاسەتی ئەمەریکی دا لە دوای 7ـی ئۆکتۆبەرەوە وەک ئەوەی کە پێشبینی دەکرا سەری نەگرت و گۆڕانی تێدا دروست بووە. تاوەکو پێش 7ـی ئۆکتۆبەر باس باسی رۆیشتنی ئەمریکا بوو، بەڵام ئێستا ترەمپ نەک باسی رۆیشتن ناکات، بەڵکو باس لە خاوەندارێتیی پارچەیەک خاکی ئەم ناوچەیە دەکات کە بۆ 80 ساڵ ئەڕوات شەڕ و ئاژاوەی لەسەرە. لە رووداوەکانی پاش 7ـی ئۆکتۆبەری 2023دا، ئەمریکا بە بەهێزی لە پشتی ئیسرائیل وەستا و جارێکی دیکە وەک ئەکتەری سەرەکی لە ئەندازیارییە ئەمنییەکەی ناوچەکەدا رۆڵی گێڕایەوە. سەرکەوتنی ئیسرائیل لە رووی سەربازی لە شەڕی حەماس و حیزبوڵڵا، هەروەها بەهێزبوونی رۆڵی ناوچەیی تورکیا لە دوای رووخانی ئەسەد، ئەگەری فراوانبوونی رێککەوتنی ئابراهام، دەتوانێت لە ئاستێکی فراوانتردا رێگا لە باڵادەستی چین و روسیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگرێت و پێگەی ئەمریکا قایم بکاتەوە.

دوای ماوەیەکی درێژ، جارێکی دیکە بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئەمریکا و تورکیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نزیک بووەتەوە و بایەخی تورکیا، لە ئاسیای میانە، باشووری قەفقاسیا و ئەفریقا بۆ ئەمریکا زیاتر بووە. ئەوەش دەتوانێت کاریگەری لەسەر روانگەی ئەمریکی بۆ پرسی چەکدادانی پەکەکە و پرسی هەسەدەش دابنێت. بەڵام گرفتی تورکیا و ئیسرئیلیش دەتوانی تەگەرە بۆ ئەو نزیکبوونەوەیە دروستبکات. رەنگە باڵادەستی تورکیا هاوشانی سعودیە و قەتەر لە سووریای پاش ئەسەد بابەتێکی خراپ نەبێ بۆ واشنتن و بەوەش بە تیرێک، دوو نیشان بپێکێت: یەکەم رێگا لە بەهێزبوونەوەی نفوزی ناوچەیی ئێران دەگرێت کە دواجار دەچێتە خانەی خزمەتی رووسیا و چین. دووەمیش بەرژەوەندی هاوپەیمانەکانی دابین دەبێت.

ئەگەری دامەزراندنی دوو بنکەی سەربازی نوێی تورکیا لە ناوچە بیابانییەکانی نێوەڕاستی سووریا (بادیە) هاوشانی ئۆپەراسیۆنەکانی هەتەشە لە سنووری لوبنان، گەرەنتییەک دەدات بۆ رێگرتن لە بنیاتنانەوەی کۆریدۆرە وشکانییەکەی ئێران لە عێراقەوە بۆ سووریا بۆ زیندووکردنەوەی میحوەری موقاوەمە، بە بێ ئەوەی کە دەسەڵاتی شامیش زۆر بەهێز بێت. هەروەها دەتوانێت رێگە لە بەهێزبوونەوەی داعش بگرێت کە لە دوای کشانەوەی ئێران و گرووپە پرۆکسییەکانی، نەمانی چاودێری و هێرشی ئاسمانی رووسیا، دەرفەتێکی کەم وێنەی بۆ رەخساوە. تورکیا چەند جارێک ئەوەی راگەیاندووە کە ئامادەیە لە پرسی شەڕی داعش و بابەتی داعشە بەندکراوەکاندا، لەگەڵ ئەمریکا رێکبکەوێت کە بابەتێکی سەرەکیی هاوکاریی ئەمریکا و هەسەدەیە. کاتی خۆیشی لە 2019ـدا ترەمپ هەر لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاری کشانەوەی لە سووریا دابوو، بەڵام دواتر لە ژێر کاریگەری ناڕەزاییەکاندا پاشەکشەی لێکردبوو. ئا لێرەوە، ئەگەر پەیامەکەی ئۆجەلان کاریگەر دەربچێ و گوێی لێ بگیرێ، رەنگە ئەمریکا بتوانێ زەمینەی ئەوە خۆش بکات کە تورکیا و بەپرسانی هەسەدە بە ئاشکرا گفتوگۆ بکەن وەک ئەو رۆڵەی کە لە گفتوگۆی کۆبانێ - جۆلانی دا گێڕای.

وا دایارە ئیسرائیل بابەتی کورد زیاتر وەک کارتێکی گوشار و لە ئاستی گوتاردا لەبەرامبەر تورکیا بەکاردەهێنێت. هەرچەند مانەوەی پەکەکە و هەسەدە لە قازانجیدایە، چونکە بە ئەگەری زۆر بەهێزبوونی لە رادەبەدری تورکیا بژاردەیەکی باش نییە بۆی. ئیسرائیل لەماوەی شەڕی تورکیا- پەکەکەدا لەنێوان 1984-2022ـدا زیاتر لە 22 ساڵ پاڵپشتی تورکیای کردووە و ئەگەر دەرفەتی رێککەوتنی جیاوازتری بۆ بڕەخسێت، رێککەوتنی لەگەڵ ئەنقەرە پێ باش دەبێت، بەڵام دەکرێ چاوێکی لە قسەکانی ئۆجەلان بێت، تاوەکو بزانێت کە چی کاریگەرییەکی لەسەر دۆخی سووریا و هاوسەنگییە هێزدارییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا دەبێت.

بە ئەگەری زۆر جۆلانیش یەکێک لەوانەیە کە بەپەرۆشەوە چاوێکی لەوەیە بزانێ کاریگەری پەیامەکەی ئۆجەلان لەسەر سووریا چی دەبێت، ئەویش لەکاتێکدا یەکلاییکردنەوەی پرسی هەسەدە بە شەڕ دەتوانێت گرفتی بۆ دروست بکات هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە گوشارەکانی تورکیاش دەردەسەریی بۆ دروستدەکات. ئەو ئێستا لە باشوورەوە ڤیتۆیەکی رانەگەیێنراوی ئیسرئیلی لەسەرە بۆ یەکلاکردنەوەی تەگەرەی درووزییەکان و بەرەی باشوور. لە رۆژهەڵاتیشەوە بۆ پرسی هەسەدە ڤیتۆی ئەمریکای لەسەرە و لە باکووریشەوە گرووپە چەکدارەکانی نزیکی تورکیا گرفتن بۆی، کە لە ساڵانی رابردوودا لانیکەم سێ جار شەڕی یەکتریان کردووە. لە نێوەڕاستیش هەندێک گرووپی ئیسلامیی دیکە هەن کە بە ئاسانی ملی بۆ نادەن. لە راستیدا ئەو هێشتا دەسەڵاتی بەسەر هەموو سووریادا ناشکێت. سەرەڕای ئەو بانگەوازانەی گوایە هەموو گرووپە چەکدارەکان لە سوپای نوێی سووریادا جێ دەگرن، هێشتا هیچیان بە کردەییی چەکیان بەرنەداوە و لە سەر ئەرزی واقع هەریەکە و لە هەوڵی بەهێزکردنی پێگە و ناوچەی نفوزی خۆیدایە. چونکە بەشێوەیەکی سروشتی ئەوە واتای دەسکەوتی زیاتریان بۆ دەدات. بۆ نموونە لە شوێنیكی وەک غوتەی شەرقی ئەوەی دەسەڵاتی زۆرە جەبهەتولئسلامییەیە کە نزیکە لە سعودیە. هێشتا لە ناوچەکانی کەناری حومس و حەما کێشەی ئەمنیی زۆر هەیە و لە ناوچەکانی ساحل( بە تایبەت ناوچە عەلەوی نشێنەکان) ماتەوزەی دەرکەوتنی گرووپی چەکداری نوێ هەیە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە جۆلانی بەشێوەی رێژەیی تەنیا 25 هەزار جەنگاوەری هەیە کە دەتوانێ پشتیان پێ ببەستێت. ئەمەش ئەو دەردەیە کە جۆلانی هەیەتی: جوگرافیای زۆر و خەڵکی متمانەپێکراوی کەم بۆ بەڕێوەبردن. لەبەر ئەو هۆیەشە کە لەوانەیە جۆلانیش چاوی لە ئیمراڵی بێت تاوەکو بەشکەم پەیامەکەی ئۆجەلان کاریگەرییەک لەسەر دۆخی هەسەدە و پرسی مانەوەی پەکەکە لە سووریا دروست بکات و چارەسەری کێشەیەکی بۆ ئاسان بکات.

ئێرانیش چاوی لەوەیە کە بزانێ ئۆجەلان چی دەڵێت و چۆن لەگەڵ دەوڵەت رێککەوتووە. پرسی یەکەم بۆ ئێرانییەکان ئەوەیە کە ئەگەری کۆتاییهاتنی شەڕی 40 ساڵەی پەکەکە واتای بەهێزبوونی زیاتری تورکیای رکابەری دەدات. تاران نیگەرانە لە رۆڵی تورکیا لەباشووری قەفقاسیا و ئاسیای میانە و پێیوایە، ئەگەر پرۆژەی رێگەی زەنگەزۆر کە ئازەربایجان و نەخجەوان پێکەوە دەبەستێتەوە سەربگرێت، ئەو کاتە داڵانێکی( کۆریدۆر) تورکی- تورانی دروست دەبێت کە ئامانجەکەی داخستنی دەروازەکانی ئێرانە بەرەو ئەرمینا و لەوێشەوە بۆ ئەورووپایە. پەیوەندییەکانی تورکیا - ئەفغانستان و تورکیا و پاکستانیش چینێکی دیکە بە ترسەکانی ئێران لە زیادبوونی نفوزی ناوچەیی تورکیا زیاتر دەکەن، بەڵام ترسی هەرە گەورەی تاران لە سووریا و عێراقە. ئێران سەرووی 50 ملیار دۆلاری لە ساڵانی رابردوودا لە سووریا خەرج کرد، بەڵام هاتنی جۆلانی هەمووی بەبا دا و مەیدانی بۆ نفوزی ناوچەیی تورکیا خۆشتر کرد. ئەمە بێجگە لەوەی تورکیا خەریکە لە پرسی فەلەستینیشدا شوێنی ئێران لێژ دەکات کە زیاتر لە 40 ساڵە کاری بۆ دەکات. بەڵام لە هەموو ئەوانە گرنگتر ئەو نیگەرانییەیە کە لەوانەیە ئێران لە زیادبوونی رۆڵی تورکیا لە عێراق هەیبێت کە وەک دوایین سەنگەرێکی نفوزی ناوچەیی، بایەخی بۆ تاران زیاتر بووە و دەیەوێ بە هەرجۆرێک بێت دەستی پێوە بگرێت. ترسی ئێران - بەغدا لەوەی کە داواکارییەکانی کورد و سوننە زیاتر ببن، یان شەپۆلێکی دیکەی بەرەنگاربوونەوەی سووننی بە ڤێرژنێکی نوێی داعش یان ئەلقاعیدەوە سەرهەڵبداتەوە، مەتەڵێکی ئەمنی - سیاسی نوێی بۆ تاران دروستکردووە. هەڵوێستی سوننەکان سەبارەت بە راگرتنی یاسای لێبوردنی گشتی و دواتر پاشەکشەی دادگای فیدراڵی لە بڕیارەکەی، نیشانەیەکی ئاشکرای ئەم قۆناخە تازەیەی عێراقە. بۆ ئێران بابەتی پەکەکە تەنیا فاکتەرێک نییە کە لە باڵانسی هێزدارییەکەی خۆیدا لەگەڵ تورکیا بەکەڵک بێت، بەڵکو پرسی ئاسایشی سنووریشە. بە درێژایی ساڵانی رابردوو مانەوەی پەکەکە لە قەندیل و ناوچە سنوورییەکان وەک بەربەستێک لە بەردەم جێگیربوونی گرووپی چەکداری نەیاری تاران لەو ناوچە سەختە شاخاوییەکان دەوری گێڕاوە کە ئەستەمە بە هێزێکی دەوڵەتی کۆنترۆڵ بکرێت. ئەمە بێجگە لەوەی کە ئەگەر تورکیا لە دوای چەکدانانی پەکەکە کرانەوەیەکی کوردی بکات ئەوسا تارانیش ناچار دەبێت لەبارەی پرسی کوردەوە هەنگاوێک بنێت کە تاوەکو ئێستا خۆی لێ بواردووە.

لەلایەکی دیکەوە کارتی کوردی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پرۆژەی تورکی وەک بابەتێک لە ناوخۆی ئێران قسەی لەسەر دەکرێت، بەڵام ئەمە چەندە سەرنجڕاکێش بێت، ئەوەندەش بۆی مەترسیدارە. ئێران لە ماوەی ساڵانی نێوان 1986-1991، هەروەها لە ساڵی 1995، 1997 و دواجاریش لە ساڵی 1999 دا بە شیوەیەکی کاریگەر لە دژی تورکیا یارمەتی پەکەکەی داوە، بەڵام ئێستا ئەو کارە وەک جاران ئاسان نییە. لە ماوەی رابردووشدا هاکان فیدان بەشێوەیەکی راشکاوانە داوای لە تاران کرد کە پاڵپشتی پەکەکە - هەسەدە نەکات و گوتی خۆ ئێمە یارمەتی نەیارەکانی ئێران نادەین! ئەمەش لەوانەیە لە تاران بەوجۆرە وەرگێڕانی بۆ بکرێت، کە ئێمەش یارمەتی نەیارەکانت دەدەین ئەگەر لە سیاسەتی خۆت بەردەوام بیت. بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا دەزانێت ئەگەر ئێران سوور بێت لە یارمەتیدانی پەکەکە - هەسەدە، دەتوانێت سەرئێشەی گەورەی بۆ دروست بکات، بۆیە هاوشانی ئەوە، فیدان سەردانی بەغدای کرد تاوەکو دڵنیایی بداتە شیعەکانی عێراق کە پاڵپشتی لە کورد و سووننە ناکات ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت. ئیبراهیم کاڵن راوێژکاری دەزگای هەواڵگری تورکیاش چووە تاران تا لەسەر "پرسی ئەمنی" رێکبکەون!

بە ئەگەری زۆر ئێران پێی خۆش نابێ پەکەکە چەک بەربدات و ناڕاستەوخۆ هەوڵدەدات ئەوە سەرنەگرێ، بەڵام لەم دۆخەدا خۆیشی رووبەڕووی تورکیا ناکاتەوە. چونکە هەم بارەکەی لە عێراق لەنگە، هەمیش هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە ترەمپ سزاکانی سەر ئێرانی گەڕاندووەتەوە و هەوڵدەدات بە یارمەتی سێ وڵاتە ئەوروپییەکەی دانوستاندنی ئەتۆمی، سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش بۆ سەر ئێران بگەڕێنیتەوە، بۆیە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستی بە دراوسێیەکی وەک تورکیا دەبێت. هەڵبەت ئەگەر دۆخەکە بەرەو شەڕ بڕوات، یان هیزێکی وەک چین و رووسیاش یارمەتیی بدەن، بە ئەگەری زۆر ئێران سڵ ناکاتەوە لەوەی کە لە دژی تورکیا یارمەتی پەکەکە بدات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif